بە قەد تیشكی خۆری بەرەبەیان
بەقەد جوانی ئاسمانی ساماڵ
بەقەد فێنكی شنەبای شەماڵ
بەقەد شەوقی ئەستێرەی شەوان
بەقەد دابارینی نمەنمەی باران
بەقەد سۆز و بەزەیی دایكان
بەقەد بۆن و بەرامی گوڵی بەهاران
بەقەد بەرزی باڵای چیاكان
بەقەد قوڵی دەریا و زەریاكان
صەڵاوات و سەلام لەپەیامبەری پێشەوامان صلى الله عليه وسلم
لەگەڵ هەڵهاتنی گزنگی هەموو بەرەبەیانێكی ڕۆژی هەینی دا خۆشەویستێك چاوەڕوانی سڵاوی تۆیە !!!!
بەڵێ......چاوەڕوانی سڵاوی تۆیە لەگەڵ وتنی هەر سڵاوێك فریشتەی تایبەت سڵاوەكەت دەگوێزنەوە بۆ لای خۆشەویستەكەت.
ئەبێت خۆشەویستەكەت چەندە دڵ خۆش بێت بەو سڵاوانەی تۆ ؟ وە لەگەڵ گەیاندنی هەر سڵاوێكت وەڵامت دەداتەوە.
خۆشەویستێك كەهەموو گیانی پیرۆزی بەخت كردووە لەپێناوی پەیامەكەی خوا بۆ گەیاندنی بەهەموو گەلەكەی، بەڕاستی خەم خۆری نەوەكانی دوای خۆی بووە بەجۆرێك كە بە (براكانی) ناوی بردوون هەروەك هاوەڵەكان لێی دەپرسن ئەی پەیامبەر خوا صلى الله عليه وسلم ئێمە برات نین ؟ ئەویش لەوەڵامدا فەرمووی: ئێوە هاوەڵمن بەڵام براكانم ئەوانەن كە منیان نەبینیوە و باوەڕیان بە پەیامەكەمە.
دەی خوێنەری بەڕێز: تۆش وەفاداربە بەرامبەر بە پێشەواكەت بەناردنی صەڵاوات بۆ سەر گیانی پاكی. دڵنیابە كە ئەو هەرگیزاو هەرگیز ئێمەی لە یاد نەكردووە وە لەڕۆژی دوایدا هاوار دەكات (أمتی، أمتی)
مانای صەڵاوات لەسەر پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم
خوای پەروەردگار فەرموویەتی: [ إِنَّ اللَّهَ وَمَلَائِكَتَهُ يُصَلُّونَ عَلَى النَّبِيِّ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا صَلُّوا عَلَيْهِ وَسَلِّمُوا تَسْلِيمًا ] الأحزاب: 56
زانای پایەبەرز ابن كپیر دەربارەی ئەم ئایەتە فەرموویەتی: مەبەست لەم ئایەتە خوای گەورە ئاگاداری بەندەكانی دەكاتەوە لە پلەو پایەی پێغەمبەرەكەی صلى الله عليه وسلم بەشێوەیەك كە فریشتەكان سەلامی لێدەكەن پاشان خوای گەورە فەرمان بەبەندەكانی دەكات كە صەڵاوات و سەلامی خەڵكانی ئاسمان و زەوی بۆ بنێرن بۆ ئەوەی هەردووكیان بەیەكەوە كۆ ببنەوە.
[زانای پایەبەرز ابن القیم فەرموویەتی] : ئەگەر خوا و فریشتەكانی صەڵاوات بنێرن بۆ پێغەمبەرەكەی صلى الله عليه وسلم ئێوەش ئەی بەندەكان صەڵاواتی بۆ بنێرن و سەلامی لێبكەن بۆ ئەوەی لە خێر و بەرەكەتی پەیامەكەی بێ بەش نەبن لە دونیاو ڕۆژی دوایی دا.
وەلە لێكدانەوەی مانای صەڵاوات لەسەر پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم ووتە و ڕای زۆر هەیە بەڵام وتەی ڕاست و دروست لەم بارەیەوە ئەوەیە كە وەكو (أبوالعالية) فەرموویەتی:صەڵاوات لە پەروەردگارەوە بۆ سەر پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم باس كردنێتی بەباشی و خێر لە نێو فریشتە نزیكەكانی دا وە ئەمە ڕای زانای پایەبەرز (ابن عثيمن) ە (ڕەحمەتی خوای لێ بێت).
وە مانای سەلام: واتە دروستی كەسێكە لە كەم و كوڕی و عەیبە، ئەگەر (صەڵاوات) لەگەڵ (سەلام) كۆ بووییەوە ئەوا پلەو پایەیەكی بەرزی بەدەست دێت و هەرچی عەیبە و كەم و كوڕی هەیە لێ بەدوور دەبێت هەروەكو زانای پایەبەرز (ابن عثيمن) ئاماژەی پێكردووە.
