[size=24]
ئامادهکردنی : مامەیارە ئەحمەد – تایبەت
ئێوارەی هەینیی لەدەستچوو، لە یەكەم یاریی خۆیدا لە قۆناغی بژاردەی خولی عێراق، یانەی هەولێر لەسەر دەستی یانەی شوڕتەی بەغدا شكستی تووش بوو.
دوای ئەوەی ماوەیەكی زۆر بە هۆی نوێكردنەوەیەوە لێی دوور كەوتبووەوە، ئەوە یەكەم یاریی یانەی هەولێر بوو لەسەر یاریگەی خۆی، كەچی لە بەدبەختی هەولێر و هاندەرانیدا، یانەكە شكستی تووش هات و بە 0 – 1 گۆڵ دۆڕا، ئەو گۆڵەیش یاریزانی كورد (یوونس شكوور) لە نیوەی دووەمی یارییەكەدا تۆماری كرد
لە دوای یارییەكە یوونس شكوور لێدوانی بۆ ڕۆژنامەی بارزان سپۆرت دا و ئاشكرای كرد: “یانەی هەولێر بە ناو یانەی هەولێرە، دەنا هەر نادی ئەربیلە، ئەی ئەوە نییە هەموو یاریزانە سەرەكییەكانی عەرەب بوون، من دەڵێم بە داخەوە با بایەخ بە خۆمان بدەن نەك یاریزانی بێگانە بهێنن، با یانەكە هەموو یاریزانە كوردە باشەكانی كوردستان كۆ بكاتەوە و یەك تیپی زۆر بەهێزی لێ دروست بكات كە مۆركی كوردبوونی پێوە دیار بێت، نەك وەك ئەوەی ئێستا كە عەرەبی لێ دەبارێ.
لێرە بە دواوە بارزان سپۆرت هەوڵ دەدات شیكردنەوەیەكی هونەری و ناهونەری بكات و لە بارەی هۆیەكانی دۆڕاندنەكانی یانەی هەولێرەوە بە نووسین بێت.
یارییە گرینگەكان و دۆڕاندن
یانەی هەولێر، بە یەكێك لەو یانانە دادەنرێت كە لە یارییە زۆر هەستیارەكاندا شكستی دێتە ڕێ، كە ئەم خاسیەتەی لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردووەوە پێوە لكاوە و لە زۆر یاریی چارەنووسسازدا شكستی خواردووە، بە تایبەتی ئەو یارییانەی كە زۆرترین هاندەری تێدا ئامادە دەبن، هەولێر لە وەرزی ڕابردوو لە یاریگەی خۆیدا دڵی 20 هەزار هاندەری سارد كرد و بە یانەی دهۆك دۆڕا، هەروەها لە یاریی چارەكی كۆتایی جامی یەكیەتیی ئاسیادا نەیتوانی سەركەوتن بەسەر یانەی كوەیتی كوەیتیدا تۆمار بكەن و بە هۆی ئەنجامەكەیەوە (1 – 1) هەولێر ماڵئاوایی لەو لیگە كیشوەرییە كرد.
یانەیەكی یاریزان زۆر
یانەی هەولێر، بەو هۆیەوەی بوودجەیەكی زۆری لە بەردەستدایە، زۆرترین یاریزانی باشی كڕیوە و كاری بە كەم لەو یاریزانانە هەیە، سەرنج بدەن، هەر لە یارییەكەی هەولێر و شوڕتەدا، یانەی هەولێر ئەم یاریزانانەی یەدەگ بوون (سەرهەنگ موحسین، دارا محەممەد، ڕافد بەدرەددین، هەردی نوورەددین، ئەحمەد سەڵاح، دڵدار ئیبراهیم، ئیسماعیل بانگۆرا، شوان مامۆ و ئەحمەد كوبی، كە ئیشی بە 5 لەوانە نییە، هەرچەندە لە هەندێ یاریدا لەوانەیە پێویستی بە بەشێكی دیكە بێت، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی لە هەر یارییەكدا یانەكە پێویستی بە 15 یاریزانی زۆر باش هەیە، مەبەستمە بڵێم زۆری یاریزانی باش، زۆر جار ڕاهێنەر بە مل هەڵەدا دەبات و نازانێت یاری بە كامیان بكات، یان نازانێ چی پێكهاتەیەك دابنێ، پێشتر ئەو بارە بەسەر چەند یانە و هەڵبژاردەیەكی جیهاندا هاتووە و بەڵگەی روون هەن.
