كێشەی قوتابییە دووساڵەكانی پۆلی دوازدە چارە دەكرێت
قوتابیانی قۆناغی دوازدەیەمی ئامادەیی لە كاتی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەدا.هەولێر
دەنگۆی گۆڕینی مەنهەجی خوێندنی پۆلی دوازدە، قوتابییە دووساڵەكانی ساڵی داهاتووی نیگەران كردووە و، بۆ نەهێشتنی نیگەرانییەكانی قوتابیانیش، وەزارەتی پەروەردە بڕیاری پێڕۆكردنی دوو سیستمی خوێندنی كۆن و نوێی لە ساڵی داهاتووەوە داوە، بەو پێیەیش قوتابییە دووساڵەكان مەنهەجی كۆن و قوتابییە یەكساڵەكان مەنهەجی نوێ دەخوێنن.
گۆڕینی مەنهەج
بڵاوبوونەوەی دەنگۆی گۆڕینی مەنهەجی پۆلی دوازدەی بەشی زانستی، هەر لە ئێستاوە نیگەرانی لای ئەو قوتابیانە دروست كردووە كە بە ئومێدی هێنانی نمرەی بەرزتر، خۆیان بۆ ساڵی خوێندنی 2010-2011 هێشتووەتەوە.
لەو بارەیەوە، قوتابی (مەسعوود عەبدوڵڵا) كە لە پۆلی شەشەمی زانستییە، بۆ “هەولێر” باسی لەوە كرد كە ئەو تووشی شۆك بووە، چونكە بە هیوای بەرزكردنەوەی نمرەكانی و خستنەگەڕی هەوڵێكی زیاتر، خۆی بۆ ساڵی داهاتوو هێشتووەتەوە. گوتیشی: “من بە هیچ شێوەیەك چاوەڕوانی گۆڕینی مەنهەجم نەكردووە.” بە بڕوای ئەو قوتابییە، دەبووایە لە سەرەتای ساڵی خوێندنی 2009-2010ـدا، لە گۆڕینی مەنهەجەكە دڵنیایان بكردانایەوە، تا هەنووكە تووشی دڵەڕاوكێ نەبوونایە.
دووساڵەكان پۆلی جیایان بۆ دەكرێتەوە
بە مەبەستی دڵنیاكردنەوەی قوتابیان، بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەكان لە وەزارەتی پەروەردە مامۆستا (ئاراس)، لێدوانێكیدا بۆ “هەولێر”، ئاشكرای كرد كە ئەو قوتابیانەی خۆیان هێشتووەتەوە، لە ساڵی خوێندنی 2011-2012ـدا هەمان مەنهەجی ئەمساڵیان دەخوێننەوە، بەڵام قوتابییە یەكساڵەكان بە هەردوو بەشی زانستی و وێژەییەوە مەنهەجی نوێ دەخوێنن.
سەبارەت بە چۆنیەتیی پێڕۆكردنی سیستمی دوو مەنهەجی، بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەكان ڕوونی كردەوە كە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەكان و قوتابخانەكان، بە هەماهەنگی یەكدی ئەو كارە ئەنجام دەدەن. گوتیشی: “قوتابییە دووساڵەكان پۆلی جیایان بۆ دەكرێتەوە.”
مەنهەجە گۆڕاوەكانی ساڵی داهاتوو
بەڕێوەبەری ئامادەیی (هەڵكەوت) لە سنووری پەروەردەی سلێمانی مامۆستا (عەلی عەبدولحەمید)، ئەوەی خستە ڕوو كە دوێنێ ڕێنمایی تایبەت بە چۆنیەتیی پێڕۆكردنی سیستمەكەیان پێ گەییشتووە و گوتی: “مەنهەجی هەردوو بەشی زانستی و وێژەیی لە ساڵی داهاتوودا دەگۆڕێت.”
هەر لەو نێوەندەدا، مامۆستا (ئاراس) هێمای بۆ ئەوەكرد كە لە هەردوو بەشی زانستی و وێژەیی و لە سەرتاسەری هەرێمدا، ماددەكانی (بیركاری، كیمیا، زیندەوەرزانی) دەگۆڕدرێن. ئاشكرایشی كرد كە لە سنووری پەروەردەی سلێمانیدا، پڕۆگرامی (ئینگلیزی) ناگۆڕدرێت، بەڵام لە هەولێر و دهۆكدا پڕۆگرامی ئینگلیزیی نوێ دەخوێندرێت.
نمرەی قوتابیان لە ئاستی چاوەڕوانییەكاندا نەبوو
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، (مەسعوود) ئاماژەی دا كە ڕێژەیەكی بەرچاوی قوتابیان ئەمساڵ بەو نمرانە ڕازی نین كە بۆیان هاتووەتەوە، چونكە نمرەكانیان كەمترە لەوەی كە چاوەڕوانی بوون.
مامۆستا (عەلی عەبدولحەمید)، پشتڕاستی كردەوە كە مامۆستایان هەمان تێبینیی قوتابیانیان دەربارەی كەمیی نمرەكان لە لا دروست بووە و گوتی: “ زۆربەی ساڵەكان ئەو تێبنییە هەبووە، بەڵام جێگەی سەرنجە ئەمساڵ تەنانەت ئەو قوتابیانەی مامۆستایان چاوەڕێی بەدەستهێنانی نمرەی بەرزیان لێ كردوون، نمرەكانیان لە ئاست چاوەڕوانییەكەدا نەبووە.” مامۆستا (عەلی)، پێیشی وابوو كە لیژنەی تاقیكردنەوەكان و كۆنتڕۆڵ، لەو مەسەلەیە بەرپرسن .
ههولێر :
سالار تاوەگۆزی