ڕێچکه‌کانی ڕێبازی ڕیالیزم [size=16][center]
ڕیالیزم به‌سیفه‌تی ئه‌وه‌ی چه‌ند بنه‌مایه‌کی فه‌لسه‌فیش و بوو واقیعی له ئایدیاڵ و ڕۆح جودا ده‌کرێته‌وه له ئاکامدا بووه بنچینه‌یه‌ک بۆ له‌داییکبوونی چه‌ندین لقی جۆراوجۆرڕهخنهگر و ئه‌ده‌بناسان ڕێبازی ڕیالیزم به‌سه‌ر چه‌ندین لق و ڕێچکه‌دا دابه‌ش ده‌که‌ن ( که زۆربه‌ی هه‌ره زۆریشیان له‌ماوه‌ی ناوه‌ڕاست و کۆتایی سه‌ده‌ی 19دا ژیاون ) ئه‌م لقانه‌ش هه‌ندێک به‌زه‌حمه‌ت یه‌ک له ئه‌وی دیکه جودا ده‌کرێته‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موویان له‌یه‌ک سه‌رچاوه هه‌ڵقوڵاون که ئه‌ویش واقیعه ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له ڕه‌خنه‌گران ڕێبازی په‌رناس و سمبولیزمیش ده‌گێڕنه‌وه سه‌ر ڕیالیزم
ناتورالیزم
ئه‌م ڕێبازه ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه له نێوان ساڵانی 1860 و 1880 دا له‌ژێر دوو کاریگهرییهتدا دروست بوو :
1- له‌ژێر کاریگهرێیتی ڕێبازی ڕیالیزم به‌تایبه‌تی ڕیالیزمی فلۆبێرت
2- لهژێرکاریگهرییتی پۆزه‌تیڤیزمی تاین که‌ئه‌ویش ڕێبازێکی فه‌لسه‌فی بوو ئۆگۆست کۆمت دایمه‌زراندبوو باوه‌ڕی به‌وه هه‌بووه که سروشتی مرۆڤ و کۆمه‌ڵ به‌پێی چه‌ند یاساییه‌کی سروشتی و ناوه‌وه‌ی مرۆڤ به‌ڕێوه‌ده‌چن
یه‌که‌مین تیۆردانهر و نوسه‌رێک که بنه‌ما جوانیناسیهکانی ناتورالیزمی داڕشتنی ئێمیل زولا بوو ئه‌ویش له کتێبی ڕۆمانی ئهزونگهری له‌ساڵی 1890دا ئه‌و ناوه‌ڕۆک و ڕاستییه‌کانی ڕۆمانی له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌و تێبینی و سه‌رنجانه‌وه هه‌ڵده‌چنێ که له‌ڕێگای واقیع و ئه‌زموونه‌کانی سروشتی مرۆڤ و کۆمه‌ڵه‌وه ده‌ستی ده‌که‌وتن باوه‌ڕی وابوو که ژینگه و واقیع سروشتی مرۆڤ ده‌خه‌نه ژێر ڕکێفی خۆیانه‌وه .
ئه‌م ڕێبازه ده‌یویست ئه‌ده‌ب و هونه‌ر بخاته ژێر به‌کارهێنانی میتۆده‌کانی زانستی پۆزه‌تیف واته واقیع به‌شێوه‌یه‌کی مه‌وزوعیانه‌ی وردبین له‌هه‌موو بوارێک‌دا بهێنێته‌وه .
