تۆ له‌ ژووره‌وه‌ نیت. تكایه‌ بچۆژووره‌وه‌ یان خۆت تۆمار بكه‌.

گرنگ!

بەخێربێیت، جگە لەم چەند بەشەی خوارەوە سەرجەم بەشەكانی یانەمان بە مەبەستی چاككاری شاردۆتەوە! لەماوەیەكی نزیكدا یانە بەتەواوی بابەتەكانی خۆی لە 2008ی ساڵی دامەزراندنیەوە تاكو ئێستا دەكەوێتە كار. [٢٠٢٣\٢\١٥]

وه‌ڵامی نوێ بنووسه‌

وه‌ڵامی نوێ بنووسه‌

وه‌ڵامه‌ نوێكه‌ی بنووسه‌ و بینێره‌

ده‌توانیت: BBCode وێنه‌ خه‌نده‌ به‌كار ببه‌یت

هەموو خانە نووسراوەکان بە قەڵەوی پێویستە پڕبکرێنەوە پێش ناردنی فۆرم

زانیارییه‌ مه‌رجه‌كان بۆ میوانان


زانیاریی پێویست / مه‌رج

لێكۆڵینه‌وه‌ی بابه‌ت / نوێترین یه‌كه‌م

1

[size=16]سه‌فه‌ر
هه‌موو شتێک له‌و ڕۆژه‌وه‌ ده‌ستى پێکرد که‌ خانمێکى میهره‌بان به‌ گریانه‌وه‌ به‌خۆى و دوو جانتا دیارى جوانه‌وه‌ خۆى کرد به‌ ژوورداو باوه‌شى به‌ باوکمدا کرد و تێرگریا به‌سه‌ریدا. پاش نه‌ختێک بۆمان ده‌رکه‌وت ئه‌و خانمه‌ میهره‌بانه‌ نه‌نکى ئێمه‌یه‌و له‌ وڵاَتێکى تر ئه‌ژى و بۆ پێنج ساڵ ئه‌چێت باوکمى نه‌بینیوه‌، به‌ ڕێگاى قاچاخ له‌ ئێرانه‌وه‌ هاتبوو بۆ سلێمانى.
ئه‌و خانمه‌ که‌ گوایه‌ ئه‌یانووت نه‌نکى منه‌ به‌رده‌وام باوه‌شى پیائه‌کردم، بۆی ئه‌گێڕامه‌وه‌ که‌ ئه‌و دایکى دووهه‌مى منه‌و به‌ منداڵى به‌رده‌وام له‌ شیرى مه‌مکه‌کانى ئه‌وم خواردووه‌. چه‌ند سه‌عاتێک له‌ گه‌یشتنه‌که‌ى نه‌گوزه‌رابوو که‌ ده‌ستى به‌ جانتا جوانه‌که‌یدا کردوو یه‌کى جووتێک گواره‌ى جوانى ئاڵتوونى کرده گوێی من و خوشکه‌کانم، من سه‌ره‌تا نه‌مئه‌توانی باوه‌ڕ به‌وه‌بهێنم که‌ ئه‌و به‌ڕاستی نه‌نکی منه‌.
ـ نه‌نک یه‌عنى چى؟!
خودایه‌ چۆن ئه‌بێت هه‌رکه‌س جوتێک گواره‌ت له‌ گوێبکات و بڵێ نه‌نکى تۆم و تۆش باوه‌ڕ بکه‌یت.
خوشکه‌کانم زووتر قبوڵى نه‌نکى تازه‌یان کرد و دواتر ڕۆیشتنه‌ به‌رده‌رگاو به‌ فیزه‌وه‌ گواره‌کانیان پیشانى هاورێکانیان داو به‌سه‌رهاتى نه‌نکى تازه‌یان بۆ گێڕانه‌وه‌.
ئه‌و کاتانه‌ من منداڵێکى چڵکنى پێنج ساڵانى ته‌نهابووم، که‌ پڕبووم له‌ پرسیاری جۆراوجۆرو هه‌رگیزیش که‌س نه‌بوو وه‌ڵامم بداته‌وه‌، دایکم هه‌میشه‌ به‌خۆیى و جله‌ڕه‌شه‌کانى به‌ریه‌وه‌ یان بۆ برا شه‌هیده‌کانى ئه‌گریا یان بۆ به‌ختى هه‌رگیز خۆشى نه‌دیوى خۆى، ئافره‌تێکى تابڵێى میهره‌بان به‌ڵام ده‌ستخاڵى له‌به‌رده‌م پرسیاره‌ سه‌یره‌کانى مندا. باوکێک یان له‌سه‌فه‌ربوو یان مه‌ست و شه‌ڕانى. ده‌ستێکی نادیار هه‌میشه‌ پاڵی پێوه‌ئه‌نام، نازانم خوایه‌ گیان ئه‌و ده‌سته‌ ده‌ستی تۆ بوو یان باوک و دایکم، که‌ هه‌میشه‌ له‌ ته‌مه‌نی خۆم دوور ودوورترتان ئه‌خستمه‌وه‌.