حوكمی صەڵاوات لەسەر پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم
لەتەحیاتی كۆتایی لە نۆێژدا بە پایە (ركن) ئەژمار كراوە لەلایەن حەنبەلیەكانەوە.
بەلام (قاضي أبوبكر بن بكیر)فەرموویەتی: خوای گەورە پێویستی كردووە لەسەر بەندەكانی كە لە هەموو كاتێكدا صەڵاوات بنێرن بۆ سەر پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم و كاتێكی تایبەت نەكردووە بۆیە پێویستە لەسەر بەندەكان بە بەردەوامی صەڵاواتی بۆ بنێرن.
ئەو شوێنانەی كە سووننەتە صلوات لێبدرێت
1 ـ پێش پاڕوانەوە: فەزاڵەی كوڕی عوبەید فەرموویەتی: پەیامبەر خوا صلى الله عليه وسلم جارێكیان گوێی لە پیاوێك بوو دەپاڕایەوە لە نۆێژەكەیدا و دررودی نەنارد بۆ پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم پێغەمبەریش صلى الله عليه وسلم فەرمووی: ئەو پیاوە پەلەی كرد پاشان بانگی كرد و بەویش و بەوانی تریشی ووت ئەگەر یەكێكتان پاڕایەوە با بەسوپاسی خوا دەست پێ بكات و پاشان صەڵاوات بدات لەسەر پێغەمبەر پاشان دەست بكات بە پاڕانەوە. رواه أبوداود والترمذي وقال حديث حسن صحيح وأخرجه أحمد باسناد صحيح وصححه ابن حبان والحاكم ووافقه الذهبي.
2 ـ لەكاتی ناو هێنانی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم یان نووسینی ناوەكەی:
پەیامبەر خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی: لووتی بشكێ كەسێك كە ناوی منی لادەهێنن و دررود لێ نادات. رواه الترمذي وقال حديث حسن غريب من هذا الوجه والحاكم وقال الألباني اسناده صحيح ورجاله رجال الصحيح
3-لە ڕۆژی هەینی دا: لە ئەوسی كوڕی ئەوسەوە فەرموویەتی:پەیامبەر خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی: باشترین ڕۆژەكان ڕۆژی هەینی یە صەڵاواتی زۆرم لەسەر لێبدەن چونكە هەموو صەڵاواتەكانتان دەمگاتێ. واتە لەلایەن فریشتەی تایبتەوە صەڵاواتەكان دەگاتە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم.رواه أبوداود باسناد صحیح وأخرجه أحمد وصححه ابن حبان والحاكم ووافقه الژهبی.
4- لەكاتی چونەوە ژوورەوە بۆ مزگەوت ولەكاتی دەرچوون دا: لەفاتیمەوە (ڕەزای خوای لێ بێت) پەیامبەر خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی: ئەگەر چوویتە مزگەوتەوە ئەوا بڵێ (بسم الله الرحمان الرحيم والسلام على سول الله اللهم صل على محمد وعلى ال محمد واغفرلنا وسهل لنا أبواب رحمتك)وەئەگەر دەرچوویت لە مزگەوت ئەوا بڵێ (هەمان ویرد بخۆێنە وبەڵام ئەمەش بڵێ
وسهل لنا أبواب فضلك) رواه ابن ماجه والترمذي وصححه الألباني بشواهده
چۆنیەتی صلوات لێدان لەسەر پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم
پەروەردگار فەرموویەتی:: [ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا صَلُّوا عَلَيْهِ وَسَلِّمُوا تَسْلِيمًا ] الأحزاب: 56
واتە:ئەی ئەوانەی كە باوەڕتان هێناوە ئێوەش سەڵاوات و سەلام لە سەر پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بدەن.
باشتر وایە (صلوات) لەگەڵ (سەلام) بەیەكەوە بن وەكو گوێڕایەڵیەك بۆ فەرمانی خوای پەروەردگار، وەكو لەم ئایەتەی سەرەوەدا ڕوون وئاشكرایە
: [ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا صَلُّوا عَلَيْهِ وَسَلِّمُوا تَسْلِيمًا ] دەبینیت كە صلوات لەگەڵ سەلام دا هاتووە
* لە باوكی موحەممەدی كوڕی عجرەوە (ڕەزای خوای لێ بێت) فەرموویەتی: جارێكیان پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم هات بۆ لامان منیش وتم: ئەی پەیامبەری خوا فێرت كردووین كە چۆن سەلامت لێبكەین بەڵام ئەی چۆن صلوات لەسەرت لێبدەین ؟ئەویش فەرمووی بڵێن:اللهم صل على محمد وعلى أزواجه وذريته كما صليت على ابراهيم وبارك على محمد وعلى أزواجه كما باركت على ابراهيم انك حميد مجيد.