ڕیالیزمی فۆتۆگرافی
ئه‌م ڕێبازه واقیعی کۆمه‌ڵگه‌ی وه‌ک چۆن خۆی هه‌بوو وه‌ک خۆی واته له‌شێوه‌ی وێنه‌یه‌کی فۆتۆگرافیدا ده‌خسته به‌رچاوی خه‌ڵک بێ ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه له‌هیچ لایه‌نێکی خراپی کۆمه‌ڵ بگرێت و بێ ئه‌وه‌ی نوسه‌ر یا هونه‌رمه‌ند هیچ بینینێکی تایبه‌تی خۆی ده‌رببڕێت و هیچ مۆرکێکی تایبه‌تی خۆی بخاته سه‌ر واقیعه‌که
به‌ڕای ڕه‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌ب هه‌ندێ له‌به‌رهه‌مه‌کانی بالزاک و تۆرژینێڤی ڕووس ده‌چنه‌وه سه‌ر ئه‌م ڕێبازه
ڕیالیزمی ڕه‌خنه‌گرانه
ئه‌م ڕێبازه واقیعی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگه‌ی به‌شێوه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌گرانه ده‌خسته به‌رچاوی خه‌ڵک لایه‌نه خراپه‌کانی کۆمه‌ڵ و مرۆڤایه‌تی له‌چوارچێوه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌ییدا پێشکه‌ش ده‌کرد به‌تایبه‌تی ڕه‌خنه‌گرتن له‌چینی باڵا و ده‌سه‌ڵاتداری کۆمه‌ڵ و حکومه‌ت له‌ئاکامدا خوێنه‌ر یا بینه‌ری وا لێده‌کرد که بیر له‌دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێک بکاته‌وه بۆ ئه‌و گیروگرفتانه‌ی که لهبهرههمهکهدا خراونه‌ته ڕوو . له ڕوسیا گۆگۆڵ و هه‌ندێ له‌به‌رهه‌مه‌کانی تۆڵستۆی و باسترناک و ئیلیا ئێهرهنبۆرگ سه‌ربه‌م ڕێبازه‌ن ، ڕه‌خنه‌گری ڕووس ڕۆڵێکی دیاری هه‌بوو له تیۆریزه‌کردنی بنه‌ماکانی ئه‌م ڕێچکه‌یه .
له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا دوو نۆڤلێتی ( لهخهوماو ) ی جه‌مال سائیب و ( مه‌سه‌له‌ی وێژدان)ی ئه‌حمه‌د موختار به‌گی جاف سه‌ربه‌م ڕێبازه‌ن.
ڕیالیزمی شۆڕشگێڕانه
ئه‌م ڕێبازه مرۆڤ و کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی له‌حاڵه‌تی په‌ره‌سه‌ندن و گۆڕانکاریدا وێنه ده‌کێشا باوه‌ڕێکی شۆڕشگێڕانه و پته‌وی به گۆڕانی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگه هه‌بوو له خراپه‌وه به‌ره‌و باش و له‌باشه‌وه به‌ره‌و باشتر.
ئایدۆلۆژیه‌تی مارکسیزم و لینینیزم له‌پێش شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ری ڕوسیای 1917 پاڵپشت و زه‌مینه‌ی فیکری ئه‌م ڕێبازه بوو ناوه‌که‌شی هه‌ر له‌مه‌وه هاتووه .
ماکسیم گۆڕکێ که هاوڕێی نزیکی لینین بوو به دامه‌زرێنه‌ری ئه‌م ڕێبازه له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت هه‌ر ئه‌وه‌یش بووه مایه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م ڕێبازه و دروستبوونی ڕێبازی ڕیالیزمی سۆشیالیست له‌ساڵانی 1932 – 1934 دا له‌یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت به‌ناوبانگترین ڕۆمانی سه‌ر ئه‌م ڕێبازه ڕۆمانی ( داییک ) ه نوسراوی مه‌کسیم گۆڕکێ
ڕیالیزمی سۆشیالیست
ئه‌م ڕێبازه ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه که‌له‌ساڵی 1934 به‌ولاوه له‌لایه‌ن یه‌کیه‌تی نوسه‌رانی سۆڤیه‌ته‌وه ده‌ستنیشان کرا و ئه‌رکی گرته‌به‌ر که‌چینی کرێکاران و خه‌ڵک بهئایدیۆلۆژیهت و ڕۆحیاتی سۆشیالیستی ( که‌سه‌رچاوه‌که‌ی یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت بوو ) په‌روه‌رده‌بکات
ڕیالیزمی سۆشیالیست کهلهسهرچاوهی ڕێبازه شۆڕشگێڕیه پڕۆلیتاریهکانهوه هه‌ڵده‌قوڵێ که‌له‌سه‌ر بناغه‌ی بیر و ڕه‌وشتی سۆشیالیستی ده‌مه‌زراوه
ڕیالیزمی سۆشیالیست ئه‌م بنچینانه‌ی هه‌بوو :
1- واقیعیه‌تێکی مه‌وزوعی که‌له‌ده‌ره‌وه‌ی هۆشیاریدا هه‌یه و پێویسته له‌به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیدا ڕه‌نگ بداته‌وه
2- گه‌شبینیه‌کی مێژوویی له‌ئاستی ده‌ربڕینی بابه‌ت و ژیان و ڕووداوه‌کان پێشکه‌ش بکات .
3- داهێنان پێویسته هه‌مان تێگه‌یشتنی زانستی هه‌بێت واته هه‌مان ئامانج به‌ڵام به‌به‌کارهێنانی ئامرازێکی دیکه .
