دڵــداری بــێ ده‌نــگ. . .
دوو دڵدارین کپ و بێده‌نگ
دوو زامدارین ، ژین شه‌وه‌زه‌نگ
له ئاسمانی خه‌یاڵی ته‌ڕ دێینه فڕین
بێ سکاڵا ، بێ ڕاز‌و نیاز ده‌ربڕین
به‌ڵام خۆشه !
ئه‌و دڵه چۆڵه‌ی خامۆش بوو
دوور له جۆش بوو
ئێستا پڕه له ئاوازی
ده‌نگی سازی
خۆشه‌ویستی
خۆشه‌ویستی که‌س نه‌بیستی
که له ئه‌سری شه‌وگاری چاو
پێشکه‌شم کرد ، هه‌رچه‌ند ویستی
به‌ڵێ خۆشه !
با ڕامماڵێ
لێشاوی ئه‌ندێشه‌ی بێ‌بن
هه‌ڵمگرێ و بمباته لای
ئه‌و خاتونه‌ی جوان و شه‌رمن
که ده‌مێکه ڕاده‌بوێرین بێ گفتوگۆ
قووتمان ده‌دا گه‌رووی ته‌نگی
ژینی ژانی شه‌وه‌زه‌نگی
به بێده‌نگی !
* * *
له چوارچێوه‌ی دڵی لاودا
شێوه‌ی جوانی یه‌کترمان هه‌ڵواسیوه
له ئاوێنه‌ی ڕوونی چاودا
دڵی یه‌کمان چاک ناسیوه
چۆن نه‌یناسم ؟ چۆن نه‌مناسێ ؟
هه‌موو جارێ که پێک ده‌گه‌ین
زمان له زاردا ده‌تاسێ
له‌گه‌ڵ دڵه‌کوته‌ی گه‌رم
له ڕوومه‌تمان تک تک ده‌تكێ
ئاره‌قه‌ی بێگه‌ردی شه‌رم
ختووکه‌ی په‌نجه‌ی ئاره‌زوو
ده‌مانخاته به‌ر لێشاوی سیحری ته‌زوو
بیناییمان، که فرمێسک ده‌یدوێنێ
ده‌ستێکی خوایی نهێنی
په‌رده‌ی به‌سه‌ردا ده‌کشێنێ
هیچ نابینێ.