خێرو پاداشتی صلوات لێدان لەسەر پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم
* لە ئیمامی عومەرەەوە (ڕەزای خوای لێ بێت) فەرموویەتی:بیستوومە لەپەیامبەری خواوە صلى الله عليه وسلم دەیووت: ئەگەر گوێتان لە بانگبیژ بوو چی وت ئێوەش بەدوایدا ئەوە بڵێنەوە كە ئەو دەیڵێت پاشان صەڵاواتم لەسەر لێبدەن، هەركەسێك یەك جار صەڵاواتم لەسەر لێبدات ئەوا پەروەردگار (10) جار صەڵاواتی لەسەر لێدەدات پاشان داوای (وەسیلە)م بۆ بكەن. وە (وەسیلە) پلەیەكە لە بەهەشتدا تەنها بۆ یەك بەندە دانراوە داوام وایە ئەو بەندەیە من بم، هەركەسێكیش داوای ئەم پلەیەم بۆ بكات ئەوا بەر شەفاعەتم دەكەوێت ـ لەڕۆژی دوایی دا ـ رواە مسلم
پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی: هەركەسێك (10)جار صەڵاواتم لەسەر لێبدات لە بەیانیان و (10) جار لەئێواران ئەوا دەكەوێتە بەر شەفاعەتی من. أخرجه الطبراني في الكبير وحسنه الألباني
*پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی: هەر كەسێك (1) جار صەڵاواتم لەسەر لێبدات ئەوا پەروەردگار (10)جار صەڵاواتی لەسەر لێدەدات.
*لە (عبد الرحمن ی كوڕی عەوفەوە) (ڕەزای خوای لێ بێت) فەرمووی: جارێكیان هاتمە خزمەت پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم لە سوجدەدا بوو وە زۆر لە سوجدەدا مایەوە پاشان فەرمووی: جوبریل هاتە لام و ووتی: هەركەسێك صەڵاواتت لەسەر لێبدات ئەوا صەڵاواتی لەسەر لێدەدەم وە هەركەسێك سەلامت لێبكات ئەوا سەلامی لێدەكەم بۆیە منیش لە سوپاس گوزاریدا سوجدەم برد بۆ پەروەردگار. أخرجه الحاكم وأحمد وقال الحاكم:صحيح ولم يخرجاه وقال الألباني:صحيح لطرقه وشواهده.
*لە (عبدالله ی كوڕی مەسعودەوە) (ڕەزای خوای لێ بێت) لە پەیامبەری خواوە صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی: پەروەردگار چەند فریشتەیەكی تایبەتی داناوە كە سەلامی ئوممەتەكەم پێ ڕادەگەیەنن. رواه النسائي والحاكم وصححه ووافقه الذهبي وقال الألباني اسناده صحيح ورجاله رجال الصحيح.
*پەیامبەر خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی: هەركەسێك یەك جار صەڵاواتم لەسەر لێبدات ئەوا پەروەردگار (10) جار صەڵاواتی لەسەر لێدەدات و(10)تاوانی دەسڕێتەوە (10) پلەش لای خۆی بەرزی دەكاتەوە. رواه أحمد والبخاري في الأدب المفرد والنسائي والحاكم وصححه الألباني.
سەرزەنشتی ئەو كەسەی صەڵاوات لێ نادات
* لە ئەبو هورەیرەوە (ڕەزای خوای لێ بێت)فەرموویەتی:پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی: لووتی بشكێ ئەو كەسەی ناوی منیان لای باسكرد و صەڵاواتم لەسەر لێنادات. رواه الترمذي والبزار وقال الألباني في صحيح الترمذي حسن صحيح.
* لە پێشەوا عەلی كوڕی ئەبو تاڵیبەوە (ڕەزای خوای لێ بێت) لە پەیامبەر خواوە صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی: ڕەزیل و چروك كە هەموو ڕەزیلیەكی تێدایە ئەو كەسەیە كەناوی منی لەلا باس بكەن و صەڵاواتم لەسەر لێ نەدات.أخرجه النسائي والترمذي وصححه الألباني في صحيح الجامع.
*لە (ئیبن عەبباسەوە) (ڕەزای خوای لێ بێت) لە پەیامبەری خواوە صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی: هەركەسێك صەڵاوات لێدانی لەبیر بچێت (پشت گوێی بخات) ئەوا ڕیگەی بەهەشتی وون كردووە. صححه الألباني في صحيح الجامع.
سوود و بەرهەمەكانی صەڵاوات لێدان
(ئیبن القیم ڕەحمەتی خوای گەورەی لێ بێت) چەند سوودێكی صەڵاوات لێدانی لەسەر پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم باس كردووە كە بەكورتی ئاماژەی بۆ دەكەین:
1 ـ گوێڕایەڵی كردنی فەرمانی پەروەردگارە.
