[center]سوریا‌و هێمای جه‌نگی سێ یه‌می جیهانی
كاوه هاوڕاز
ڕازێكی به‌رایی
حكومه‌تی ڕوسیای فیدراڵ له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی گه‌لی سوریاوه ڕۆڵێكی جوداو جیاوازی له ولاَتانی تر له‌ئاستی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا هه‌بووه، نه‌ك هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه سوریا له مێژه هاوپه‌یمانێكی ستراتیژی ته‌قلیدی ڕووسیایه له‌ناوچه‌كه‌دا، به‌ڵكو له‌به‌ر چه‌ند ئه‌رزشێكی تری به‌رژه‌وه‌ندی خوازییه كه تێكگیرانی به‌رژه‌وه‌ندی یه ههرێمیو ئابووری یه‌كانیشیان له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی خۆرئاوا‌و كه‌نداودا ده‌بینێته‌وه.
هه‌ربۆ نمونه‌ش له‌ڕوانگه‌ی وته‌و لێدوانه‌كانی لێپرسراوه ڕووسه‌كانه‌وه كه ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ڕه‌وتی ئاشكراكراوی ئهمریكاو خۆرئاوا‌و ده‌وڵه‌تانی تری عه‌ره‌بی هاوڕێیانه، به‌ڕاشكاوی دیاره كه وێڕای ئه‌وه‌ی (ژێربهژێرو به‌په‌نهانی) به‌رده‌وامیشن له‌سه‌ر ناردنی چهكو ته‌قه‌مه‌نی زیاتر بۆ ڕژێمه‌كه‌ی (به‌شار ئه‌سه‌د) ده‌رده‌كه‌وێت كه چه‌ندین به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری‌و بازرگانی خۆیان خستووه‌ته پێش ئازار‌و مه‌ینه‌تییه‌كانی گه‌لانی شۆڕش گێڕو ئازادی خوازی سووریا.
پێده‌چێت پێ داگری هه‌ردوو به‌ره‌ی (لایه‌نگرانی ڕژێمی سوریا)و (لایه‌نگرانی به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنی سوریا)شو ناوچه‌كه (واته ناوچه‌ی ڕۆژههلاَتی ناوه‌ڕاست)به‌ره‌و په‌ره‌سه‌ندنی ناهه‌مواری ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی له نێوان چه‌ند لایه‌نێكی گه‌مه‌كاری سه‌رساحه‌ی سوریاشدا بێت‌و دوورنی یه بگاته سه‌ر سنوره‌كانی نێوان ڕووسیاو ئێرانیش، كه ئه‌م دوو ولاَته به‌رگری له سنوره‌كانیان به‌شداری ڕاسته‌وخۆی ململانێ جه‌نگی یه‌كان بكه‌ن.
موشه‌كی پاتریۆت‌و هێمای ته‌نگژه‌كان
وه‌ك پێشتر وتمان هه‌ر له‌سۆنگه‌ی به‌رپرسانی بالاَی ڕووسیاوهو جه‌خت كردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی گوایه (ته‌نگژه‌ی سوریا) به‌ده‌ست تێ وه‌ردانی سه‌ربازی چاره‌سه‌ر ناكرێت‌و وه‌ك ده‌شڵێن ده‌بێت بانگه‌واز بكرێت بۆ سازكردنی گفتوگۆ له‌نێوان ڕژێم‌و به‌رهه‌ڵستكارانی دا‌و له‌سه‌ر بنچینه‌ی ڕێكه‌وتن نامه‌ی (جنێف)یش بێت، له‌كاتێكدا هه‌ریه‌كه له ئهمریكاو په‌یمانی (ناتۆ)ی سه‌ربازیش سوورن له‌سه‌ر دانانی موشه‌كی (پاتریۆت) له‌سه‌ر سنووری سوریا‌و توركیا به‌بێ گوێ دانه هه‌ڕه‌شه‌كانی هه‌ریه‌كه له ڕووسیاو چین، سه‌ركرده‌ی ڕووس (پۆتن)و سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كانی ڕووسیاش به‌چاكی په‌ی به‌وه ده‌به‌ن كه مه‌به‌ست له‌دانانی ئه‌م موشه‌كانه له سنووری ولاَتهكانی خۆشیان ته‌نها بۆ ته‌نگژه‌ی سوریا نی یه، به‌ڵكو بۆ ئاڕاسته كردنیانه له‌وێوه بۆ ئێران له‌لایه‌كه‌وه، بۆ (ڕووسیا)ش له‌لایه‌كی تره‌وه، هه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له ئاشكرا‌و ڕوونهش وای له سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای ئێران كرد كه به‌ڕاشكاوی له تازه‌ترین لێدوانی دا ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه هه‌ریه‌كه له ولاَتهكهی خۆی‌و ولاَتی ڕووسیاو چین یش ڕێگا ناده‌ن به ڕووخاندنی ڕژێمی سووریا، هه‌ر ده‌ست تێوه‌ردانێكی سه‌ربازی له سووریادا ده‌بێته هۆی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی سێ یه‌می جیهانی.
