خانمە گۆرانیبێژی دەنگخۆش و سەركەوتووی لوبنانی (ئەلیسا)
لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا خانمە گۆرانیبێژی دەنگخۆش و سەركەوتووی لوبنانی (ئەلیسا) نهێنی پاراستنی جوانیی و شۆخ و شەنگی و سەركەوتنەكانی بۆ خانمە هاوڕەگەزەكانی ئاشكرا كرد.
(ئەلیسا) لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەل بەرنامەی "سەباج ئەلعەرەبییە" باسی لەوە كرد كە ئەو هەر شتێك كە ڕوو دەدات كتوپڕ دەیكاتە بەشێك لە ڕابردوو و ئیتر نە خەمی بۆ دەخوات نە بێهوا و دڵتەنگی دەكات، هەر بۆیە هەمیشە هەست بە ئارامی و سووكی باری دەروونی دەكات.
(ئەلیسا) باسی لەوە كرد كە ئەو هەنگاوی زۆر قورسی هەڵهێناوە تا بەم ئاستەی ئێستای گەیشتووە. هەروەها دەڵێت لە سەرەتاد زۆر ئاستەنگ و ناڕەحەتی هاتووەتە پێش بەڵام چۆكدانەدان و بەردەوامبوون وای كرد كە بەم ئاست و ناوبانگەی ئەمڕۆی بگات.
هاوكات(ئەلیسا)ـی باشترین هونەرمەندی عەرەب بۆ ساڵی سێیەم لەسەر یەك، باسی لەوەیش كرد كە ئەو لە بڕیارداندا هەڵەشەیی ناكات، بۆ هەر بڕیارێك كە بیدات پرس و ڕا بە زۆرترین كەسە نزیكەكانی دەكات و ڕاو سەرەنجەكانی بەهەند وەردەگرێت، پاشان بڕیاری خۆی لەبارەی مەسەلەكەوە دەدات.
ئەو گۆرانیبێژە سەركەوتووە ئاماژەیش بۆ ئەوە دەكات كە دڵسۆزیی بۆ كار و بۆ دەورووبەر وا دەكات كە كەسێكی خۆشەویست بیت، كەواتە كە تۆ دڵسۆز بوویت، بێگومان دەستگرۆكەر و یارمەتیدەری زۆرت دەبێت لەكاتە سەختەكاندا.
دەبارەی پاراستنی جوانی و ڕێكی لەش و لاریشیەوە كە زۆربەی جار لە میدیا عەرەبییەكاندا بە ئەلیسا دەڵێن"ئەو خانمەی كە زەمەن كاریگەری لەسەری نییە و سەعاتی تەمەنی لە جێگەیەكدا وەستاوە"،(ئەلیسا) دەڵێت من وەكوو هەر كەسێك دەنووم دەخۆم و دەخۆمەوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە چۆن دەخەویت، چی دەخۆیت و كەی دەخۆیت و دەخۆیتەوە؟ من زۆر ڕەچاوی جۆری خواردنەكانم دەكەم.
هەروەها دەڵێت وەرزشكردن بەشێكی دانەبڕاوی ژیانی منە، وەرزش پانتاییەكی زۆری ژیانمی داگیر كردووە، ئەگەرچی خۆم لە بنەڕەتدا كەسێكی كەمكاتم.
لە دواجاریشدا ئامۆژگاری خانمانی كرد كە بە دڵسۆزیی و پێداگرتن و هەست بە كەسایەتی خۆكردن گرەو دەبەنەوە، بە وریایی و رۆشنبیری خواردن و وەرزشكردنیش وا دەكەن هەمیشە ساغ و قەشەنگ بن.
(ئەلیسا زەكەری خووری) لە لوبنان لە دایكێكی سووری و باوكێكی لوبنانی لە ساڵی 1978 لە دایكبووە. دەرچووی كۆلێژی زانستە سیاسییەكانە، بەڵام لە بواری هونەردا كار دەكات. تا ئێستا خاوەنی پێنج ئەلبوومە كە هەر پێنجیان لە ئەلبوومە پڕ فرۆشەكانی وڵاتانی عەرەبین.
بۆ سێ ساڵ لەسەریەكیش خەڵاتی باشترین گۆرانیبێژی ئافرەتی عەرەبی دەدرێتێ. تا ئێستا سەڵتە و شووی نەكردووە، هەر لە چاوپێكەوتنەكەیدا گووتی "هیوادارم سوارچاكی خەونەكانم وەكوو یاریزانی ئینگلیزی (دێڤد بێكهام) بێت".
بانە
Hawler.in