من تائه‌هات ته‌نهاو ئاشکراتر سێبه‌رێکی نائومێدیم له‌ کۆتایى شته‌کاندا ئه‌بینى، ته‌نانه‌ت له‌و ده‌رپێ سوورمه‌و هێله‌که‌ قه‌یفانه‌و کراسه‌ پرژه‌ خومپارانه‌شدا، که‌ مریه‌مى دراوسێمان زۆر وه‌ستایانه‌ ئه‌یدورین و به‌نرخێکى زۆر گران پێى ئه‌فرۆشتین. له‌ویاشدا نائومێدى هه‌بوو، پرسیارم هه‌بوو، پرسیارى به‌بێ وه‌ڵام و پرسیار له‌ کۆتایى شته‌کان، نائومێدى و شه‌ڕکردن و سوێندخواردن له‌ پرسیار نه‌کردن، له‌و هه‌موو بۆچیانه‌ له‌ شته‌کاندا، له‌و شته‌ تازانه‌ى که‌ چاوه‌ مناڵانه‌کانى من نه‌ختێک گه‌وره‌تر ئه‌یانبینى.
دایکیشم نه‌یئه‌زانى که‌ کچه‌ قژ کورته‌ ڕه‌ش ئه‌سمه‌ره‌که‌ى، به‌دوو چاوى پڕ له‌پرسیارى نه‌پرسراوه‌وه‌ چى ئه‌وێت و چى له‌ مێشکه‌ پچوکه‌که‌یدا حه‌شارداوه!‌
من خۆشم نه‌مئه‌زانى که‌ بۆچى هه‌میشه‌ له‌ یارییه‌کاندا ئه‌مویست ببم به‌ دایک، ببم به‌ دایکێک که‌ مێرده‌که‌ى شه‌ڕى له‌گه‌ڵدا بکات وه‌لێ هه‌میشه‌ش تاقه‌تى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسیارى مناڵه‌ گاڵتینه‌کانى هه‌بێت.
ئێستاش ناتوانم تێبگه‌م که‌ چۆن له‌ ماڵه‌باجێنه‌کاندا کاتێک مێرده‌ گاڵتینه‌که‌ى پێنج ساڵه‌یم شه‌ڕى له‌گه‌ڵ ئه‌کردم ئه‌متوانى خوڕخوڕ فرمێسک به‌چاوه‌کانما بێته‌خواره‌وه‌. من بۆ وابووم، من دڵنیام که‌ شتێک له‌ مێشکى مندا ئه‌گوزه‌را جیاواز له‌ مناڵه‌کانى تر، ئاه چه‌ند قورس و گه‌وره‌بوو، چه‌ند حه‌زم له‌ هه‌ڵکوڕمان له‌ سوچى تاریکى ژووره‌کان و بیرکردنه‌وه‌ له‌ شته‌کان ئه‌کرد.
پاش سێ ڕۆژ گریان و وڕکگرتن له‌ خواردن من که‌وتمه‌ دواى ئه‌و خانمه‌ میهره‌بانه‌، که‌ به‌ میهره‌بانییه‌کانى خۆى ڕایهێناین پێى بڵێین دایه‌ ته‌لێ. من وه‌عدم به‌ خۆمدابوو که‌ سه‌فه‌ربکه‌م، کورت یان درێژ گرنگ نه‌بوو، من حه‌زم له‌ سه‌فه‌رو بینین و ژماردنى عه‌مودى ئه‌و ڕیگا دوورو درێژو تازانه‌بوو که‌ بڕیارمدابوو به‌هه‌رچ قیمه‌تێک بووه‌ وه‌ تا ژماره‌ له‌ مێشکمدا هه‌بوو بیان ژمێرم.
