[size=24]كوڕێكی تورك و كچێكی ئەفغانی بە كوردی خۆشەویستی دەكەن [/size]
رووداو - هەولێر
كچەكە هاوار دەكا و بە كوڕەكە دەڵێ "من تۆم زۆر خۆشدەوێ"، كوڕەكەش بە تۆنێكی نەرمترەوە دەڵێ "من زۆرتر". رەنگە ئەمە لەسیناریۆیەكی دووبارەی فیلمێكی كوردی بچێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەوە چیرۆكی راستەقینەی پێوەندیی نێوان دوو كەسی بیانییە لە كوردستان.
هیچ كام لەو دووانە زمانی ئەوی دیكە نازانێ، بۆیە ئەو دوو خۆشەویستە بە زمانی كوردی، قسە دەكەن.
سارا موجەدیدی كچێكی ئەمریكییە و بە رەگەز ئەفغانە، بەڵام سەلجووك سیگنچ، توركە و خەڵكی ئیستەنبولە. ئەوانە دوو مانگە لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بوونەتە خۆشەویستی یەكتری و بەنیازن ژیانی هاوسەری پێكەوەبنێن، بەڵام دوای ئەوەی زیاتر سەقامگیر بوون و زیاتر لە یەكتری گەیشتن. هەردووكیان پێش ئەوەی بێنە كوردستان دووچاری زۆر كێشە بوونەتەوە.
سارا موجەدیدی، 25ساڵ، ماوەی چوار ساڵە لە هەرێمی كوردستان دەژی و بەشێوەیەكی نائاسایی ئەمریكای جێهێشتووە.ئەو بەبێ ماڵئاواییكردن لە خێزانەكەی، ئەو وڵاتەی بەجێهێشتووە. ئەو لەدەست "كولتووری داخراوی ئەفغانییەكان" لە شاری ڤێرمۆنت لە ویلایەتی كالیفۆرنیا "رایكردووە". ئەو شارەی ئەمریكا بە "كابوڵی بچووك" ناسراوە، لەبەرئەوەی ژمارەیەكی زۆر ئەفغانی لێ دەژین.
ئەو بەدەنگێگی خەمبارەوە دەڵێ "گەورەبوونم وەك منداڵێكی ئەفغانی-ئەمریكی زۆر سەخت بوو". سارا دەڵێ "نەمدەتوانی بەشداری ئاهەنگەكانی قوتابخانە بكەم، یان سەردانی هاوڕێكانم بكەم و بچمە دەرێ. دەبوایە چیرۆكی گەشتی خەیاڵاویم دروست بكردایە، كە گوایە دەچمە واشنتن بۆ بەڕێوەبردنی مێزگردێك، بەڵام لە راستیدا بۆ شاری لاسڤەیگس دەچووم و لەوێ كاتێكی خۆشم لەگەڵ هاوڕێكانم بەسەردەبرد". ئەو بە درۆی چوونە كتێبخانە، لەگەڵ هاوڕێكانیدا دەچووە بازاڕ "من زیندانی بووم".
وادیاربوو لێدانی بە قایش بەس نەبوو، لەبەرئەوە لەساڵی 2004 لەلایەن دایك و باوكییەوە رەوانەی ئەفغانستان كرایەوە بە مەبەستی "هۆشیاركردنەوەی لەوەی كە بە رەگەز خەڵكی كوێیە"، بەڵام سارا دەڵێ "ئەوە راست نەبوو".
ئەوان دەیانویست ناچاری بكەن شوو بە ئامۆزایەكی بكات كە هەرگیز نەیدیتبوو. سارا دەگێڕێتەوە "ئامادە نەبووم ئەوە بكەم، لەبەرئەوەی زۆر جیاوازبووین. بیركردنەوەی من زۆر جیاوازبوو لەگەڵ ئەوان. كە لە كالیفۆرنیاوە چوومەوە ئەفغانستان، ناچاربووم ماوەی مانگێگ عەبا بپۆشم".
كاتێك رازی نەبوو شوو بە ئامۆزاكەی بكات، نێوی بنەماڵەكەیان لەنێو كۆمەڵگەی ئەفغانیدا لەكەداربوو. بۆیە كە گەڕایەوە ئەمریكا، لە زانكۆی كالیفۆرنیا درێژەی بە خوێندن دا " بەناچاری هەر لە كۆمەڵگەی زانكۆدا دەمامەوە". بەڵام كە لەوێش هەستیكرد ژیانی لە مەترسیدایە بڕیاریدا بە دوای كارێكدا بگەڕێت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، لەو ژیانە داخراو و نەریتە "رابكەم". لە ماوەی دوو هەفتەدا،لە لایەن كۆمپانیایەكی گەورەی كوردستانەوە داواكرا، بەڵام ئەو وایزانیبوو كارەكە لە كازاخستانە.
ناوبراو باسی ئەو كاتە دەكات و دەڵێ " لەگەڵ گەیشتنم بە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، سەرم سوڕما و شۆك بووم كاتێك زانیم لە عێراقم و لە كازاخستان نیم".
