سوڵتان موزه‌فه‌ر 44 ساڵ حوكمى هه‌ولێرو شاره‌زووری كردووه
هه‌ولێر- ره‌وه‌ست نه‌وزاد
كاتێك ناوی سوڵتان موزه‌فه‌ر دێت، خه‌ڵكی ته‌نیا بیریان بۆ ئه‌و مه‌زارگه‌یه ده‌چێت كه كه‌وتۆته به‌رامبه‌ر پارێزگای هه‌ولێر و رۆژانه كۆمه‌ڵێك ژن بۆ نزاكردن سه‌ردانی ده‌كه‌ن، به‌لام تائێستا كه‌م كه‌س گوێبیستی ژیاننامه‌ی بوون كه له‌سه‌رده‌مێكدا پاشای هه‌ولێر بووه‌و ده‌ستێكی بالای له‌ئاوه‌دانی ئه‌و شاره هه‌بووه.
پڕۆفیسۆر د. موحسین محه‌مه‌د حسێن، مامۆستای مێژوو و ئه‌ندامی ئه‌كادیمیای كوردی كه ماسته‌رنامه‌ی له‌سه‌ر هه‌ولێر له‌سه‌رده‌می ئهتابهكیهكانه، باسی له‌ژیانی سوڵتان موزه‌فه‌ری بۆ رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ كرد‌و وتی:(ناوی خۆی گۆگبۆری-یه، به‌لام ناوی ته‌واوی ملك موعه‌زه‌م-ه، سوڵتان موزه‌فه‌ره‌دین گۆگبۆری كوڕی زه‌ینه‌دین عه‌لی كوڕی محه‌مه‌د كوڕی بهكتهكینه كه به ئه‌بو سه‌عیدیش ناویان هێناوه، له‌ساڵی 1154 زایینی لهقهلای موسڵ له‌دایكبووه‌و له‌ساڵی 1190 فه‌رمانڕه‌وایی هه‌ولێری گرتۆته ده‌ست كه یه‌كێك بووه له‌فه‌رمانڕه‌وا ئه‌تابه‌كییه‌كان و ماوه‌ی 44 ساڵ حوكمی هه‌ولێرو شاره‌زوورو ره‌واندوز تا نزیك موسڵ و زێی گه‌وره‌و به‌شێك له‌كه‌ركوك كردووه‌و له‌ساڵی 1233 كۆچی دوایی كردووه.
له‌هه‌ولێر ده‌ركرا
دكتۆر موحسین، زانیاری ماسته‌رنامه‌كه‌ی له‌كتێبه مێژووییه‌كانی وه‌ك (قلائد الجمان فی فرائد شعراء هژا الزمان)ی كه‌ماله‌دین ئیبن ئه‌لشه‌عار و وفیات الاعیان وأنباء أبناء الزمان-ی شه‌مسه‌دین ئیبن خه‌له‌كان و الكامل فی التاریخ و الباهر فی التاریخ الاتابكی-ی عزه‌دین عه‌لی ئیبن ئه‌سیرو معجم البلدان-ی یاقوت ئه‌لحه‌مه‌وی و چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی تر وه‌رگرتووه باسی له‌وه‌شكرد، سوڵتان موزه‌فه‌ر به‌رله‌وه‌ی خۆی حوكمی هه‌ولێر بكات، باوكی له‌گه‌ڵ عیماده‌دین زه‌نگی میرنشینی ئهتابهكیان لهقهلای موسڵء حهلهبء ئاكرێء تكریت دامهزراندو هه‌ولێریش كه‌وتبووه چوارچێوه‌ی ئه‌و میرنشینه، بۆیه جێگره‌كانی ده‌سه‌لاتی هه‌ولێریان گرتبووه ده‌ست كه باوكیشی له‌ساڵی 1168 كۆچی دوایی كرد، سوڵتان موزه‌فه‌ر ته‌مه‌نی 14 ساڵ بوو، كوڕه گه‌وره‌ی بوو هاته هه‌ولێرو ویستی حكومی بگرێته ده‌ست، به‌لام موجاهیدهدین قایماز كه یه‌كێك بوو له‌جێگری باوكی، نهیهێشتء یوسفی برا بچووكی موزه‌فه‌ره‌دینی كرده فه‌رمانڕه‌وای هه‌ولێرو له‌و شاره ده‌ركرا، وتیشی:(بۆیه موزه‌فه‌ره‌دین ده‌چێته به‌غداو به‌خه‌لیفه‌ی عه‌باسی ده‌ڵێت هه‌ولێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی باوكمه مافی خۆمه حكومی بكه‌م، دواتر چووه لای سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی له‌دیمه‌شق كه به‌هۆی په‌یوه‌ندی بنه‌ماڵه‌ییه‌وه یه‌كتریان دهناسیء له‌وێ سه‌لاحه‌دین كردیه فه‌رمانڕه‌وای شاره‌كانی ئورفه‌و حهڕِانء ئهلموزهرو سمیسات).