به‌ڕای ئاگایانی سیاسی، له‌وانه‌یه سیاسه‌تمه‌دارانی ئهمریكاو سه‌ركرده‌كانی په‌یمانی ناتۆش ئه‌م لێدوانه‌ی سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای ئێران بكه‌نه به‌هانه‌یه‌كی چاك به‌رله‌وه‌ی بیر له به‌زاندنی سنوری سوریاش له‌ژێر هه‌ر پاساوێكی تردا بكه‌نه‌وه.
بێگومان هه‌ره‌سی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جاران‌و پارچه پارچه بوونی كۆماره‌كانی تری، مانای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه ڕوسیا به‌ته‌واوی له‌به‌رده‌م ئه‌مریكادا چۆكی دادابێتو كڕنوشی بۆ بردبێت.
یان له‌به‌رده‌م په‌یمانی سه‌ربازی ناتۆدا به‌زیی بێت، به‌ڵكو ته‌واو به پێچه‌وانه‌وه‌یه‌و وای له حكومه‌تی ڕوسیا كردووه به جددی هه‌وڵ بدات بۆ تازه كردنه‌وه‌ی چهكهكانیو به‌ره‌و پێش بردنیانو ناردنی كه‌شتی گه‌لی جه‌نگیش (ناوبه‌ناو) بۆ به‌نده‌ری (گرگوس)ی سوریا‌و، پاشان پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی یه ئابووری‌و سه‌ربازییه‌كانیشی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران‌دا... دیاره ئێرانیش به جددی له‌لایه‌ن خۆیه‌وه په‌ره‌ی زیاتری به چه‌كه سه‌ربازی یه‌كانی داوه‌و له‌م دواییانه‌شدا توانیویه‌تی چه‌ندین فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی ئه‌مریكی بخانه خواره‌وه‌و ده‌ستیان به‌سه‌ردا بگرێت.
ڕۆڵی ئه‌وروپا له‌م نێوه‌نده‌دا
ولاَتانی ئه‌ورووپا به‌گشتی پێویستیان به غازی ڕووسیا هه‌یه‌و ئه‌گه‌ر ئه‌م غازه‌یان لێ ببڕێت (به‌هه‌ر هۆیه‌كیش بێت) ئه‌وا هیچ لایهنو ده‌وڵه‌تێكی تر به‌دی ناكه‌ن كه ئه‌م پێویستیه‌یان بۆ پڕ بكاته‌وه‌و زیانهكانیشیان بۆ قه‌ره‌بوو بكاته‌وه، بۆیه پێ ده‌چێت كارگه‌و كۆمپانیا پیشه‌سازی یه‌كانیشیان ڕووبه‌ڕووی شكستێكی ته‌واو ببێته‌وه، وێڕای سه‌رماو له‌رزینی گه‌له‌كانیان له زستانێكی ساردی سه‌ختدا، چونكه له حاڵه‌تی به‌رپابوونی ئه‌م جه‌نگه (ئیقلیمی)یان جیهانییه‌دا له‌وانه‌یه نه‌وتی ده‌وڵه‌تانی كه‌نداو به ئاگری سووپای ئێران بسوتێت، جا ئایا سیاسه‌تمه‌دارانی ئهمریكاو ئه‌وروپاش كه له په‌یمانی ناتۆدا كۆبونه‌ته‌وه چاوی ژیری‌و دووربینیو واقیع بینی ته‌واویان بكه‌نه‌وه له‌ئاست ده‌ره‌نجامی ڕووداوه ترسناكه‌كانی جه‌نگداو له پێناو كێشه‌یه‌كی ولاَتێكی وه‌ك سوریادا گه‌وره‌ترین ته‌نگژه‌و كاره‌ساتی مرۆیی له چه‌رخی نوێ‌دا بخوڵقێنن.