سارا موجەدیدی لە سەنتەری سپیدی هەولێر (سەنتەری پێشبڕكێی ئۆتۆمبێلی بچووك لە هەولێر)، وەكو مامۆستا دەستی بە كار كرد. دەڵێ لە سەرەتادا زۆر دەترسا بچێتە دەرەوە، لەبەرئەوەی ترسی هەبوو بەر تەقینەوە بكەوێت، یاخود بیڕفێنن. هەروەها دەڵێت " لەبەرئەوەی لەنێو بنەماڵەیەكی ئایینی گەورە ببووم و بەبێ رەزامەندی باوانم هاتبووم، لەسەرەتادا زۆر دەترسام".
پاشان ژیانی لە هەولێر بەرەو خۆشی دەڕواو دەست دەكات بەبنیادنانی داهاتووەكەی، كە ئێستا چیرۆكێكی رۆمانسیشی تێكەوتووە.
سەلجووك سیگنچ،27 ساڵ، ئەندازیاری دەنگە لە كەناڵ 4 لە هەولێر و هاموشۆكارێكی بەردەوامی سەنتەری سپیدە، ئەو دەڵێ یەكسەر "هەستێك"ی لەلا پەیدابوو بەرامبەر بە سارا. سەلجووك لەوبارەیەوە گوتی"لە یەكەم بینیندا خۆشمویست، بەڵام لەسەرەتادا سارا ئەوەندە گرنگی پێنەدام و نەیدەویست قسەم لەگەڵ بكات".
ساراش لەبارەی یەكەم بینینی سەلجووكەوە گوتی "هەموو شەوێك دەهات بۆ بینینم و لەسەرەتادا زۆر بێزاری كردبووم".
بەهۆی رابردووە ناخۆشەكەی و بڕوانەكردنی بە پیاوان، سارا هێشتا ئامادەنەبوو پەیوەندی خۆشەویستی دەست پێ بكات. بەڵام پاشتر هەستی سارا بەرامبەر بە سەلجووك گۆڕا "دوو مانگ لەمەوپێش كاتێك سەلجووك هات بۆ ئاهەنگی جەژنی لەدایكبوونم، كوڕێكی زۆر چاك دەرچوو. زۆر گەڵای چا و چای ئامادەكراوی بۆ هێنام، لەبەرئەوەی دەیزانی زۆر حەزم لە چایە، ئەمەش بیروبۆچوونمی گۆڕی و پەیوەندییەكەمان دەستی پێكرد".
ئێستا ئەو كەپڵە دوو مانگە پێكەوەن و یەكێكیان زۆر پەلەیەتی بۆ ئەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجامبدەن. لەوبارەیەوە سارای دڵخۆش گوتی" سەلجووك دەیەوێ ئەمڕۆ بمهێنێت، بەڵام نامەوێت ئەوەندە پەلە بكەین، جارێ دەبێ دڵنیا بین لە هەموو شتێك و هەندێكیش خۆم گران بكەم!".
گەورەترین لەمپەر لەبەردەم ئەو پەیوەندییە رۆمانسیەدا زمانە. نە سارا دەزانێ بە توركی قسە بكات و نە سەلجووكیش ئینگلیزی دەزانێ، بۆیە هەردووكیان بە كوردییە شكاوەكەیان قسە دەكەن، دەڵێن" دەبێ بە كوردی قسە بكەین".
سەلجووك كە توركە، هیچ كێشەیەكی نییە بە كوردی قسە بكات. سەلجووك دەڵێ "ئێستا كرانەوەیەك بەرامبەر بە كورد لە توركیا هەیە و لە پێنج ساڵی داهاتوودا ئەمەش قبوڵ دەكرێت و هەتا ئەگەر منداڵیشمان بوو ناوی كوردی لێدەنێین وەكو ڤیان و ئادەم".
لەبارەی داهاتووشیانەوە لە عێراق، ئەو دوو خۆشەویستە هیچ پلانێكیان نییە بەمزووانە بەجێی بێڵن، سارا گوتی "بۆ پێنج ساڵی دیكە لێرە دەمێنمەوە و هەندێ پارە كۆدەكەمەوە، بۆ ئەوەی پشت بە خۆم ببەستم و نامەوێ پشت بە پیاو یاخود هیچ كەسێكی دیكە ببەستم، لەبەرئەوەی نازانی لە داهاتوودا چیت بەسەردێت".
لە هەمانكاتدا سەلجووك دەڵێ ئامادەیە بچێتە هەر شوێنێك كە خۆشەویستەكەی حەزی لێدەكات و دەڵێ "هەرگیز بەجێی ناهێڵم". لەوكاتەدا سارا قسەكانی سەلجوك دەپچڕێنێت و دەڵێ" ئێستا من كەسێكی ئازادم و بۆ دواجار هەستدەكەم كە مرۆڤم. ئێرە ئازادی و خۆشەویستی بۆ دابینكردم و هەتا دەتوانم لەم وڵاتە دەمێنمەوە".