له‌شه‌ڕی دژی خاچ په‌رستاندا، سوڵتان موزهفهرو یوسفی برای و سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی له‌شاری ناسیره-ی فه‌ڵه‌ستین، به‌یه‌ك ده‌گه‌ن هه‌ر یه‌كه‌یان سوپای خۆی بۆ شه‌ڕكردن له‌دژی خاچ په‌رستان هێنابوو هه‌ر له‌و ساڵه‌دا یوسفی برای به‌نه‌خۆشی تا له‌وێ كۆچی دوایی كرد‌و ئه‌ویش چووه لای سهلاحهدینء پێیوت دوای مردنی براكه‌م، ده‌گه‌ڕێمه‌وه هه‌ولێر، سه‌لاحه‌دینیش پێیوت بگه‌ڕێوه‌و هه‌ولێرو شاره‌زوور بۆخۆت، ئه‌وه‌بوو دوای 20 ساڵ فه‌رمانڕه‌وایی براكه‌ی له‌ساڵی 1190 گه‌ڕایه‌وه‌و بووه پاشای هه‌ولێر.
سوڵتانء یادی له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ر
سوڵتان موزه‌فه‌ر، یه‌كێك له‌و كارانه‌ی له‌ماوه‌ی ده‌سه‌لاتی خۆیدا ئه‌نجامیدا، سازكردنی ئاهه‌نگی یادی له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) بوو، دكتۆر موحسین وتی:(یه‌كه‌م كه‌سه له‌كیشوه‌ری ئاسیا ئه‌و یاده‌ی كردبێتء به‌ر له‌و فاتیمیهكانی فه‌رمانڕه‌وای میسر له‌كیشوه‌ری ئه‌فریقیا ئه‌و یاده‌یان كردۆته‌وه‌و تێیدا سوڵتان سالانه یاده‌كه‌ی ده‌كرده‌وه‌و خه‌ڵكی له‌ولاتانی ئهندهلوسء مهغریبء میسر‌و ئازهربایجانء خۆراسانء شامء جه‌زیره‌ی بۆتانء به‌غدا، داوه‌ت ده‌كردء میوانه‌كان بریتی بوون له‌شاعیرو زانای ئایینی و مێژوونووس و گۆرانیبێژو قورئان خوێن).
ئاشكراشی كرد، شه‌مسه‌دین ئیبن خه‌له‌كان كه زانا‌و مێژوونووسێكی كوردی شاری هه‌ولێر بووه‌و له‌سه‌رده‌می سوڵتان موزه‌فه‌ر ژیاوه، نووسیویه‌تی له‌و یاده‌دا ئاماده‌كاریه‌كی زۆریان دهكردو خێوه‌تیان له‌به‌شی خواره‌وه‌ی قه‌لا هه‌ڵده‌دا كه نزیك بوو له‌مزگه‌وتی خانه‌قا كه له‌دار دروستكرابوو گومهزیشیان له‌دار دروست ده‌كرد كه نزیكه‌ی 20 دانه ده‌بوون، هه‌روه‌ك دوو مانگ پێش یاده‌كه خۆیان بۆ ئاماده دهكردو مۆسیقاژه‌نیش وه‌كو تیپ هاتوون مۆسیقایان بۆ ئه‌و یاده ژه‌نیوه‌و گۆرانیشیان وتووه‌و یاری قه‌ره‌گۆز-یان نمایش كردووه كه به‌ده‌ست نمایش ده‌كرێتء خه‌ڵكی ده‌هاتن سه‌یریان ده‌كرد كه ئه‌و هه‌موو نمایشه‌ش ته‌نیا بۆ پڕۆڤه‌كردن بوو بۆ رۆژی یاده‌كه‌و سوڵتان موزه‌فه‌ریش دوای نوێژی عه‌سر، لهقهلا بهخۆیء به 12 ئه‌سپ سواره‌وه ده‌هاتنه خواره‌وه‌و سه‌یری ئه‌و نمایشانه‌ی دهكردو شه‌وان ده‌چووه مزگه‌وتی خانه‌قاو به‌شداری لهیادهكه ده‌كرد.
