[size=22]
پیرۆزبایی كه‌ناڵی ئاسمانیی په‌یام به‌بۆنه‌ی‌ دامه‌زراندنیه‌وه‌

   
ساڵێك له‌مه‌وبه‌رو له‌ 1/12/2008دا كه‌ناڵی‌ ئاسمانیی‌ په‌یام وه‌ك یه‌كه‌مین كه‌ناڵی‌ ئاسمانیی‌ ئیسلامیی‌ كوردیی‌، ده‌ستی‌ به‌ په‌خشی‌ ئه‌زموونیی‌ به‌رنامه‌كانی‌ كرد، به‌مه‌ش دوای‌ چاوه‌ڕوانییه‌كی‌ زۆر، كه‌ناڵێكی‌ ئاسمانیی ئیسلامیی كوردیی له‌دایكبوو كه‌ چه‌ندین ساڵ خه‌ون و خولیای‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان و ئیسلام دۆستانی‌ بوو.
دوای‌ ساڵێك له‌ كاركردن و تێپه‌ڕاندنی‌ قۆناغێكی‌ گرنگی‌ كاری‌ كه‌ناڵه‌كه‌ كه‌ قۆناغی‌ بنیاتنان و خۆناساندن بوو به‌ بینه‌ران، له‌ ساڵی‌ نوێی‌ ته‌مه‌نیدا په‌یام به‌ڵێن به‌ بینه‌رانی‌ ده‌دات پارێزه‌ری‌ به‌ها پیشه‌یی‌‌و ئاینی‌‌و نیشتیمانیه‌كانی‌ گه‌له‌كه‌مان بێت و، وه‌ك هه‌میشه‌ له‌سه‌نگه‌ری‌ خه‌ڵكی‌ كوردستاندا دژ به‌ ناحه‌زانی‌ كیان‌و ئاین‌و خاكی‌ كوردستان بوه‌ستێته‌وه‌.
هه‌ربه‌و بۆنه‌یه‌وه‌ په‌یام پیرۆزبایی نامه‌یه‌كی‌ ئاڕاسته‌ی‌ بینه‌رانی و جه‌ماوه‌ری‌ گه‌له‌كه‌مان به‌گشتیی كردووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی‌:
بسم الله الرحمن الرحیم
(الدین یبلغون رسالات الله ویخشونه‌ ولا یخشون احدا الا الله، وكفی باالله حسیبا)
بینه‌رانی‌ به‌ڕێز..
دۆستانی‌ كه‌ناڵی‌ ئاسمانیی‌ په‌یام
ڕۆژی‌ 1/ 12 ی‌ ساڵی پار، ئه‌و ڕۆژه‌بوو كه‌ تیایدا هه‌موو به‌تاسه‌وه‌ چاوه‌ڕێی‌ یه‌كه‌مین وێنه‌و وشه‌ی‌ ڕاستگۆیانه‌ی‌ (په‌یام)مانكرد, هه‌زاران سوپاس بۆ خوای‌ گه‌وره‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ خه‌ونێكی‌ چه‌ند ساڵه‌ی‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ خه‌ڵكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بوو له‌ شكاندنی‌ قۆرخكاری‌ له‌ ڕاگه‌یاندنی‌ بینراوی‌ ئاسمانی‌ كوردی‌ له‌م ڕۆژه‌دا هاته‌دی‌.
ئه‌و خه‌ڵكه‌ی‌ چاوه‌ڕێیان ده‌كرد شاشه‌یه‌كیش هه‌بێت ببێته‌ خه‌ون‌و خولیای‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ هه‌ژاران‌و ڕۆشنبیرانی‌ ئازادو ده‌ره‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات‌و بتوانن قسه‌ی‌ خۆیان به‌بێ‌ سانسۆر به‌ گوێی‌ هه‌موو كوردێكدا بده‌ن له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ كوردستان.
