(ئاكانیوز)- جێگری دووەمی سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەم ناوی شاندی هەڵبژاردەی عێراقی راگەیاند بۆ بەشداریكردن لە خولی یارییەكانی عەرەبی كە بڕیارە 9ی ئەم مانگە لە قەتەر بێتە ئەنجامدان.
شەڕار حەیدەر بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، شاندی هەڵبژاردەی عێراق پێك هاتوون لە عەبدولخالق مەسعوود سەرۆكی شاند، ئیبراهیم قاسم جێگری سەرۆك، زیكۆ راهێنەر، عەبدولكەریم ناعیم راهێنەری گۆڵپارێز، سەنتانا راهێنەری توانای جەستەی و ریاز عەبد عەباس بەڕێوەبەری تیپ.
زیاتر گوتی، یاریكەرانی هەڵبژاردەكە برێتین لە محەمەد گاسد، جەلال حەسەن، نور سەبری، سەعد عەتییە، عەلی حوسێن رەحیمە، ئەحمەد ئیبراهیم، حوسام كازم، ساماڵ سەعید، سامر سەعید، فەرید مەجید، موسەنا خالید، مەهدی كەریم، ئەمیر سەباح، سەعد عەبدولئەمیر، كەڕار جاسم، ئەحمەد ئەیاد، ئەمجەد رازی، عەلا عەبدولزەهرە، مستەفا ئەحمەد، لوئەی سەڵاح، ساڵح سەدیر، ئیبراهیم كامل، نەبیل سەباح و زرغام ئیسماعیل.
حەیدەر گوتی، زیكۆی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق سبەی هەینی دەگاتە دۆحەی پایەتەختی قەتەر بۆ وەرگرتنەوەی ئەركەكەی و ئەنجامدانی كەمپێكی مەشقی كورت پێش دەستپێكردنی كێبەركێكانی خولی یارییەكانی عەرەبی.
پتر گوتی، شاندی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق یەكشەمی داهاتوو دەگاتە دۆحە، ئاماژەی دا دوای كشانەوەی هەڵبژاردەی سووریا لە خولەكە، هەڵبژاردەی عێراق تەنیا بەرامبەر بەحرێن و قەتەر یاریی دەكا، لە 13ی ئەم مانگە لە یاریگەی سەد بەرامبەر بەحرێن و 16ی هەمان مانگیش بەرامبەر قەتەر یاریی دەكا.
بڕیار بوو هەڵبژاردەی عێراق لە یەكەم یارییدا لە 10ی ئەم مانگە رووبەڕووی هەڵبژاردەی سووریا ببێتەوە، بەڵام هەڵبژاردەی سووریا بەهۆی كێشەكانی ئەم دواییەی وڵاتەكەی لە پاڵەوانیەتییەكە كشایەوە.