[size=24]ئەی وڵاتم: بیست و سێ ساڵە بۆنی خاك و مرۆڤ و لیتە و عارەقەكەی تۆ دەچێت بەسەرمدا و وەڕزنەبووم/ بیست و سێ ساڵە/ چاوەنواڕم شەوێكی كپ، كچ و كوڕێكی شۆخ و شەنگ بێنەخوارێ و بۆ دورگەێكی سەوز هەڵمگرن/ نەهاتیت و گلەیشم لێنەكردی/ تۆش پێم دەڵێیت … خۆفرۆش و خیانەتكارم …
دڵم لە بەردە بۆ خەمت … بێ ئازارم…/ من هەتا تۆزێ سەر لەشی چەقەڵەكانیشت دەپەرستم/ هەتا تنۆكە بارانی سەر دەستی منداڵەكانیشت دەپەرستم/
بەڵام بڵێم چی … گەر ڕقم لەو پیاوە تەنگ ئەستور و گومڕایانە بێت، ئەو پیاوانەی شەوی دەجار خەنجەر لە دڵی جوانی دەدەن/ ڕۆژی دە جار كچانی ئۆفیس و نێو پاس و بەر گۆگان هەڵدەمژن/ لەدوای هەموو خامۆشبوونی لەزەتێكیشەوە/ كاتێك زریزەی پانتۆڵەكانیان دادەخەن/ باسی شەڕی چینایەتی و بەرەی گەورەی سۆشیالیزم دەكەن/ خوایە چی بكەم … ڕقم لەو كچ و كوڕ و مامۆستا گێلانەیە/ كە وەكو شەمشەمەكوێرە لە داڵان و حەوشەكانی زانكۆدا دێن و دەچن/ ڕقم لە مشك و سەرباز و گۆڤاری بێ جنێوە/ ڕقم لە ماشێنی تازە و چاوێلكەی چێوە زێڕین و خاوەن چێشتخانە و كۆگا و كاسێتفرۆشەكانە/ ئەی نیشتیمان … ئەو دەستانەم خۆشدەوێت/ كە وێنەی دڵ و تیرێكیان تیا كراوە/ ئەو كەپوانەم خۆشدەوێت، كە ئەلقەیان تێخراوە/ حەزئەكەم لە گوندێ بژێم … لەو دوورانە/ بەیانیان پیرێژنێكی چاو بە خەو هەڵمسێنێ/ كە بانگ لە كچەكەی دەكات/
هۆی نێرێ … نیرگەلێ … نێرگسێ، هەستە مەشكەكەت بژەنە و كۆڵوانەكەت بكەرە مل وا بەیانە.[/size]