[center]
(زیاد ئەسعەد ) چاوەڕێى مردنە !!
( نامەیەک بۆ زیاد ئەسعەد پێش مردنى )
هەموومان مەرگى لەناکاو و پێشوەختەى کاکە ( ئەردەڵان) ڕایچڵەکاندین و تاساندینى،کە وەک کارەساتێکى هونەرى هەژمارى دەکەم ،چونکە نەمانى هونەرمەندێک واتا کوژانەوەى حەزى جەماوەر کە ئیتر گوێى لە بەرهەم و نەغمەیەکى نوێى ئەو هونەرمەندە نابێتەوە.ئەو کاتە زۆرێک لە هونەرمەندان پەیام و پرسەى سەرەخۆشیان بڵاوکردەوە ، هەریەک بە جۆرێک هاوخەمى و پەرۆشى خۆى دەردەبڕى ،بەڵام ئەوەى زۆر کارى تێ کردم و لە ناخەوە هەژاندمى ، نامەکەى کاکە ( زیاد ) بوو، کە زیاتر لە ( وەسیەتنامە)یەکى کورت دەچوو، نەک ( پرسەنامە) !! ئەو جۆرە وەسیەتنامانەى کە کەسانێکى تەواو بێزار لە ژیان بە چەند دێڕێک بۆ ئازیزانیان دەینوسن و دواتر دەست بەجێ خۆیان دەکوژن .
ئەوەى ئەم پەیامەى ( زیاد )ى خوێندبێتەوە ئەوا لە ئازارو خەم و بێزارى ئەم مرۆڤە گەورەیە دەگا،گریانت دێت مرۆڤێکى هێندە جوان لە ناخدا،هێندە پاک، هێندە بە ئیحساس و بە ویژدان ، هێندەو هێندەى تر ....ئاوا نا ئومێدەو بێزارە،ئاوا عەوداڵى مردن و مەرگ بێت،هێندەش مەستە بەو مردنە دورە ووڵاتییەى هێندە بە ئاگا نیە بۆ گەرانەوەى بۆ کوردستان.
ئەو زۆر بە ئاشکرا بە ئەردەڵانى جوانەمەرگ دەڵێ ڕەنگبێ منیش دواى تۆ یەکەم کەس بم کە لاشەکەم ببەنەوە کوردستان. ( زیاد ) بێزارى و هیچ لەبارى بۆ ئەم ژیانە نیشان دەداو هەرگیز خەم لە بەیانیش ناخوا ،بیر لە جوانە مەرگى خۆى دەکاتەوە. ئەگەر دەروونناسێک ئەم نامەیەى کاکە ( زیاد ) زیاتر و زانستیانە لە ڕووى دەرونیەوە شى بکاتەوە ،زۆر لەم لێکدانەوەیەى منى لێ هەڵدەهێنجێ .
بە داخەوە ( مەلیکى گۆرانى کوردى ) خەیاڵ بە مردنەوە دەکا ، کە لە دنیادا مەلیکەکان شەڕى مانەوەو گەنجیەتى و نەمردنیان کردووە، هەر لە ئەفسانەکانەوە بگرە تاوەکو باسە ڕاستەقینەییەکان،هەمیشە مەلیکەکان هێندە خۆیان بە مەزنى نیشان داوە تا ئەو ڕادەیەى خۆیان کردووە بە (خوا) تا بڵێن ئێمە نامرین و ئەبەددیەت ناونیشانمانە.
ئیتر ئەمە نهێنیەکى تایبەتى ژیانى ( زیاد )ە کە خۆى ئەیزانێ و واى لێ کردووە لە جیاتى مژدانەى گەڕانەوە و سەفەرکردنى بۆ کوردستان،خۆى بە دووەم کەس دابنێت دواى (ئەردەڵان) کە مەیتەکەى بگەڕێتەوە کوردستان.تکا لە هەموو ئەو کەس و بەڕێزانە دەکەم کە نزیک و خەمخۆرى کاکە زیادن،هەرچى زووە هەوڵى ڕازیکردن و سەفەرپێکردنەوەى بدەن،قایلى بکەن بێتەوە لامان ،تا جارێکى تر هەناسەى بە خاک و نیشتمان شادبێتەوە ، تا بە زیندوویى بۆنى (گۆڕى دایکى ) بکاتەوە، با ڕوحى بە خاکى نیشتمان شادبکاتەوە،با پێکەنینە پڕ بەرائەتەکانى بە عاشقانى بداتەوە،با نەمرێت و بە زیندوویى کەرنەڤاڵێک بە ناو قەڵات و گەڕەک و کوچەو کۆڵانەکانى شار سازبکاو ڕاپێچى گۆڕستانمان نەکا ، با نەبێتە کەسەرێک لەسەر دڵى گەنج و لاوە بێنازەکانى ئەم ووڵاتە بێ ڕووحە، لێمان مەبە بە خەونێک قەت نەیە دى ، وامەکە بمریت و ناحەزانت فرمێسکى تیمساحیت بۆ بڕێژن و وەرەوە وا نەوەیەک چاوەڕێتەو خەون بە زیادەوە ئەبینێت،زیادێَک ئومێدى پێ ببەخشێت نەک نوقڵانەى مەرگ،نەوەیەک عاشقەو چاوەڕێ ى عاشقێکى دڵ شکاوى وەک خۆیان دەکەن تا سەبوریان پێ بێت،نەک تۆ بڕیارى نەمان و مردن بە گوێیان د ا بچرپێنى،،،تکایە مەبە بە ئاخ،مەبە بە داخ ،،،ئەگەر دایکى تامەزرۆ بە بۆن و باوەش و ناوت پێش سەرە مەرگى گەردنى تۆى ئازاد کردبێ ئەوا گەنجى کوردستانەکەت ئازادى ناکەن تا نەیەیتەوە بۆلایان
د.شوان ئازاد
جهبار شێخانی [/center]