یه‌كێك له بیرۆكه‌كانی دروستكردنی بیبلۆگرافیای به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخانه، كه به‌شێوه‌ی گرافیكی و ده‌توانێت له كه‌مترین ماوه‌دا زۆرترین وه‌ڵامی هه‌ر پرسیارێك بداته‌وه كه زانیاری بێت له سه‌ر به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان، هه‌روه‌ك چه‌ندین وێنه‌ی كۆن و ناوازه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌شی له ناو گرافیكهكهدا داناوه.
له‌م دیمانه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی باسێكی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان و مێژوو و كاریگه‌ری خراپبوونی به‌نداوه‌كه و سووده‌كانی ده‌خاته‌ڕوو.
23-11-1961 به ره‌سمی كرایه‌وه
ره‌حمان خانی سه‌باره‌ت به سه‌ره‌تای دروستكردن و بیرۆكه‌و مێژووی به‌نداوه‌كه رایگه‌یاند: له 23-11-1961 به ره‌سمی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان كراوه‌ته‌وه، له سه‌ر بیرۆكه‌ی ده‌سته‌ی بونیادنانه‌وه له سه‌رده‌می مه‌لیكدا به‌نداوه‌كه دروستكراوه، له ساڵی 1946 دا ده‌ست به كاركردن كراوه‌و چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه كراوه تا گونجاوترین شوێن دیاری بكرێت، دواتر له ساڵی 1953 دا كۆتایی به لێكۆڵینه‌وه هاتووه‌و له 1954 دا ده‌ستكراوه به دیزاینكردن و له 1955 دا گرێبهستكراوه بۆ جێبه‌جێكردنی، كۆمپانیای دیزاینه‌رو راوێژكاری جێبه‌جێكردن (كۆمپانیای هارزای ئه‌مه‌ریكی) بووه، جگه‌له كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان چه‌ندین كۆمپانیایه‌كی فه‌ره‌نسی و رۆمانی به‌شداربوون له جێبه‌جێكردنی به‌شه جیاوازه‌كانی به‌نداوه‌كه‌دا.
پێكهاته‌ی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان
ره‌حمانی خانی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان پێكهاته‌ی به‌نداوه‌كه‌ی روونكرده‌وه و رایگه‌یاند: به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان به‌نداوێكی گڵ به‌ردینه، كرۆكی قوڕه‌و شانه‌كانی پڕكراوهی به‌رده‌و به‌رزییه‌كه‌ی 128 مه‌تره‌و درێژییه‌كه‌ی به كه‌ناڵه زیاداوهكانیشهوه 535 مه‌تره، پانییه‌كه‌ی له بنه‌وه 500 مه‌تره‌و له سه‌ره‌وه 17 مه‌تره، توانای گلدانه‌وه‌ی (3 ملیار م3) یه، به‌پێی داتا سه‌ره‌تاییه‌كان، به‌ڵام به‌هۆی 48 ساڵ ته‌مه‌نی به‌نداوه‌كه‌وه توانای گلدانه‌وه‌ی كه‌مبووه‌ته‌وه‌و بۆ (2.57 ملیار م3)، به‌رزترین ئاستی كارپێكردنی له‌ڕووی ده‌ریاوه 485 مه‌تره، به‌نداوه‌كه 3 یه‌كه‌ی كارۆئاوی به‌كارهێنانی كاره‌بایی له‌سه‌ره‌و توانای هه‌ریه‌كه‌یان (83 مێگاوات/ سه‌عات) ـه، له به‌رزترین ئاستی به‌نداوه‌كه‌دا، 3 ده‌رچه‌ی ئاودێری له‌سه‌ره هه‌ریه‌كه‌یان (175 م3 له چركه‌یه‌كدا) ئاوی پێدا تێپه‌ڕده‌بێت، كه له‌كاتی پێویستدا ئاو بۆ خوارووی به‌نداو به‌ربدرێته‌وه، 3 كه‌ناڵی زیاد ئاوی (سپیڵ وه‌ی) هه‌یه كه له‌وه‌رزی لافاودا توانای تێپه‌ڕاندنی (1900م3 یه له چركه‌یه‌كدا)، بۆ ههریهكهیهكیان كه له‌وه‌رزی لافاودا بۆ كردنه ده‌ره‌وه‌ی ئاوی زیاده به‌كار ده‌هێنرێت.