4- ئیلتیزام کردنی نوسه‌ر و هونه‌رمه‌ندان بۆ خزمه‌تکردنی ئایدیالی سۆشیالیزم .
ئه‌م بنه‌مایه‌و چه‌ندان یاسای دیکه ژدانۆڤ بۆ ڕێبازی ڕیالیزمی سۆشیالیستی داینان و به‌درێژایی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تی ستالین نوسه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی سۆڤیه‌تی خسته چوارچێوه‌ی ته‌نگی به‌حزبایه‌تی کردنی ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌وه .
بۆئه‌وه‌ی سوشیالیست بمێنێتهوهبهم شێوه‌یه نوسه‌ر ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ده‌کاته قوربانی ئایدۆلۆژیه‌تی سۆشیالیستی به‌شێکی زۆری ڕۆمانه‌کانی جه‌نگیز ئهتماتۆف و ڕۆمانه‌کانی عه‌ره‌بی شه‌مۆ وه‌کو شڤانی کورد و به‌ربانگ سه‌ر به‌م ڕێبازه‌ن .
هێپێر ڕیالیزم
زۆرتر له‌بواری نیگارکێشاندا باوبوو له‌ساڵانی سیه‌کانی ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا ڕاگه‌یه‌ندرا له ئه‌مه‌ریکا ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن ئێدوارد هۆپه‌ر ، شارل شیله‌ر ، ئیندریۆ وایه‌ت ، هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندان مۆنۆری ، ژیل ئایلۆد ، ۆڵفگانگ که‌شێوازێکی زۆر باریکبینانهیان هه‌بوو بۆ وێنه‌کێشانی واقیعی مرۆڤایه‌تی له ئه‌مریکا .
ڕیالیزمی تازه
ئه‌م ڕێبازه که زیاتر له‌بواری هونه‌ری نیگار و شێوه‌کاریدا بره‌وی په‌یدا کرد بۆ یه‌که‌مین جار له‌لایه‌ن سێ هونه‌رمه‌ندی ئه‌وروپیه‌وه ڕاگه‌یه‌نرا ( ئێف کلێین ، ڕامۆند هاینس ، ژان تینگێلای ) که‌له‌ساڵی 1959 دا له‌پاریس پێشانگایه‌کی هاوبه‌شیان کرده‌وه و کاریگهریهتیهکی گه‌وره‌یان خسته سه‌ر هونه‌ر له‌فه‌ڕه‌نسا و ئه‌وروپادا.
ڕه‌واجی ئه‌م ڕێبازه له‌ماوه‌ی ساڵانی 1960-1963 له‌ئه‌وروپا به‌رده‌وام بوو تا ئیترتێکهڵ به هونه‌ر و ڕێباز و شێوازه هاوچهرخیهکانی دیکه بوو .
هونه‌رمه‌نده‌کانی سه‌ر به‌م ڕێبازه واقیعی پێشکه‌وتووی شارستانیه‌تی تازه‌ییان ده ئاخنیه ناو هونه‌ر پێشکه‌وتنی ته‌کنه‌لۆژی و زانستی و پیشه‌سازی و شارستانیه‌تی ئه‌وروپای نوێ زۆر به‌وردی و فراوانی له به‌رهه‌مه‌کانیاندا ڕه‌نگی ئه‌دایه‌وه ، بۆ نمونه سودیان له که‌ل و په‌ل و ئامێر و که‌رسته و شتومه‌کی شکاو و فڕێدراو وه‌رده‌گرێت بۆ ده‌ربڕینی هونه‌ری یا کۆکردنه‌وه‌یان له تابلۆیه‌کدا .
هه‌روه‌ها چه‌ندین ڕێچکه‌ی دیکه‌ی ئه‌مڕۆی وه‌ک ڕیالیزمی سیحری ( فه‌نتازی ) و هی دیکه‌ش که هه‌موویان هه‌ر سه‌رچاوه‌ی خۆیان له واقیعه‌وه هه‌ڵێنجاندووه، به‌ڵام بۆ ده‌ربڕین پشت به فانتازیا و توخمه‌کانی ئه‌فسانه و زێده‌ڕۆیی سه‌یر و سه‌مه‌ره ده‌به‌ستن گابریل گارسیا مارکیز و ئیتالیۆ کالڤینۆ و بۆرخێس سه‌ر به‌م ڕێچکه تازانه‌ی ڕیالیزمهن .[/center][/size]
ئامادەکردنی خاتو دینا