سوڵتانء مزگه‌وتی خانه‌قا
سوڵتان هه‌موو رۆژێك دوای نوێژی به‌یانی، له‌گه‌ڵ میوانه‌كان ده‌چووه راو له‌ده‌ره‌وه‌ی ههولێرء پاشان ده‌گه‌ڕایه‌وه قه‌لاو له‌و كاره‌ی به‌رده‌وام ده‌بوو تا سه‌ره‌تای مانگی ره‌بیعی یه‌كه‌م، هه‌ر له‌رۆژانی یاده‌كه‌دا سوڵتان له‌دوای ئه‌نجامدانی نوێژی مه‌غریب، لهقهلا به‌خۆی به‌ده‌سته‌و یاوه‌رانی ده‌هاته خواره‌وه ده‌چوونه مزگه‌وتی خانه‌قاو ژماره‌یه‌ك مۆمی گه‌وره كه 2 - 4 یان زۆر گه‌وره بوون، هه‌ریه‌كه‌یان له‌سه‌رپشتی ئه‌سپێك داده‌نراو هه‌ر ئه‌سپێك پیاوێك رایده‌كێشا تا له‌شه‌وی 12ی ره‌بیعی یه‌كه‌م ئاهه‌نگه‌كان ده‌گه‌یشته لوتكه‌و لهبهیانیهكهش ژماره‌یه‌كی زۆر لهخهلات له‌ناو بوخچه دانرابوون جلوبه‌رگء پێلاویان تێدابوو، پیاوه سۆفیه‌كانی شاره‌كه ههڵیاندهگرتء ده‌چوونه مزگه‌وتی خانه‌قاو سوڵتان موزهفهرو پیاوه ریش سپیه‌كان چاوه‌ڕێیان دهكردنء له‌ناو هۆڵی مزگه‌وته‌كه دوو كورسی داده‌نرا یه‌كێكیان به‌رز بوو بۆ سوڵتان موزهفهرو ئه‌ویتر بۆ پیاوێك وتاری ئایینی ده‌خوێنده‌وه‌و پاشان ژیاننامه‌ی پێغه‌مبه‌رو چیرۆكی میعراج له‌لایه‌ن ئیبن دحیهی ئه‌نده‌لوسی باسدهكراو كتێبه‌كه‌ی به‌ناوی كتاب تنویر فی مولد السراج المنیر-ی پێشكه‌ش به‌سوڵتان دهكردو سوڵتانیش 1000 دیناری زێڕی پێده‌به‌خشی، پاش مه‌ڕاسیمه‌كه، میوانانء خه‌ڵكی شار نانیان ده‌خوارد له‌ناو گۆڕه‌پانی مزگه‌وته‌كه كه ئه‌وكات مزگه‌وته‌كه زۆر گه‌وره بوو، دكتۆر موحسین ده‌ڵێت:(به‌پێی سه‌رچاوه‌كانی مێژوو، له‌و ئاهه‌نگه كه سالانه سازكراوه خواردنێكی زۆر ئاماده‌كراون كه 100 دانه ئه‌سپ 5000 مه‌ڕو بزن و گوێره‌كه‌و 10 هه‌زار مریشك بهسووركراوهیی له‌سه‌ر مێزه‌كان دانراون، له‌گه‌ڵ 100 هه‌زار سینی خواردن و 30 هه‌زار قاپ شیره‌مه‌نی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش دوو جێگا له‌شێوه‌ی خێوه‌ت له‌ناو مزگه‌وته‌كه داده‌خرا، یه‌كێك بۆ خه‌ڵكی گشتی، ئه‌وی تر بۆ پیاوه گهورهكانء میوانه‌كان داده‌نراو خه‌رجی ئاهه‌نگه‌كه به‌شێوه‌یه‌ك زۆر ده‌بوو كه هه‌ندێكجار ده‌گه‌یشته 300 هه‌زار دینار‌و له‌كۆتایی ئاهه‌نگه‌كه‌ش خهلاتهكان به‌سه‌ر میوانه‌كان دابه‌شده‌كرا).