2 ـ بەدەستهێنانی(10) صەڵاوات لەلایەن خوای پەروەردگارەوە.
3 ـ بەدەست هێنانی (10) چاكەو سڕینەوەی (10) تاوان.
4 ـ بەرزبوونەوەی (10) پلە لەلای پەروەردگار.
5 ـ بەدەست هێنانی شەفاعەتی پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم.
6 ـ دەبێتە هۆكاری نزیك بوونەوە لەخوای پەروەردگار لە ڕۆژی دوایی دا.
7 ـ دەبێتە هۆكاری بەدەست هێنانی صەڵاواتی فریشتەكان.
8 ـ دەبێتە هۆكاری وەڵامدانەوەی سەلام لەلایەن پەیامبەری خواوە صلى الله عليه وسلم.
9 ـ دەبێتە هۆكاری پاك و خاوێنی كۆڕ و كۆبونەوەكان.
10 ـ دەبێتە هۆكاری دووركەوتنەوە لە سیفەتی (ڕەزیلی).
11 ـ دەبێتە مایەی بەردەوام بوونی خۆشەویستی پەیامبەر صلى الله عليه وسلم
12-دەبێتە هۆكاری ڕێنمویی بەندە و ژیانەوەی دڵی.
ئەوان گیانیان فیداكرد كەچی تۆ ناتوانیت صەڵاواتی بۆ بنێریت!!!
كاتێك لەجەنگی ئوحودا شەڕو پێكدادان ڕوویدا لەنێوان موسڵمانان وبێ باوەڕەكان ئەوەبوو دوای سەركەوتنی هاوەڵەكان لەم جەنگەدا بەسەر بێ باوەڕەكان وهەڵهاتنیان،بەڵام ئەو چەند هاوەڵەی كەپێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم)لەسەر كێوەكە داینابوون شوێنەكەیان جێهێشت چەند كەسێكیان نەبێت ئەوەبوو بێ باوەڕەكانیش ئەمەیان بەهەل زانی لەپشتەوە زەبرێكی كوشندەیان گەیاند بەموسڵمانان،وەهاوەڵان شبرزەییان تێكەوت بەتایبەتی دوای برینداربوونی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) لەم كاتەدا پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) چەند ددانێكی شكاو سەریشی خوێنی لێ دەهات تەنانەت كەس نەمابوو بۆ
پارێزگاری كردن لێ ی، (ئوم عەممارە) كە بۆ تیمار كردنی بریندارەكان هاتبوو كەبەم شێوە پێغەمبەری (صلی الله علیە وسلم)بینی پڕی دایە شمشێرو ڕمە كەوتوەكان و گەشتە لای پیشەوا بۆ پاریزگاری كردن وەلاشەی خۆی كرد بە قەڵغان بۆ ئەوەی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم)ئازاری پێ نەگات، بەڵام لەم كاتەدا بینی واكوڕەكەشی لە مەیدانی جەنگدا كەوتووە بەبرینداری و تنۆك تنۆك خوێنی لێ دەچۆڕێ (ئوم عەمارە) ەش، هاواری كردە كوڕەكەی و ووتی:ئەی كوڕی شیرینم هەستە سەر پێ بۆ پاریزگاری كردن لەپێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم).پاشان (ئوم عەممارە)ڕووی كردە پێغەمبەرو (صلی الله علیە وسلم)فەرمووی: ئەی پێغەمبەری خوا توخوا دوعای خێر بۆخۆم وكوڕەكم بكە كە ببینە هاوەڵت لەبەهەشتدا،پێغەمبەریش یەكسەر دەستەكانی بەرزكردەوە بۆ ئاسمان دوعاكەی بۆكردن.
پێشەوا (عومەر)(ڕەزای خوای لێبێت)فەرمووی:كاتێك هاتمە سەر جەستەی (ئوم عەمارە) بینیم شوێنەواری چەندەها ڕم وشمشێری پێوە دیاربوو.
ئەی خوێنەری بەڕێز: ئەمە سەر گوزەشتەی ئافرەتێك بوو كە لە سەخترین كاتدا گیانی خۆی ومنداڵەكەی كردە فیدا لەپێناو پێغەمبەردا(صلی الله علیە وسلم)،بەڵام با بپرسین ئەی من وتۆ چیمان كردووە بۆ پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم)؟؟
[لەكۆتایی دا]
خوێنەری بەڕێز ئەمە كورتەیەك بوو دەربارەی (صلوات) لێدان لەسەر پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم بەهیوای لەبیر نەكردنی ئەو پێشەوایە بەناردنی (صلوات) بە بەردەوامی و بە ئامانجی گەیشتن بە دیداری ئەو لەسەر حەوزی (كوثر) و شادبوون بە بەهەشتی پان و بەرین.
لة بةهةشت وةركيراوة.