برای خۆشەویستم.. خوشكی بەڕێزم
یەكەكێك لە گەورەترین نیشانەكانی لێبوردەیی و لێخۆشبویی خوای مەزن ئەوەیە: دوای ئەنجامدانی تاوانەكە و پێش نوسینی لە لەلایەن فریشتە بەڕێزەكانەوە، ماوە و مۆڵەتێكی پێداوین تا پەشیمان ببینەوە و نەنوسرێت لە سەرمان، هەروەك پەیامبەری خوا صلى الله عليه وآله وسلم دەفەموێت: [إِنَّ صَاحِبَ الشِّمَالِ لِيَرْفَعُ الْقَلَمَ سِتَّ سَاعَاتٍ عَنِ الْعَبْدِ الْمسْلِمِ الْمخْطِئِ أَوِ المْسِيءِ، فَإِنْ نَدِمَ وَاسْتَغْفَرَ الله مِنْهَا أَلْقَاهَا، وَإِلا كُتِبَتْ وَاحِدَةً] رواه الطبراني في الكبير والبيهقي في شعب الإيمان وحسنه الألباني.
واتە: ((فریشتەی دەستە چەپ بۆ ماوەی شەش سەعات -سات- قەڵەم لەسەر ئەو موسڵمانە هەڵدەگرێت كە تاوانێك یان خراپەیەك ئەنجام ئەدات، جا ئەگەر پەشیمان بوەوە و داوای لێخۆشبونی لە خوا كرد ئەوە لەسەری ناینوسێت، وەگەرنا بە یەك خراپە دەنوسرێت)).
ئەو سەعاتەش پێدەچێت ئەم سەعاتە گەردونیە بێت كە لای هەموان مەعلومە، پێشدەچێت ماوەیەكی كەم بێت لە شەو یان لە ڕۆژدا.
هەروەها مۆڵەتێكی تریشی پێداوین، ئەویش دوای نوسین و پێش مردنە.
بەڵام كارەساتەكە لەوەدایە: زۆرێك لە خەڵكی ئەم زەمانە ڕێز لە خوای مەزن ناگرن، بە شەو و ڕۆژ بە جۆرەها تاوان و سەرپێچی ڕوبەڕوی خوای مەزن دەوەستنەوە، تەنانەت هەندێكیان زۆر بە كەم تەماشای تاوان دەكات، هەندێك خراپە هەر بە تاوان نازانێت، ئەڵێت:
جا تەوقەكردن لەگەڵ ئافرەتی نامەحرەم چی تێدایە؟! ئەڕوا تەماشای هەرچی حەرامە دەكات لە فیلم و موسەلسەل و گۆڤار و ڕۆژنامە خراپەكان؟! هەندێكی تریان ئەگەر زانی شتەكە حەرامە، دەپرسێت: چەندێك حەرامە؟! تاوانێكی گەورەیە یان بچوكە؟!
جا كە حاڵی ئەو ڕۆژگارەی خۆمانت زانی تەماشای حاڵی سەلەفی صاڵەح و پیاوچاكانی دوای ئەوان بكە:
وەك لە صەحیحی بوخاریدا هاتووە لە ئەنەسی كوڕی مالیكەوە، فەرمویەتی: [إِنَّكُمْ لَتَعْمَلُونَ أَعْمَالًا هِيَ أَدَقُّ فِي أَعْيُنِكُمْ مِنْ الشَّعَرِ إِنْ كُنَّا لَنَعُدُّهَا عَلَى عَهْدِ النَّبِيِّ صَلَّى الله عَلَيْهِ وآله وَسَلَّمَ مِنْ الموبِقَاتِ]
واتە: ((بەڕاستی ئێوە هەندێك ئیش دەكەن لە تاڵە موو باریكترە لە پێش چاوتان، بەڵام ئێمە لە سەردەمی پەیامبەری خوادا صلى الله عليه وآله وسلم ئا ئەو جۆرە كارانەمان بە تاوانە لەناوبەرەكان دەزانی)).
هەر لە صەحیحی بوخاریدا هاتووە لە عەبدوڵڵای كوڕی مەسعودەوە، فەرمویەتی: [إِنَّ الْمُؤْمِنَ يَرَى ذُنُوبَهُ كَأَنَّهُ قَاعِدٌ تَحْتَ جَبَلٍ يَخَافُ أَنْ يَقَعَ عَلَيْهِ، وَإِنَّ الْفَاجِرَ يَرَى ذُنُوبَهُ كَذُبَابٍ مَرَّ عَلَى أَنْفِهِ فَقَالَ بِهِ هَكَذَا]
واتە: ((ئیماندار -ئەوەندە بە گەورە لە تاوانەكانی دەڕوانێت-، تاوانەكانی وەك شاخێك دەبینێت بەسەر سەریوە، هەمیشە دەترسێت داڕمێت بە سەریا، بەڵام فاجر و خراپەكار -ئەوەندە بە بچوك لە تاوانەكانی دەڕوانێت-، تاوانەكانی وەك مێشێك تەماشا دەكات بەلای لوتیدا تێپەڕێت، بە دەستەكانی ئاوهایەكی لێبكات)).
جا هەركەسێك دەیەوێت لە ئیماندارە ڕاستەقینەكان بێت، ئەبێت لە تاوانەكانی بترسێت و زۆر وریاییان لێبكات، بە كەم و سوك تەماشایان نەكات، نەوەك بە هۆیەوە خوای دادگەر و كارساز سزای بدات.