خوشكی سه‌لاحه‌دینی خواست
سه‌باره‌ت به‌ژیانی خێزانی ئه‌و پاشایه‌ش، د. موحسین وتی:(ژنه‌كه‌ی سوڵتان موزه‌فه‌ر، ناوی ره‌بیعه خاتوون كچی ئه‌یوب كوڕی شادی بوو كه خوشكی سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی بوو، هیچ كوڕێكی لێی نه‌بوو ته‌نیا دوو كچی لێ‌بوو ههردووكیانیدا به‌دوو له‌كوڕه‌كانی پاشای موسڵ كه ناویان عیزهدینء عیماده‌دین زه‌نگی سێیه‌م بوو، پاش مردنی سوڵتان، ره‌بیعه خاتوون هه‌ولێر جێدێڵێت و ده‌چێته شام). وتیشی:(موزه‌فه‌ره‌دین له‌هه‌ولێر 4 خوێندنگا‌و مزگه‌وتی خانه‌قاو دوو خانووی له‌خواره‌وه‌ی قه‌لاكه بۆ منداڵه هه‌تیوه‌كان یه‌كێك بۆ كچان و ئه‌ویتر بۆ كوڕان و خانه‌یه‌كی تریشی بۆ منداڵه فڕێدراوه تازه له‌دایكبووه‌كان دروستكرد كه كه‌سوكاریان نه‌یانده‌توانی به‌خێوی بكه‌ن و خانهیهكیشی بۆ پیرو په‌ككه‌وته‌كان دروستكرد‌و كارمه‌ندی ژن و پیاوی بۆ به‌خێوكردنی كه‌مئه‌ندامه‌كانی شاره‌كه دامهزراندو ده‌زگای وه‌قفی دامهزراندو خانه‌قاو حوجره‌و ته‌كیه‌ی له‌هه‌ولێر دروستكرد‌و مزگه‌وتی له‌شاره‌كانی موسڵء دیمهشقء حه‌له‌ب دروستكرد، نیشانه‌ی بۆ رێگای حاجیه‌كان تا مه‌ككه دانا‌و بیری ئاوی بۆ شاخی عه‌ره‌فه لێداو سالانه پاره‌یه‌كی زۆری بۆ شام ده‌نارد بۆ كڕینی ئه‌و دیله موسڵمانانه‌ی كه خاچ په‌رسته‌كان له‌جه‌نگدا گرتبوویاننء سالانه 5 - 6 هه‌زار دیناری بۆ خه‌رجی حاجیه هه‌ژاره‌كان ده‌نارده مه‌ككه).
د.موحسین ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه كه سوڵتان پیاوێكی زۆردار بوو لهفهرمانڕهواییداو زۆربه‌ی وه‌زیره‌كانی به‌هۆی تۆمه‌تی به‌رتیل وه‌رگرتن به‌ندكردووه كه ئه‌وكات ته‌نیا وه‌زیری دارایی هه‌بوو یه‌كێكیش له‌و وه‌زیره به‌ندكراوانه ئیبن مسته‌وفی مێژوونووس بوو كه هه‌رچه‌نده به‌بێ موچه كاری وه‌زیری بۆ كردووه‌و پێی وتووه ده‌زانم ئێستا دهمكهیت به‌وه‌زیر له‌داهاتوودا ده‌ست به‌سه‌ر پارهكهمدا ده‌گریت، بۆیه نابمه وه‌زیرت، به‌لام سوڵتان وتی شتی واناكه‌م ته‌نانه‌ت ئیبن مسته‌وفی پێی وت پاره‌ت پێده‌ده‌م ته‌نیا نابمه وه‌زیرت، كه‌چی هه‌ر به‌وه رازی نه‌بوو تا له‌كۆتاییدا ئه‌ویشی به‌ندكرد، هه‌روه‌ك دوو لهوهزیرهكانیشی له‌ناو به‌ندیخانه‌دا مردوون.