دوو شه‌وو دوو ڕۆژ به‌ سوارى ئه‌سپ به‌ ڕێگای قاچاخدا ڕێکه‌وتین تا گه‌یشتینه‌ شارێک که‌ ناوى مه‌ریوان بوو. مه‌ریوان چه‌ند جوان و ساحیر و شین بوو، هه‌موو شتێک تازه‌و جوان بوو، شه‌قامه‌کانى مه‌ریوان دوورو درێژ تربوون له‌و گه‌ڕه‌که‌ى که‌ له‌ سلێمانى لێى ئه‌ژیاین. چه‌ند خۆشبوو له‌ ماشێندا دانیشتیتایه‌و هه‌ر بڕۆیشتیتایه‌و بیرت بکردایه‌ته‌وه‌و عه‌موده‌ له‌ ژماره‌ نه‌هاتووه‌کانت بژماردایه‌. هه‌موو شته‌کان له‌ چاوه‌کانمدا جوانبوون تا ئه‌و پرسیاره‌ وه‌ک با بێ پرس خستمیه‌ ناو باوه‌خوڵێێیه‌که‌وه‌.
ئه‌ى که‌ى ئه‌گه‌ڕێینه‌وه‌؟ ئه‌ى کوا دایکم؟ واى چه‌ند بیرى بۆنى دایکمم ئه‌کرد، ته‌نانه‌ت بیرى کراسه‌ ڕه‌شه‌که‌شى. من له‌ کوێ بووم، ئه‌ى مریه‌م و ڕه‌نگاو ڕه‌نگى جله‌کانى، ئه‌ى خوشکه‌کانم و بووکه‌ په‌ڕۆینه‌کانیان؟ ئه‌ى باوکم، باوکى گایه‌ک خاس و گایه‌ک خراپم؟ ئه‌ى کێ له‌گه‌ڵ دایکم بگری کاتێک باوکم مه‌ستى ئه‌کردو شه‌ڕى له‌گه‌ڵ ئه‌کرد؟ ئه‌ى کوا حه‌وشه‌که‌مان و حه‌وزى ئاوه‌که‌و مانگه‌ که‌رتبۆکه‌ى ناوى؟
واى چه‌ند بێتاقه‌تى عه‌مودى کۆڵانه‌ پیس و چه‌په‌ڵه‌که‌مان بووم، ئه‌ى کوا ماڵ ماڵۆکێکان ‌و هاوڕێکانم؟ ئه‌و هه‌موو شته‌ جوان و ناشیرینانه‌ى وه‌ک بیستنى ناوى لیمه‌ندۆزى ده‌میان پڕئه‌کردم له‌ ئاو، ئاواش له‌ناکاو پڕیان ئه‌کردم له‌ پرسیار. ئه‌و ڕۆژه‌ بۆم ده‌رکه‌وت که‌ ئه‌م سه‌رکێشى سه‌فه‌ره‌م له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى دوور خستومه‌ته‌وه‌، تازه‌ ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ به‌سه‌رچوون، سه‌رده‌مى دزینى لیمه‌ندۆزى و ترش و خوێ له‌ دۆڵابه‌ سه‌وزه‌که‌دا. تازه‌ که‌س له‌ ماڵ ماڵۆکییه‌کاندا نابێته‌ هاوڕێ و مێردم. من سه‌رى مناڵه‌ گاڵتینه‌کانم نادۆزم، تازه‌ ڕابردووى جوان ته‌واو، ته‌نها ئێستا هه‌بوو، ئێستایه‌ک پڕپڕ له‌ ترس و تۆقینى تۆپ و ته‌یاره‌و ئاواره‌یى.
ئه‌وکاته‌ى به‌ده‌م ئه‌م بیرکردنه‌وانه‌وه‌ به‌ هێواشى وه‌ک ده‌ستهێنانم به‌سه‌ر سه‌رى مناڵه‌ گاڵتینه‌کانى ناو ماڵ ماڵۆکێکانى هه‌فته‌یه‌ک له‌وه‌وبه‌رمدا که‌وتبوومه‌ گریان، دوو که‌نیشکى چه‌ند ساڵ گه‌وره‌تر له‌خۆم هاتن و به‌ چپه‌ پێیان ووتم: که‌ ئه‌وان پورى منن و ئه‌توانم به‌ناوى خۆیانه‌وه‌ بانگیان بکه‌م "نه‌رمین و سه‌با". بردمیانه‌ ناو داڵانێکى درێژو تاریکه‌وه‌، دایان نیشاندم و گوێم له‌ خڕه‌ى هه‌ڵڕشتنی شت گه‌لێک بوو، پاشان پێیان ووتم چاوه‌کانم توند توند بنوقێنم. دواتر که‌ چاوه‌کانم کرده‌وه‌، واى واى ئه‌مه‌ خه‌ونه‌، که‌واته‌ ئه‌م سه‌فه‌ره‌ش هه‌ر به‌شى سه‌ره‌تاى ئه‌م خه‌ونه‌یه‌، که‌واته‌ به‌یانى به‌‌ده‌نگى دایکم خه‌به‌رم ئه‌بێته‌وه‌ که‌ ئه‌ڵێ ده‌ ڕۆڵه‌ هه‌سته‌ وا نیوه‌ڕۆیه‌.