ئێمه‌ له‌كاتێكدا یه‌كه‌مین ساڵیادی‌ شاشه‌ی‌ په‌یام ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی‌ په‌خش له‌ نێوان ئه‌گه‌ری‌ سه‌ركه‌وتن‌و شكستیدا دۆست‌و نه‌یارانی‌ ئه‌م بڵندگۆ ڕاستبێژه‌ دۆش دامابوون, دۆسته‌كانمان زۆربوون كه‌ پێیان وابوو ئێمه‌ی‌ ڕاگه‌یاندنكارانی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان له‌ ئه‌زموونێكی‌ ناوخۆیی‌ شاره‌كانه‌وه‌ ناتوانین سنوری‌ شارو هه‌رێمی‌ كوردستان ببڕین‌و به‌ سه‌ركه‌وتوویی‌ ئه‌زموونی‌ سه‌ته‌لایت‌و به‌ جیهانیكردنی‌ شاشه‌كه‌مان تاقیبكه‌ینه‌وه‌, به‌ڵام كاتێك كه‌وتینه‌ ڕێ‌ هه‌موو دۆسته‌كانمان كه‌ جێگه‌ی‌ شانازی زۆری‌ ئێمه‌ن‌و به‌ توانای‌ ماددی‌‌و مه‌عنه‌وی‌ خۆیان ده‌ستباریان له‌گه‌ڵ گرتین‌و دڵشادو خۆشحاڵبوون به‌ شاشه‌كه‌یان, وێڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌یارانی‌ ئه‌م شاشه‌یه‌ش كه‌ به‌بڕوای‌ ئێمه‌ خه‌ڵكانێكن چاویان به‌بیرو ڕای‌ جیاوازو ڕه‌خنه‌گرو په‌یامی‌ ئاینی‌ ئیسلام هه‌ڵنایه‌ت هیچ شتێكیان بۆ نه‌مایه‌وه‌ له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م شاشه‌ به‌ بینه‌رو سه‌نگینه‌دا دروستكردنی‌ درۆ و بوهتان نه‌بێت كه‌ سوپاس بۆ خوا ئێمه‌ پاش به‌ره‌كه‌ت‌و پشتیوانی‌ خوای‌ په‌روه‌ردگار‌و به‌كاركردنی‌ به‌رده‌وام‌و شه‌وووڕۆژ خستنه‌سه‌ریه‌كی‌ كارمه‌نده‌ ماندوونه‌ناس‌و زیره‌كه‌كانمان توانیمان هه‌موو ئه‌و درۆو بوهتانه‌ داتاشراوانه‌ پوچه‌ڵبكه‌ینه‌وه‌و بیسه‌لمێنین ئه‌م ده‌نگه‌ بوێره‌ نه‌وه‌ی‌ سه‌ڵاحه‌ددینه‌و له‌ كوردستانی‌ ئازاده‌وه‌و به‌ ئیمكانیاتی‌ كه‌م‌و بیری‌ تیژه‌وه‌ كارده‌كات.
ئێمه‌ له‌ساڵێكی‌ ڕابردووی‌ ته‌مه‌نی‌ كه‌ناڵه‌كه‌ماندا كه‌ ساڵی‌ بنیاتنان‌و دروستكردن‌و خستنه‌ سه‌رپێ‌‌و خۆناساندن بوو به‌ بینه‌ر ئه‌وه‌ی‌ توانیمان كردمان‌و سڵمان نه‌كرده‌وه‌ له‌وه‌ی‌ له‌ كاتی‌ خۆیدا ڕاستیه‌كان بڵێین‌و بچینه‌ سه‌نگه‌ری‌ هه‌ژارانه‌وه‌و ئه‌و ده‌نگ‌و ڕه‌نگانه‌ی‌ چه‌ندین ساڵ بوو گه‌ماڕۆیان له‌سه‌ر بوو بهێنین‌و ڕوویه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی‌ ئاین‌و كلتورو ڕۆشنبیری‌‌و هونه‌رو زانست‌و سیاسه‌ت‌و هه‌واڵ‌و زانیارییه‌كان پیشانی‌ بینه‌رانی‌ خۆمان له‌ ناوه‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ كوردستان بده‌ین.
له‌و ساڵه‌ی‌ ته‌مه‌نی‌ كه‌ناڵه‌كه‌ماندا وێڕای‌ كه‌می‌ ئیمكانیات‌و نه‌بوون‌و كه‌می‌ كادیری‌ پسپۆڕی‌ بواره‌ جیاجیاكانی‌ سه‌ته‌لایت‌و گرفته‌ ته‌كنیكی‌‌و هونه‌رییه‌كان چه‌ندین گرفتی‌ تری‌ جۆراو جۆرمان هاتووه‌ته‌ پێش كه‌ گرگترینیان داخرانی‌ ده‌رگاكانی‌ زانیارییه‌ به‌ڕووی‌ ڕۆژنامه‌نووسانی‌ ئێمه‌و ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتن.