بەڵێ ئیمانداری ڕاستەقینە زۆر بە گەورە تەماشای تاوان دەكات، لە خوای مەزن دەترسێت، بەڵام فاسق و فاجر زۆر گوێ بە تاوان نادات و بە كەم تەماشای دەكات. خوای مەزن بە فەزڵ و لوتف و كەرەمی خۆی لە ئیماندارە ڕاستەقینەكانمان بگێڕێت.
لە هەموو ئەمانەش ترسناكتر: ئەو فەرمایشتە پیرۆزەی پەیامبەری خوایە صلى الله عليه وآله وسلم كە لە موسنەدی ئەحمەددا هاتووە بە سەنەدێكی صەحیح، لە سەهلی كوڕی سەعدەوە: [إِيَّاكُمْ وَمُحَقَّرَاتِ الذُّنُوبَ، فَإِنَّهُنَّ يَجْتَمِعْنَ عَلَى الرَّجُلِ حَتَّى يُهْلِكْنَهُ، فَإِنَّ مَثَلَ مُحَقَّرَاتِ الذُّنُوبِ كَمَثَلِ قَوْمٍ نَزَلُوا بِبَطْنِ وَادٍ، فَجَاءَ ذَا بِعُودٍ وَذَا بِعُودٍ حَتَّى جَمَعُوا مَا أَنْضَجُوا بِهِ خُبْزَهُمْ، وَإِنَّ مُحَقَّرَاتِ الذُّنُوبِ مَتَى يُؤْخَذْ بِهَا صَاحِبُهَا تُهْلِكْهُ] . واتە: ((ئامان وریای تاوانە وردەكان بن -ئەو تاوانانەی كە بە كەم تەماشا دەكرێن و گوێیان پێنادرێت-، چونكە بەرە بەرە لەسەر خاوەنەكەی كۆ دەبنەوە تا لە ناوی دەبەن، - پاشان پەیامبەری خوا صلى الله عليه وآله وسلم نمونەیەكمان بۆ دێنێتەوە لە بارەی مەترسیداری تاوانە وردەكان و ئەفەرموێ- بەڕاستی نمونەی تاوانە وردەكان وەك خەڵكانێك وایە لە نێو جەرگەی دۆڵێكدا لا بدەن، جا ئەمەكەیان بڕوا چڵە دارێك بێنێت و ئەوەیەكەیان بڕوات چڵە دارێكی تر بێنێت ئا بەو شێوەیە ئەوەندە كۆبكەنەوە تا چێشتەكەیانی پێ لێدەنێن، بەڕاستی تاوانە وردەكان ئەگەر كۆببنەوە خوای مەزن نەیسڕێتەوە خاوەنەكەی لەناودەبات)).
لە سونەنی ئیبن ماجەشدا هاتوە بە سەنەدێكی صەحیح لە فەرمودەكەی عائیشەوە -ڕەزای خوای لێبێ-، پەیامبەری خوا صلى الله عليه وآله وسلم فەرمویەتی: [إِيَّاكِ وَمُحَقَّرَاتِ الذُّنُوب فَإِنَّ لَهَا مِنْ الله طَالِبًا] . واتە: ((ئامان وریای تاوانە وردەكان بە، چونكە بێگومان لە لایەن خوای مەزنەوە داواكارێكی هەیە)). یانی: جۆرە سزایەكی بۆ دانراوە بە دواوەیەتی و هەر تۆڵەی لێدەكاتەوە، هەر بۆیە نابێت هەرگیز بێ ئاگا بین لە تاوانەكان بە تایبەت بچوكەكان.
برا خۆشەویستەكەم.. خوشكە بەڕێزەكەم
دەزانیت ئەو تاوانە ورد و بچوكانەی وا من و تۆ بە هیچی نازانین، ئەگەر
1. بەكەم تەماشا بكرێت.
2. گوێیان پێنەدرێت.
3. لە خوا نەترسیت لە ئەنجامدانی. سەردەكێشێ بۆ تاوانە گەورەكان.
ئەمەش لەو وتەیەی ئیبن عەبباس و ئەنەسەوە ڕەزای خوایان لێبێت وارگیراوە كە سابت بووە لێیانەوە، ئەفەرمون: [لاَ صَغِيرَةَ مَعَ الإِْصْرَارِ، وَلاَ كَبِيرَةَ مَعَ الاِسْتِغْفَارِ] ، واتە: ((تاوانێك بچوكیش بێت مادام سور بیت لەسەری بە بچوك هەژمار ناكرێت)). یانی هەر تاوانێك:
مرۆڤ سور بێت لەسەری و بە بەردەوامی ئەنجامی بدات.
بە سوك و كەم تەماشای بكات.
بە كردنی دڵخۆش بێت و شانازی پێوە بكات.
ئەوا با چاك بزانێت ئەو تاوانە بچوك نیە و گەورەیە و مەترسی عقوبەی لێدەكرێت لەلایەن خوای مەزنەوە.
دوای ئەوەش خوشكە بەشەرمەكەم.. برا بە ویقارەكەم: لە بچوكیی و گەورەیی تاوانەكەت مەڕوانە، لە گەورەیی ئەو خوا مەزنە بڕوانە كە بە پێش چاویەوە سەرپێچی دەكەیت.