1

بابه‌ت: (((گفتوگۆیه‌ك له‌ گه‌ڵ نیشتمان)) ساڵه‌ح هه‌لاج/salah halaj

ساڵه‌ح هه‌لاج

(((گفتوگۆیه‌ك له‌ گه‌ڵ نیشتمان))

وه‌ره‌ ئه‌ی نیشتمان وه‌ره‌.
با دڵۆپه‌ بارانی هه‌ورو
كه‌ف و كوڵی خوێنی ئێمه‌ به‌راورد كه‌ین؟
كامیان زیاتر ؟
به‌ جۆشتره‌و به‌ عه‌شقه‌وه‌
كێڵگه‌كانت تێراوده‌كه‌ین.
لوتكه‌ی چیاو هه‌ڵه‌مووتی كێوه‌كانت پێوانه‌كه‌ین
له‌گه‌ڵ ته‌رمی شه‌هیده‌كان
باڵای كامیان بڵند تره‌.
وه‌ره‌ ئه‌ی نیشتمان وه‌ره‌
ده‌شت و ده‌ر و مێرگ و باخت
قولانج قولانج پڕ له‌ گوڵ و چڕی داره‌ ؟
یان هه‌نگاوی شه‌و و ڕۆژی دڵدارانت ،
چاوی خۆر و ئه‌ستێره‌ و مانگ
یان دوو چاوی پێشمه‌رگه‌كان
له‌ بێداری و ئێشكگریت وریاتره‌؟
بای شه‌ماڵ و كزه‌ی وه‌شت و
گڤه‌ گڤی ڕه‌شه‌باكه‌ت به‌ تاو تره‌؟
یان هه‌ناسه‌ی نه‌ پڕووكاوی جوانمه‌رده‌كان؟
ئه‌شكی سووری دایكه‌كانمان
یان شه‌پۆلی چه‌م و كانی
خوڕه‌ خوڕی تاڤگه‌كانت به‌ تاو تره‌؟
تۆ خواكامان له‌ پێش مه‌رگین ؟
خوێنمان ده‌كوڵێ‌ به‌ كاوه‌كاو
به‌ ڕووی مه‌رگدا پێده‌كه‌نین .
تا بیستێكت نه‌دۆڕێنین
هه‌ر خۆت وه‌ره‌:
با گۆڕستان ئه‌ژمار بكه‌ین
جه‌سته‌ی ئێمه‌ بۆ بته‌وی ڕه‌گی زه‌ویت
له‌ ناختدا خۆیان كردووه‌ به‌ بنچینه‌ت
نه‌وه‌ك له‌ به‌ر بومه‌له‌رزه‌ و
شریخه‌ی هه‌ور و
گرمه‌ و ناڵه‌ی پێ داگیركه‌ر، هه‌ره‌س بكه‌ی
تۆ بێده‌نگی له‌ هاتنی ( پێی ) بۆگه‌نی داگیركه‌ران !
ئێمه‌ به‌ خوێن گڵاویی جه‌سته‌ت ده‌شۆینه‌وه‌،
ئه‌گه‌ر ده‌نگت وه‌كو جاران حه‌وسه‌ڵه‌یی
چریكه‌ی نییه‌ ؟
ئێمه‌ به‌ كوڵ بۆ دچڕین ،
هه‌ڵۆی گیانمان
له‌ ئاسمانتا له‌نگه‌ر ده‌گرێن،
سوپاس ئه‌ی نیشتمان سوپاس
فێرتكردین خۆشتمان بویێ ،
به‌رزه‌فڕین دانانه‌وێین .
فێرتكردین
هه‌ر به‌پێوه‌ ملی ڕێگه‌ی مردن بگرین
سوپاس ئه‌ی نیشتمان سوپاس ؟؟..