گۆڕینی 3 ڕاهێنەر لە یەك وەرزدا
هەرچەندە كاپتن عومەر مەجید بە شێوەیەكی كاتی ڕاهێنەری یانەی هەولێر بوو، بەڵام هەر حسێب دەكرێت و وا لێك دەدرێتەوە كە لەم وەرزەدا یانەی هەولێر 3 ڕاهێنەری هەبوو (سائیر ئەحمەد، عومەر مەجید و ئەییوب ئۆدیشۆ) ئەوەیش كاریگەریی زۆری دەبێت و ناهاوسەنگییەك چێ دەكات، چونكە كاتی دەوێت تا ڕاهێنەرێك بێت و سەرلەنوێ شارەزای تەواوی یاریزانانی یانەكە بێت، بۆیە دەشێت بەشێكی هۆكاری دۆڕاندنەكەی هەولێر بەرانبەر شوڕتە، بۆ ئەو بارە بگەڕێنینەوە.
نادڵسۆزیی بەشێك لە یاریزانان:
هەرچەندە زۆربەی یاریزانان بە دڵسۆزییەوە ئەركی نێو یاریگەیان ڕادەپەڕێنن، وەلێ بەشێك لەو یاریزانانەی هەولێر كە دەشێ یاریزانی سەرەكییش بن، بە دڵسۆزی و لە دڵەوە یاری ناكەن، هەر تیپێكیش یاریزانی وەهای هەبوو كە دڵسۆز نەبێت بۆ تیپەكە، زوو بێت یان درەنگ، شكست دێتە پێشی. كە ئێستا خەریكە ئەوە لە یانەی هەولێر ڕوو دەدات و هیوا هەیە زوو كۆنتڕۆڵی ئەو بوارە بكرێت، بەوەی كارگێڕانی یانەكە كۆبوونەوەی خێرا بە یاریزانان بكەن و ورد و درشتی ئەو لایەنانەیان تێ بگەیەنن.
نەبوونی سزا، لە كاتی دۆڕاندن:
مرۆڤ سروشتی وەهایە، هەر شتێك سزای لە دوا بێت، كەمتەرخەمی دەكات جا لە هەر پیشەیەكدا بێت، لەو ئیدیۆمەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە پێویستە یانەی هەولێر سیستمێك دابنێت و لە كاتی دۆڕاندنی یانەكەدا، بە تایبەتی ئەو دۆڕاندنانەی یاریزانان تێیدا بەرپرسن، سزا بۆ یاریزانان دابنێت، چۆن گۆڵكار خەڵاتی گۆڵتۆماركردنی دەدرێتێ، دەیشبێت لە كاتی لە دەستدانی هەلی ئاساندا، سزا بخوات، هەروەها یاریزانانی دیكەیش سزا بدرێن، چونكە لە باری سزادانی تەنیا یاریزانێك، دەشێت ئەو یاریزانە لە ڕووی دەروونییەوە تێك بشێكت، ئەوەیش لە بری قازانجی یانەكە، زیانی بۆی دەبێت.
دۆنگای بەڕازیل و ئەیووبی هەولێر
بەكارهێنانی ئینتەرنێت و كارپێكردنی فەیس بووك، تەلەفۆنكردن و قسەوتن، لە لای ڕاهێنەری بەڕازیلی (دۆنگا) لە مۆندیالدا قەدەغەبوو، ئێستایش كاكە ئەیووب ئۆدیشۆ دێت خەریكە پێڕەوی ئەو هەنگاوانەی دۆنگا دەكات و لێدوانی لە یاریزانان قەدەغە كردووە، ئەوەیش ئاماژەیەكە بۆ نزیكبوونەوەی دۆڕاندن، چونكە سیستمی “بەزۆری” و نادیموكراتی، هیچ كات ئەنجام و كاردانەوەی باشی نابێت. بۆیە دەبێت دیسان ئەیووب ئۆدیشۆ لەو ڕووەوە وە ئاگا بهێندرێت، دەنا كە كار لە كار ترازا، پەشیمانی و پەنجەگەستن دادی یانەی هەولێر نادات.