پاك ناكرێته‌وه و ته‌مه‌نی دیاریكراوه
ره‌حمانی خانی پێیوایه ناتوانرێت به‌نداوه‌كه پاكبكرێته‌وه‌و به‌هۆی تێپه‌ڕبوونی كات ته‌مه‌نی به‌ره‌و ئاوابوون ده‌چێت، له‌و رووه‌شه‌وه وتی: پاككردنه‌وه‌ی به‌نداوی گه‌وره ئاسان نییه‌و بودجه‌ی زۆری ده‌وێت كه ره‌نگه بگات به بودجه‌ی به‌نداوێكی نوێ كه دروستی بكه‌یت، به‌نداوه‌كانیش ته‌مه‌نی دیاریكراوی خۆیان هه‌یه‌و به‌پێی ئه‌و قوڕو لیته‌و نیشتووانه‌ی كه دێته‌ناو به‌نداوه‌كه‌وه ساڵانه، ئه‌مه‌ش له ساڵێكه‌وه بۆ ساڵێكی تر جیاوازه، ئه‌و ساڵانه‌ی باران و لافاو زۆر بێت زیاتر پڕده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌ر ساڵه‌كه كه‌متر ببارێت و لافاوی كه‌می تیدابێت ئه‌وه نیشتووه‌كان كه‌متر ده‌چنه ناو به‌نداوه‌كه‌وه.
68% ی داهاتی ئاو له كوردستانی ئێرانه‌وه دێت
به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان رایگه‌یاند: به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان به‌ری به ده‌ریاچه‌یه‌ك گرتووه كه سه‌رچاوه‌ی ئاو تێزانی برتییه له‌ڕووباری سیروان كه له ناوچه شاخاوییه‌كانی كوردستانی ئێران شۆڕده‌بێته‌وه 68% ی داهاتی ئاوی پێكده‌هێنێت و %14 ی له‌ناو سنوری ئێرانه‌وه دێت و 18% ی كه ده‌مێنێته‌وه له (زه‌ڵم و ریشێن و سه‌راو و چه‌مه‌كانی تری شاره‌زور) ـه‌وه دێن.
روبه‌ری ئه‌و ناوچانه‌ی كه ئاوی لێدهڕژێته ناو به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان برتییه له (17850 كم دووجا)، ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه له ئێران دروستكراون له‌سه‌ر روباری سیروان كاریگه‌ری زۆریان هه‌یه له‌سه‌ر داهاتی ئاوی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان، زۆری و كه‌می كاریگه‌رییه‌كه‌ی به‌پێی رێژه‌ی گلدانه‌وه‌ی ئاو ده‌بێت له‌و به‌نداوانه‌ی دروستده‌كرێن له سه‌ر روباری سیروان.
مه‌ترسی ژینگه‌یی
ره‌حمان خانی مه‌ترسی پیسبوونی به‌نداوه‌كه‌و كاریگه‌ری بۆ سه‌ر ژینگه ئاشكراكرد‌و رایگه‌یاند: جۆری ئاوی ده‌ربه‌ندیخان به‌هۆی زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووان و چالاكی مرۆیی و شاره‌وانی پاشه‌ڕۆی كارگه‌كان و په‌ینی كیمیایی و له ناوچه كشتوكاڵییه‌كانی سلێمانی و شاره‌زوور كه ده‌ڕژێنه‌ناو تانجه‌رۆ له‌وێشه‌وه بۆ ده‌ریاچه‌ی ده‌ربه‌ندیخان، هه‌روه‌ها چه‌ندباره بوونه‌وه‌ی وشكه‌ساڵی له ناوچه‌كه‌دا كاریگه‌ری زۆری هه‌یه له‌سه‌ر خراپبوونی جۆری ئاوی ده‌ریاچه‌ی ده‌ربه‌ندیخان كه پێویسته له‌ڕووی ژینگه‌یه‌وه ئه‌م لایه‌نه به‌شێوه‌یه‌كی زانستی چاره‌سه‌ر بكرێت به‌ر به كاره‌ساتی ژینگه‌یی بگیرێت.
ناوچه سوودمهندكانی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان
ناوچه‌كانی كه سود له ئاوی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان ده‌بینن زۆرن و هه‌ریه‌كه به شێوه‌ی جیاواز سوودی لێده‌بینین، له‌وباره‌یه‌شه‌وه ره‌حمان خانی رایگه‌یاند: باخ و دارستان و كشتوكاڵهكانی ناوچه‌ی گه‌رمیان له كهلارو زه‌نگ ئابادو به‌ری خانه‌قی و جه‌له‌ولاو قه‌ره‌ته‌په پشت به ئاوی سیروان ده‌به‌ستن، كه سه‌رچاوه‌كه‌یان به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخانه، به تایبه‌تی له وه‌رزی هاوین و پاییزدا، هه‌روه‌ها داهاتی سه‌ره‌كی به‌نداوی حه‌مرین پشت به به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان ده‌به‌ستێت كه هه‌موو حه‌وزی دیاله پاراو ده‌كات.
سه‌رچاوه : http://rebinmuhamad.wordpress.com