(ئاكانیوز)- هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق شەوی رابردوو لە چوارچێوەی یارییەكی هەڤاڵینیی ئامادەكاریدا بەگۆڵێكی بێ بەرامبەر لە هەڵبژادەی قەتەری بردەوە.
شەوی رابردوو هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و قەتەر یارییەكی هەڤاڵینیی ئامادەكارییان لە دۆحەی پایەتەختی قەتەر ئەنجام دا و تێیدا هەڵبژاردەی عێراق توانی بەگۆڵێكی بێ بەرامبەر یارییەكە بباتەوە.
گۆڵەكەش لەلایەن سەلام شاكری بەرگریكاری هەڵبژاردەی عێراق لە خولەكی 35ی یارییەكە تۆمار كرا.
ئەو یارییە لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكانی هەردوو هەڵبژاردەكەیە بۆ یارییەكانی قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنی مۆندیالی 2014ی بەرازیل، كە هەڵبژاردەی عێراق 2ی مانگی داهاتوو لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری لە شاری هەولێر مێوانداریی هەڵبژاردەی ئوردن دەكات، هەروەها هەڵبژاردەی قەتەریش لە هەمان رۆژدا دەبێتە مێوانی هەڵبژاردەی بەحرێن.
هەڵبژاردەی عێراق لە كۆمەڵەی یەكەمی قۆناغی سێیەمی یارییەكانی پاڵاوتنی مۆندیالی 2014ی بەرازیل لەگەڵ هەڵبژاردەكانی چین، ئوردن و سەنگافورە یاری دەكات.