مامەیارە ئەحمەد
نەگبەتی كورد لەوەدا نییە كە بەشداریی مۆندیال ناكات، بەڵكوو ئەو تیپانەی كە دۆستی كوردیشن لەم مۆندیالەدا زوو ماڵئاواییان كرد، ئاخر ئەوەندەی من شكم دەكرد، لە نێو 32 هەڵبژاردەی وڵاتانی بەشدار لە مۆندیال، تەنیا كۆریای باشوور و فەڕەنسا دۆستی ڕاستینەی كورد بوون.
من ناڵێم 30 وڵاتە بەشداربووەكەی دیكە دوژمنی باوك كوشتەمانن و ئەگەر بمانبینن چاویان كوێر دەبێت، یان بە بیستنی ناومان، گوێیان كەڕ دەبێت، بەڵكوو گەرەكمە بڵێم فەڕەنسا لە زۆر هەلومەرجدا هاوخەم و هاوسۆزمان بووە، كۆریای باشووریش بە كردەوە هاریكاریی كردین، ئەمە هیچ كەسێك ناتوانێت ڕەتی بكاتەوە، چونكە مێژوو لە هەموو كەس بێمنەتە و ئەوەی نووسیوەتەوە. بۆیە وەك وەفایەك دەبێت بردنەوەی ئەو دوو تیپەمان لە هەر پاڵەوانیەتییەكدا پێ خۆش بێت، هەر كەسیش ئازادە كە خۆشیانی نەوێت.
بەندە لەوانەیە وەك هەر كەسێكی دیكە هەواداری هەڵبژاردەیەكی بەشداربووی مۆندیال بێت، بەڵام بە هۆی هاوكاری و دۆستبوونی دوو وڵاتی نێوهێندراووە، سووكە حەزێكم بە بردنەوەكانیان دەكرد. بە تایبەتی بۆ كۆریای باشوور، ڕاستە فەڕەنسایش هەر دۆستە، بەڵام فەڕەنساییەكان بەو گەورەییەوە ڕیشیان دابووە دەست كەسێكی كەمزان. هەر بۆیەیش باجی ئەو هەڵەیەیان زوو دا و لە قۆناغی 16 ڕێگەی ماڵەوەیان پێ پێشان درا.
كۆریای باشوور، بە پێچەوانەی فەڕەنساییەكانەوە، لە گرووپێكی زۆر ئەستەم كە ئەرژەنتین و نێجیریا و یۆنان بوو، بە پلەی دووەم بۆ قۆناغی 16 سەركەوت، وەلێ لەو قۆناغەدا دوای یارییەكی زۆرباش، دۆڕاندن بووە بەشیان، كە پێم وایە لەو یارییەدا نێوبژیوانی ئەڵمانیایی (ستارك) بە تەواوەتی ئەركەكەی خۆی بە جێ نەگەیاند، دەنا لە بڕینی بەربەستی كۆریادا، ئەستەمییەكی زۆرتر دەهاتە پێش ئوروگواییەكان.
كاروچالاكییەكان تیپی زەیتوون و ئاژانسی كۆیكای كۆریایی، وای كردووە كە لە كاتی یاریكردنی كۆریادا، بەشێكی زۆری كورد (كە بە گەلێكی وەفادار ناسراوین) لە بری ئەو پیاوەتییەی كۆریا، حەز بە سەركەوتنیان بكەین، نایشارمەوە منیش یەكێكم لەوان و لە كاتی دۆڕاندنی كۆریادا، خەمێكی تاڵم نۆشی.
بردنەوەی كۆریا، یان فەڕەنسا لە یارییەكانی مۆندیال و تەنانەت چنگخستنی جامەكەیش لە لایەن ئەو تیپانەوە، هیچ بەرژەوەندییەكی ئێمەی تێدا نییە و لەوانەیە دڵۆپێك قازانج و مشتێك خیرَی بۆمان نەبێت، بەڵام بردنەوەی تیپێك كە هاوسۆزی وڵات، یان هەرێمە مەینەتدیتەكەمان بێت، چاكترە لە سەركەوتنی تیپێك كە ئەگەر لە یاریزانانی بپرسیت كوردستان چییە؟ لەوانەیە بڵێت ناوی ئەو تۆپەیە كە لە مۆندیالی 2014 یاریی پێ دەكرێت.
خوازیارم چی دیكە لە مۆندیالەكاندا چاومان لە بردنەوەی دۆستەكانمان نەبێت، بەڵكوو چاومان لە بردنەوەی خۆمان (هەڵبژاردەی كوردستان) بێت. كە نەك من، هیچ كەسێك بڕوا ناهێنێت ئەو خەونەمان وا زوو ببێتە ڕاستی.
سهرچاوه-ڕۆژنامهی ههولێر