وێڕای‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ ئه‌زموونی‌ كاركردنی‌ ساڵێكی‌ ئێمه‌ شایه‌نی‌ شه‌ن‌و كه‌وی‌ زیاترو لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ باشتره‌ تا لایه‌نه‌ چاك‌و لاوازه‌كانی‌ باشتر دیاریبكرێن ئه‌و بڕیاره‌ش بۆ بینه‌رانمان به‌جێده‌هێڵین, ده‌رگای‌ كه‌ناڵه‌كه‌شمان به‌رده‌وام واڵایه‌ بۆ ڕه‌خنه‌و پێشنیاری‌ ئێوه‌ی‌ بینه‌رانی‌ به‌ڕێًز له‌ سه‌رجه‌م چین‌و توێژه‌ جیاجیاكانی‌ كۆمه‌ڵگه‌و ئاماده‌ی‌ ڕاستكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كین به‌رانبه‌ر هه‌ر كه‌س‌و ده‌زگاو بینه‌رێكدا كرابێت‌و به‌سه‌ر به‌شه‌ جیاجیاكانی‌ كه‌ناڵه‌كه‌ماندا تێپه‌ڕببێت.
ئه‌و به‌ڵێنه‌ش به‌بینه‌رانمان ده‌ده‌ین كه‌ له‌ ساڵی‌ داهاتوودا به‌ گوڕو تێنێكی‌ نوێوه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ین‌و له‌سه‌ر دروشمه‌كه‌مان(ڕاستی‌ وینه‌و وشه‌) سوورتر ده‌بین‌و ڕاستی‌ له‌ هه‌موو شتێكماندا سه‌نگی‌ مه‌حه‌ك‌و هێڵی‌ سوره‌و كرانه‌وه‌و پێشكه‌شكردنی‌ به‌رنامه‌ی‌ زیاترو باشتر له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا‌و به‌خشینی‌ مه‌ودای‌ زیاتر به‌ ڕه‌خنه‌و گفتوگۆی‌ زیاترو زیادكردن‌و چڕكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و به‌رنامانه‌ی‌ كه‌ هۆشیاری‌ زیاتر سه‌باره‌ت به‌ ئاینی‌ ئیسلام به‌ بینه‌رانمان ده‌به‌خشن.
هه‌روه‌ها دووپاتیده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ساڵی‌ نوێی‌ ته‌مه‌نی‌ په‌یامدا هه‌روه‌ك ساڵی‌ ڕابردوو پارێزه‌ری‌ به‌ها پیشه‌یی‌‌و ئاینی‌‌و نیشتیمانییه‌كانی‌ گه‌له‌كه‌مانین‌و وه‌ك هه‌میشه‌‌و هه‌رده‌م له‌سه‌نگه‌ری‌ خه‌ڵكی‌ كوردستاندا دژ به‌ ناحه‌زانی‌ كیان‌و ئاین‌و ره‌وشت‌و ئاوو خاكی‌ كوردستانمان ده‌وه‌ستینه‌وه‌.
دووباره‌ پیرۆزبێت یه‌كه‌مین ساڵیادی‌ یه‌كه‌مین كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ ئیسلامی‌ كوردی‌‌و هه‌زاران سوپاس بۆ ئێوه‌ی‌ بینه‌رانی‌ په‌یام كه‌ به‌هه‌ڵبژاردنی‌ شاشه‌ی‌ په‌یام هه‌میشه‌ پشتیوانمانن
شه‌كاوه‌بێت ئاڵای‌ ڕاستگۆیی‌‌و میدیای‌ پابه‌ند به‌ ئاكاره‌ ئیسلامیی‌و پیشه‌ییه‌كانه‌وه‌
خوای‌ گه‌وره‌ یارمه‌تیده‌رو پشتیوانی‌ ڕۆژنامه‌نووسانی‌ بوێرو بانگه‌وازكارانی‌ دڵسۆزو كه‌سانی‌ بۆ خواسوڵحاوبێت.
( وقل اعملوا فسیری‌ االله‌ عملكم ورسوله‌ والممنون )
والسلام علیكم و رحمه‌ الله و بركاته‌
كه‌ناڵی‌ ئاسمانیی‌ په‌یام
1/12/2009


www.payamtv.net[/size]