[center]دادگاییەکی ڕەوا بۆ ناوبژیوانی کلاسیکۆ
هەمیشە وا هەڵکەوتووە ئەگەر کلاسیکۆکە زۆر بەهێز و پڕ چێژبوو بووبێت ناوبژیوان هەڵەی گەورەی کردووە . گومانم لەوە نیە بەڕێوەبردنی یارییەکی لەو شێوەیە بۆ هیچ ناوبژیوانێک هەرگیز ئاسان نیە بەڵام ئەوەش پاساوێکی دروست نیە بۆ چەندین هەڵەی زەق لە یارییەکی چارەنووسازدا .
ئەو هەڵانەی دوێنێ شەو لە ناوبژیوان تیکسیێرامان بینیمان مەرج نیە مەبەستێکی مادەی لە پشتەوە بوبێت یاخود بەشێک بێت لە یاریکردن بە ئەنجامی یاری . تیکسێیرا یەکەم ناوبژیوان نیە هەڵە دەکات و دواین ناوبژیوانیش نابێت . بۆ ئاسوودەکردنی ویژدانی خۆمان با باس لە هەڵەکان بکەین دوور لە هەست و سۆز بۆ هیچ یانەیەک . سەرەتا من دەست پێ دەکەم و دواتریش ئێوە بۆچوونەکانی خۆتان دەرببڕن
- هەرسێ کارتە زەرەدەکەی ڕیاڵ بۆ لاس دیارا و سێرجیۆ ڕامۆس و ئیکەر کاسیاس لە خولەکەکانی ٢٧ و ٣٣ و ٤٥ یاسایی بوون بەڵام ئەوەی لیۆنێل مێسی گوماناوی بوو .
- گۆڵەکەی پێدرۆ ڕۆدریگێز لە خولەکی ٤٣ یاسایی و دروست بوو
- ناوبژیوان لە خولەکی ٤٥ دەبوو لاس دیارا بە کارتی سووربکاتە دەرەوە بەڵام نەرمی نواند
- گۆڵەکەی دانی ئەلڤێز لە خولەکی ٤٨ دا بوو لە کاتێکدا ناوبژیوان ١ خولەک کاتی زیادکراوی دانابوو بۆ نیوەی یەکەم .
- ڕەتکردنەوەکەی گۆڵەکەی سێرجیۆ ڕامۆس لە خولەکی ٥٣ گوماناوی بوو ، هەرچەندە دانی ئەلڤێزی ڕاکێشا بەڵام زۆر ناوبژیوان چاوپۆشی لەو ڕووداوانە دەکەن بە تایبەت لە کاتی لێدانی کۆڕنە کە لە ناوچەی سزادا زۆر لەو جۆرە ڕاکێشانانە دەبینرێت .
- ناوبژیوان سێ خولەک کاتی زیادکراوی بۆ یارییەکە دانا بەڵام زیاد لە ٢ خولەکی یارییەکە وەستێنرابوو بەڵام ناوبژیوان قەرەبووی نەکردووە لە کاتێکدا لە کۆتایی نیوەی یەکەم قەرەبووی کاتەکەی کردەوە و دوای زیاد لە سێ خولەک فیکەی کۆتایی لێدا بوو .
- پێنج لێدانی سزای گومانای لە یارییەکەدا بەدیکرا . سیان بۆ ڕیاڵ مەدرید و دوو بۆ بەرشلۆنە . هەرچەندە دوانەکەی بەرشلۆنە کەمتر ئەگەری ئەژمارکردنیان هەبوو بەڵام هیچ لێدانێکی سزاش بۆ ڕیاڵ ئەژمارنەکرا لە کاتێکدا لە سەرەتا خولەکەکاندا تۆپ بەردەستی سێرجیۆ بۆسکێتس کەوت و ئاڕاستەی تۆپ گۆڕا .[/center]
[center][/center]