(PNA)- رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی دەنووسێت: تەکنەلۆجیای چاودێری و سیخوڕیکردن و گوێگرتن بەسەر کەسانی ترەوە لە ئەمەریکا بە پلەی یەکەم بەرهەم دەهێنرێت و لە هەموو جیهاندا داواکاریی زۆری لەسەرە.
رۆژنامەکە دەڵێ : ئەو بازرگانییە بووەتە مایەی بێزاری چالاکوانانی مافی مرۆڤ و لایەنگرانی تایبەتمەندییە کەسییەکان کە داوا دەکەن سنوورێک بۆ سیستم و تەکنەلۆجیای چاودێری و سیخوڕی دابنرێت لەبەرئەوەی دواجار ئەو تەکنەلۆجیایە دەکەوێتە دەست حکوومەتە دیکتاتۆرەکان.
کریستۆفەر سمیسی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لەسەر ویلایەتی نیوجێرسی کە پێشتر پرۆژە یاسای بۆ رێگرتن لە فرۆشتنی ئەو جۆرە تەکنەلۆجیایە لە دەرەوەی ئەمەریکا ئامادە کردووە دەڵێ دوو بنەمای سەرەکی هەیە بۆ مانەوەی دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکان کە بریتین لە رێکلام و پۆلیسی نهێنی و هەردووکیان بەهۆی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی تەکنەلۆجیاوە باشتر دەکرێن و پەرەیان پێ دەدرێت.
حکوومەتی ئەمەریکا پەرچەکرداری بەرامبەر بەو کارە بریتی بوو لە بەشداریکردنی لە پێشانگاکانی نمایشی ئەو تەکنەلۆجیایە و ژمارەی ئاژانسەکانی ئەمەریکا کە کار لە بەرهەمهێنانی ئەو تەکەلۆجیایەدا دەکەن گەیشتە 35 ئاژانس. لە بەرامبەردا 43 دەوڵەت بەرهەمی هەمەجۆری خۆیان لەو تەکنەلۆجیایە خستووەتە روو.
لە پێشانگاکەدا بەرهەمی ناوازە خرانە روو، لەوانە ئامێری چاودێریکردنی مۆبایل بە شێوەی راستەوخۆ کە توانای چاودێریکردنی هەزاران مۆبایلی هەیە، لەگەڵ خوێندنەوەی دەیان هەزار کورتە نامەی مۆبایل و کۆمپیوتەرەکان، هەروەها پێشاندانی ئەو مۆبایل و کۆمپیوتەرانەی وێنەی خاوەکانیان دەگرێت و دەینێرێت بۆ پۆلیس، هەروەها چەندین بەرهەمی تر کە توانای چوونە ناو کۆمپیوتەری کەسیی و دەرهێنانی هەموو بابەت و وێنەکانی ناوی هەیە.
سەرچاوە: ئیلاف