هه‌ولێر هه‌مووی كوردبوون
ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد كه یاقوت ئه‌لحه‌مه‌وی گه‌ریده له‌سه‌رده‌می سوڵتان هاتۆته هه‌ولێرو نووسیویه‌تی خه‌ڵكی شاری هه‌ولێر كوردن، به‌لام رۆشنبیریهكهیان به‌عه‌ره‌بی كراوه، دكتۆر موحسین ده‌ڵێت:(كاتێك ئیبن خه‌له‌كان ده‌یه‌وێت بۆ خوێندن گه‌شت بكات ده‌چێته لای سوڵتان و پێی ده‌ڵێت ده‌مه‌وێت بخوێنم ئه‌ویش كاغه‌زێكی بۆ دهنووسێتء ده‌ڵێت ئه‌و نووسراوه‌ی منت پێ بێت له‌هه‌ر ولاتێك بووی، نیشانی خه‌ڵكی ئه‌وێی بده‌و هه‌موویان دهمناسنء كاره‌كانت رایی ده‌كه‌ن، ئیتر ئه‌وه‌بوو ئیبن خه‌له‌كان ده‌چێته حهلهبء موسڵء دیمهشقء قاهیره له‌و شارانه ده‌خوێنێت).
گه‌ڕه‌كێك به‌ناوی جوبهیریل
سه‌باره‌ت بهگهڕهكهكانیش له‌سه‌رده‌می موزه‌فه‌ره‌دیندا، د. موحسین وتی:(جگه لهقهلاكه ناوی دوو گه‌ڕه‌ك هاتووه له‌خواره‌وه‌ی قه‌لا ئه‌ویش گه‌ڕه‌كی جوبهیریل و خانه‌قا بووه، هه‌روه‌ك مناره‌ی چۆلیش هه‌ر له‌سه‌رده‌می ئه‌و دروستكرا كه ئه‌وكات مزگه‌وتیش بوو له‌سه‌رده‌می موزه‌فه‌ره‌دین ئاوه‌دانی له‌به‌شی خواره‌وه‌ی شاری هه‌ولێر گه‌یشتۆته لای مناره‌ی چۆلی و هه‌ولێر سكه‌ی پاره‌ی خۆی هه‌بوو ناوی موزه‌فه‌ره‌دینی له‌سه‌ر بوو دراوه‌كه‌ش دینار بوو).
سوڵتان سوپایه‌كی هه‌بوو سه‌رجه‌میان كورد بوون له 2 هه‌زاری سوارچاك و 4 هه‌زاری پیاده پێكهاتبوون دوا شه‌ڕ سوڵتان به‌شداری تێداكرد له‌دژی خاچ په‌رسته‌كان بوو له‌شه‌ڕی حگین، ئیبن خه‌له‌كان نووسیویه‌تی:(ئه‌گه‌ر سوپای سوڵتان موزهفهرو ته‌قیه‌دین كوڕی عومه‌ری برازای سه‌لاحه‌دین نه‌بوایه، ئه‌نجامی شه‌ڕه‌كه جیاواز ده‌بوو كه له‌و شه‌ڕه‌دا سوپای سه‌لاحه‌دین به‌سه‌ر خاچ په‌رسته‌كاندا سه‌ركه‌وت هه‌روه‌ك لهئابلۆقهدانی شاری عه‌ككا-ش به‌شداری كردووه).
سوڵتان موزهفهرو مه‌غۆله‌كان
مه‌غۆله‌كان له‌سه‌رده‌می سوڵتان موزه‌فه‌ر نه‌یانده‌توانی نزیك هه‌ولێر بكه‌ون، له‌و ساڵه‌ی كۆتایی ژیانیشی خه‌لیفه‌ی عه‌باسی نێوانی له‌گه‌ڵی باش ده‌بێت پێی ده‌ڵێت من توانام نییه تۆ سوپایه‌كم بۆ بنێره، د. موحسین له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت:(سوڵتانیش سوپای خۆی برده ناوچه‌ی به‌عقوبه بۆ پارێزگاری كردن له‌به‌غدا كه مه‌غۆله‌كان زانیان خه‌لیفه سوپایه‌كی زۆری له‌شاره‌كانی موسڵ و هه‌ولێرو شوێنی تر هێناوه، بۆیه نه‌یانتوانی هێرش بكه‌ن و كشانه‌وه).