زۆرباشه‌ که‌واته‌ ئه‌وه‌نده‌ى گرفانه‌کانم بیگرێت موورو ئه‌به‌مه‌وه‌ بۆ سه‌مه‌ر و ده‌ریا، ئیدى نه‌ ئه‌و پرسیاره‌ ناله‌بارانه‌ له‌ دایکم ئه‌که‌م که‌ تواناى وه‌ڵامدانه‌وه‌یانى نییه‌و نه‌ لیمه‌ندۆزی له‌ دۆڵابه‌ سه‌وزه‌که‌ ئه‌دزم. هه‌زاران هه‌زار مووروى جوان و ڕه‌نگاوڕه‌نگ له‌به‌رده‌ستمدا دانرابوون، ئه‌و دوو که‌نیشکه‌ جوان و جل به‌نه‌وشانه‌ که‌ گوایه‌ پوره‌کانى من بوون، پێیان ووتم: تا ملم تواناى هه‌ڵگرتنى قورسى ملوانکه‌کانى هه‌یه‌، ئه‌توانن ملوانکه‌م بۆ بهۆننه‌وه‌، وه‌ له‌به‌یانیشه‌وه‌ ئیدی له‌گه‌ڵیان بم و مورمورێن بکه‌م. من بووم که‌ بڕیارم ئه‌دا کام له‌ موورووه‌کانم ئه‌وێت، ئه‌و دوو که‌نیشکه‌ش ئه‌یانکرد به‌په‌ته‌وه‌. به‌خۆمم ئه‌وت مادام ئه‌م سه‌فه‌ره‌ هه‌مووى خه‌ونه‌ و هه‌مووى سه‌عاتێک ناخایه‌نێت چش با ملوانکه‌که‌م درێژترین ملوانکه‌ى دنیابێت.
ئه‌و سه‌فه‌ره‌ خه‌ون نه‌بوو، به‌یانى نه‌ نیشانێک له‌ حه‌وزو مانگى که‌رتکراوم بینى، نه‌دایکم و نه‌ ئیدى به‌خه‌ونیش ده‌رپێى جلى کوردیم کڕى و نه‌ده‌ستیشم گه‌یشته‌وه‌ دۆڵابه‌ سه‌وزه‌که‌مان. به‌هۆى شه‌ڕى نێوان عێراق و ئێرانه‌وه‌ پاش دوو ساڵ و نیو توانیم له‌ نیوه‌ڕۆیه‌کى گه‌رمدا به‌ کۆمه‌ڵێک دیارى جوانه‌وه‌ وه‌ک ئه‌و خانمه‌ نازداره‌ که‌ ڕۆژێک ناگه‌هان خۆى کردبوو به‌ ماڵه‌که‌ماندا منیش ده‌رگاى حه‌وشه‌که‌م ئاوا ترازاندو خۆم کرده‌وه‌ به‌ژووردا.
دایکمم بینى تا ئێستاش به‌رده‌وام جلى ڕه‌شى له‌به‌ردایه‌و به‌رچاوى ڕه‌ش بۆته‌وه‌، که‌مێک له‌ جوانیه‌که‌ى
جارانی که‌م بۆته‌وه‌، من له‌ جێی خۆمدا حه‌په‌سام کاتێ که‌ باوه‌شی پیاکردم و ته‌نها و ته‌نها هه‌ر دوو ماچی کردم.
دڵنیابووم ڕۆژگارێکی تر کاتێ توانیم وه‌ڵامى هه‌ندێک له‌ پرسیاره‌کانم چنگبکه‌وێت، ئه‌وسا من سه‌فه‌ره‌ دوورو درێژه‌کانى خۆم ده‌ست پێئه‌که‌م و ئه‌و له‌حزه‌ى ته‌نهاییه‌تان بۆ باس ئه‌که‌م، که‌ دایکم ئه‌وه‌نده‌ ته‌نهاو وه‌ڕس بوو، دواى دووساڵ و نیو دوورى لێى ته‌نها دوو ماچى کردم، ته‌نها دوان، کوێرببم گه‌ر درۆبکه‌م.

سه‌حه‌ر ڕه‌سایی [/size]