یان ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا له‌و بڕوایه‌دابێت گوایه ده‌توانێت كاریگه‌ری مووشه‌كه ڕووسی یه‌كان به موشه‌كه‌كانی (پاتریۆت)ی دامه‌زراو له‌سه‌ر سنووری نێوان سوریا‌و توركیا پوچه‌ڵ بكاته‌وه، ئه‌ی داخۆ توركیا له چ دۆخێك‌دا خۆی ببینێته‌وه كه هاو سنوری ڕووسیایه‌و له یه‌كه‌م ساتی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگدا (خوا نه‌خواسته ) یه‌كه‌مین قوربانی جه‌نگ ده‌بێت وه‌ك چهندولاَتێكی عه‌ره‌بی ناوچه‌كه‌ش كه زیاتر خه‌ون به هاتنه ئارای حوكمێكی عادیلانه‌ی ئیسلامی یه‌وه ده‌خوازن دوای شكستی ڕژێمه عه‌لمانییه عه‌ره‌بییه‌كانی ئه‌ڵقه له‌گوێی ڕۆژههلاَتو ڕۆژ ئاوا.
بۆیه هه‌ر لایه‌نێك ئه‌گه‌ر بیر له هێرشبردنه سه‌ر سووریا بكاته‌وه بێ ئه‌وه‌ی له هزری حساباتیدا هه‌ڵوێستی ڕووسیاو چین‌و ئێرانی به‌هه‌ند نه‌گرتبێت (به‌تایبه‌تیش لایه‌نێكی وه‌ك ده‌وڵه‌تی تورك) ئه‌وا خۆی ده‌بێته یه‌كه‌م قوربانی ڕووداوه‌كان، دیاره سیاسه‌تمه‌دارانی ڕۆژئاواش پێویسته به‌چاكی مێژوو بخوێننه‌وه‌و تاو‌و توێی ئه‌وه‌ش بكه‌ن كه كاتێك (ناپلیۆن) ویستی به سوپا زه‌به‌لاحه‌كه‌یه‌وه بچێته نێو (مۆسكۆ)ی پایته‌ختی ڕوسیاوه، بهلاَم بهشكستو به‌زینه‌وه گه‌ڕایه‌وه‌و هه‌زاران سه‌ربازیشی له‌و پێناوه‌دا كرده قوربانی‌و هه‌ر ئه‌م فاكته‌ره‌ش بووه ئاكامی هه‌ره‌س هێنانی سوپاكه‌ی (ناپلیۆن) له جه‌نگی (واترلۆ)دا‌و، پاشان بووه هۆی ڕووخانیو به‌دیل گیرانی.
هه‌ر له جه‌نگی دووه‌می جیهانیش دا سوپای سووری ڕووس ڕۆڵێكی گرنگی گێڕا له ڕوخاندنی ئه‌ڵمانیای نازیداو یه‌كه‌مین سوپای هاوپه‌یمانانیش بوو كه چووه نێو شاری (به‌رلین)ی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیاوه، به‌مه‌ش (هیتله‌ر)ی دكتاتۆری ناچاركرد كه دوای ئه‌وه‌ی گولله‌یه‌كی نا به‌سه‌ری خۆشه‌ویسته‌كه‌یه‌وه، خۆشی به‌و جۆره له‌ناو ببات.
هه‌ر سه‌باره‌ت به وته‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای ئێرانیش ئه‌وا پێناچێت جه‌نگی جیهانی سێ یه‌م ڕووبدات له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر یه‌كه سه‌ربازی یه‌كانی په‌یمانی ژوورووی ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ) هێرش بكاته سه‌ر سووریا به‌مه‌به‌ستی ڕوخاندنی ڕژێمی ئێستای ئهوولاَته، وه‌لێ بڵێین جهنگو ململانێ خوێناوییه‌كان له‌نێوان به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنی سوریا‌و له‌نێوان پاشماوه‌ی سوپاكه‌ی ڕژێمی سوریادا له قۆناغێكی دژوار‌دا بێته كایه‌وه‌و به ده‌ست تێوه‌ردانی یارمه‌تی سه‌ربازی لایه‌نه ئیقلیمی‌و نێوده‌وڵه‌تی یه‌كانیش زیاتر سوپای ئازادی سوریا‌و سوپای ڕژێم به‌یه‌كدا بدرێت‌و له‌باری هاوسه‌نگیش دهربچێتو بۆ دواجار سوپای ڕژێم وره‌ی نهمێنێتو هه‌ره‌س بهێنێتو تێكبشكێت، پێ ده‌چێت ئه‌م حاڵه‌ته تراژیدییه تا نزیكه‌ی ساڵێكی تریش بخایه‌نێت، جا ئایا شێخانی شكۆداری كه‌نداو به‌تایبه‌تیش (قه‌ته‌ر) به‌رده‌وام ده‌بن له دابینكردنی ئه‌ركه قورسه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، یان له ژماره‌یه‌كی هاوكێشه سیاسییه‌كانی نێوان خۆرههتو خۆرئاوادا خۆیان ده‌بیننه‌وه.
[/center]