سه‌باره‌ت به‌ژیانی سیاسی، دكتۆر موحسین وتی:(موزه‌فه‌ره‌دین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خه‌لیفه‌كانی عه‌باسی تێكچووبوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی كوڕی نه‌بوو له‌دوای خۆی ده‌سه‌لات بگرێته ده‌ست، بۆیه دوو ساڵ به‌ر له‌مردنی ده‌چێته لای المستنێر بالله-ی خه‌لیفه‌ی عه‌باسی، كلیلی هه‌ولێری پێده‌به‌خشێت پێیده‌ڵێت فه‌رمانڕه‌وایی هه‌ولێر دوای خۆم بۆ ده‌وڵه‌تی عه‌باسی ده‌گه‌ڕێنمه‌وه، به‌لام دوو له‌سه‌ركرده سه‌ربازیه‌كانی سوڵتان كه ناویان خاڵێ و برنهقش بوو ئه‌وه قبوڵ ناكه‌ن و دوای مردنی به‌دوای عیماده‌دین زه‌نگی سێیه‌می زاوای كه فه‌رمانڕه‌وای شاره‌زوور بوو، هه‌روه‌ها پاشاكانی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌یوبی ده‌نێرن و پێیان ده‌ڵێن نامانه‌وێت حكوم بكه‌وێته ده‌ست خه‌لیفه‌ی عه‌باسی، كه‌چی ده‌ڵێن ئێمه به‌ربه‌ره‌كانێی خه‌لیفه ناكه‌ین، بۆیه خه‌لیفه‌ی عه‌باسی به‌سێ قۆناغ سوپا بۆ هێرشكردنه سه‌ر هه‌ولێر ده‌نێریت و له‌كاتی گه‌یشتنیان سوپای هه‌ولێر بۆ ماوه‌ی 5 - 6 مانگ به‌رگری ده‌كه‌ن و سه‌ربازێكی زۆر له‌هه‌ردوو سوپاكه له‌شه‌ڕه‌كه ده‌كوژرێن و سوپای خه‌لیفه هه‌ولێر وێران ده‌كات و ده‌رگای قه‌لا ده‌سوتێنێت و داگیری ده‌كات).
گۆڕه‌كه هی باوكیه‌تی
ئه‌و گۆڕه‌ی ئێستا كه‌وتۆته به‌رامبه‌ر پارێزگای هه‌ولێرو بۆته نزارگه، هی سوڵتان موزه‌فه‌ر نییه، به‌ڵكو گۆڕی زه‌ینه‌دین عه‌لی باوكیه‌تی، به‌لام خۆی به‌ر له‌مردنی گۆڕێكی بۆ خۆی له‌خوار چیای عه‌ره‌فه بنیاتنا بۆ ئه‌وه‌ی كه مرد له‌وێ بینێژن، ئیبن خه‌له‌كان ده‌ڵێت، ئه‌و رۆژه‌ی سوڵتان موزه‌فه‌ر كۆچی دوایی ده‌كات 14 ی مانگی ره‌مه‌زان ده‌بێت و به‌هۆی وه‌سیه‌ته‌كه‌ی به‌شێوه‌ی ئه‌مانه‌ت لهقهلا ناشتیان تا كاتی حه‌ج ته‌رمه‌كه‌یان ده‌رهێناو حاجیه‌كانی هه‌ولێر له‌گه‌ڵ خۆیان بردیان تا له‌وێ بینێژن، به‌لام له‌و ساڵه‌دا به‌هۆی بێ ئاوی و تێنوێتی رێوڕه‌سمی حه‌جیان بۆ ئه‌نجام نه‌دراو ته‌رمی موزهفهرهدینیان له‌شاری نه‌جه‌ف له‌ته‌نیشت مه‌زارگه‌ی ئیمام عه‌لی كوڕی ئه‌بو تاڵیب ناشت و خۆشیان گه‌ڕانه‌وه بۆ هه‌ولێر.
knwe