گوشاری هاندەران لەسەر یاریزانان
هاندەرانی یانەی هەولێر، بەوە ناسراون كە دۆڕاندن قبووڵ ناكەن، بۆیە ئەو بیركردنەوەیە وای كردووە لەو یارییانەی هاندەرانی یانەكە بە ژمارەیەكی زۆرەوە ئامادە دەبن، گوشارێكی دەروونی زۆر بخرێتە سەر یاریزانان، هەموو پسپۆڕانی دەروونی و نادەروونیش دەزانن گوشار هەموو كات كاردانەوەی نەرێنی دەبێت، ئاكامەكەیشی هەر وا بوو، ئەدی ئەوە نییە هەولێر بۆ جاری سێیەم لە یارییە پڕ هاندەرەكاندا شكست دەبێت میوانێكی ڕەزا قورسی.
هەولێر؛ پەلەی ناسناوی چوارەمیەتی:
یانەی هەولێر كە پێشتر سێ جار لەسەر یەك بە ناسناوی جامی خولی عێراق گەییشتووە، ئێستا گەرەكیەتی بۆ جاری چوارەم بەو نازناوە شاد بێت، بەڵام پەلە پەلییان پێوە دیارە، ئاشكرایشە پەلەكردن لە هەر كارێك، بە مل هەڵەتدا دەبات، بۆیە یانەی هەولێر دەشێت هەر لە ئێستاوە جارێكی دیكە خۆی ڕێك بخاتەوە و بە هێمنییەوە مامەڵە لەگەڵ یارییەكانی داهاتوویدا بكات، دەنا نە هاندەران، نە مێدیكاران، شكستی یانەی هەولێریان پێ قبووڵ ناكرێت، دەشێ لە یارییەك یان دوواندا دۆڕاندن ببێتە بەشی یانەی هەولێر، بەڵام دۆڕانی درێژخایەن لە كاتی نەبوونی كێشەی ڕاستەقینەدا، لێپرسینەوەی بە دوادا دێت.
هەڵەی ڕاهێنەری هەولێر:
یانەی هەولێر لەو یارییەدا، هێڵە ناوەڕاستەكەی دەیناڵاند و زۆربەی جار ناوەڕاستكارانی شوڕتە باڵادەستیی خۆیان لەو ناوەندەدا دەنوواند، خۆ ئەگەر ئەو گۆڵەی شورتەیش نەبایە، لەوانەیە تا كۆتایی یارییەكە هەر ئەوان سەركەوتووتر بانایە، ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی هەولێر خاوەن باشترین یاریزانانی هێڵی ناوەندە، ئەو خاڵەیش ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت كە هەم ڕِاهێنەر پلانی گونجاوی دانەناوە، هەمیش لەوانەیە یاریزانان كەمتەرخەم بووبن.
یەكێك لە هەڵەكانی دیكەی ڕاهێنەر، دەرهێنانی یاریزان (موسلیم موبارەك) بوو، ئەو هەڵەیە ئەوەندە گەورەیە، وێنا ناكرێت، ئاخر موسلیم لە دوو وەرزی ڕابردوودا كەم یاریی یانەی هەولێر هەیە كە بە ئاستێكی نموونەیی دەرنەكەوتبێت، ئەوەی لایەنی لاوازی موسلیمە دەمارگرژییەكەیەتی، كە لەو یارییەدا دەمارگرژیش نەبوو، بەڵام ئەدیشۆ خستییە دەرەوەی یاریگە و یانەكەی بێ “پلەی مەیكەر” هێشتەوە.[/size]
ياريكا