بابهت: سەرهەنگ موحسین: خەون بە جیهانی بوونی تۆپی پێی كوردستان دەبینم
سەرهەنگ موحسین گۆلپارێزی یانەی هەولێر: خەون بە جیهانی بوونی تۆپی پێی كوردستان دەبینم
ئەگەر چاو بەمێژوویی تۆپی پێی یانەی هەولێر بخشێنینەوە، بۆمان دەردەكەوێت كە ئەم یانەیە بەدرێژایی ساڵانی رابردوو خاوەن گۆڵپارێزی زۆر بەتواناو لێهاتوو بووەو كە هەندێكیان توانیویەتیان خۆیان بگەیەنێنە هەڵبژاردەی عێراق، یەكێك لەو گۆڵپارێزانە سەرهەنگ موحسینە.
سەرهەنگ جگە لەوەی گۆڵپارێزێكی لێهاتووە، شاعیرێكی باش و خاوەن رەوشتێكی بەرزە، لەكاتی وەڵامدانەوەی پرسیارەكانی گۆڤاری (سەكۆ) زۆر بەجوانی و بەشێوەیەك وەڵامیداینەوە، كە لەكاتی داڕشتنەوەی دیمانەكە هیچ زەحمەتێكمان نەكێشا، تەنیا دەستكاری كەمێك لە ووشەكان نەبێت، ئەگینا وەڵامەكانمان دەقاو دەق وەكو خۆی دابەزاندەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات سەرهەنگ خاوەن رۆشنبیریەكی فراوانەو خوێنەرێكی باشیشە.
لەم دیمانەیەدا چەند پرسیارێكمان سەبارەت بەژیانی وەرزشی و ژیانی تایبەتی خۆی ئاراستەی كرد ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە:
سەرەتای دەستپێكردنی یاریكردنت لەچ تیپێك بوو؟
- بەناوی خودا، وەك زۆربە، سەرەتا لەقوتابخانەی سەرەتایی دەستم بەیاری تۆپی پێ كرد، دواتریش بەرەو تیپە میللیەكان و یانەی هەولێر چووم.
كێ بوو بەهرەی سەرهەنگی دۆزیەوە؟
- مامۆستای قوتابخانەكەم، خوالێخۆشبێت سدیقی گچكە شوێنی گۆڵپارێزی بۆ هەڵبژارم، هۆی دەستنیشانكردنەكەش بۆ بەهرە فیترییەكە دەگەڕێتەوە، كەتوانای جەستەیی و چاونەترسی و درێژیم بوونە هۆكار بۆ ئەوەی گۆڵپارێزی بكەم.
سەرهەنگ موحسین حەزبوو یان بەڕێكەوت بوو بە گۆڵپارێز؟
- هەڵبژاردنی تۆپی پێ بەگشتی حەزی خۆم بوو، بەڵام یاریكردنم وەك گۆڵپارێز لەسەرەوە باسمكرد بۆیان هەڵبژاردم.
ماوەیەكە وەك گۆڵچی سەرەكی ناتبینین هۆكاری چیە؟
- بە پێچەوانەوە من زۆرتر سەرەكی بویمە، خۆ ئەگەر چاو بە پێكهاتەی یارییەكانی یانەكەمان لە خولی عێراق بخشێنینەوە دەبینین زۆربەی یارییەكان من بەژداریم تێدا كردووە، تەنیا لەخولی ئاسیا نەبێت، تەنیا لەدوو یاری بەژداریمكرد، جا پەنا بەخوا ئەم دۆخە كاتییەو لەداهاتوو باشتر دەردەكەوم.
پێتوانیە یاریزانی یەدەگ ئاستی بەرەو دابەزین دەچێت؟
- دابەزینی ئاست، بەپلەی یەكەم بۆ خودی كەسەكە دەگەڕێتەوە، بۆیەش زۆر یاریزانی بەتوانامان هەبوو، نەیانتوانی باش مامەڵە لەگەڵ یەدەگی بوون بكەن و هەرزوو دابڕان، قۆناغی یەدەگی بوون وەك مردنە، هەموو یاریزانێك دەیبینێ، جا ئەو هەوڵ و ماندووبوونە دۆخەكە لەدابەزینی ئاست دەگۆڕێ بۆ بەرەو لوتكەچون.
نێوانت لەگەڵ یاریزان محەمەد گاسد چۆنە؟
- خۆشبەختانە پەیوەندیم نەك تەنیا لەگەڵ ئەو، بەڵكو لەگەڵ هەموو یاریزانەكانی دیكەی یانەكەم باشە، پەنا بەخوا لەهەوڵی باشتركردنی پەیوەندیەكانم دەبم.
پێتوایە ئەم گۆڵپارێزە ئەركەكەی بەشێوەی 100% بەجێ گەیاندووە؟
- بەر لەهاتنی ئەو، لەشوێنێ گوتم، ئەگەر دەستەی كارگێڕی یانەكەم دەیانەوێ بۆ ئەمساڵیش گۆڵپارێزێك بێننە ریزی یانەكەوە، پێم باشە لەبیری ئەوەبن، كە گۆڵپارێزێك بێنن لە گۆڵپارێزەكانی یانەی هەولێر باشتر بێت، ئەگەر باشتر نەبوو، هێنانی هیچ لەمەسەلەكە ناگۆڕێ، بگرە پارەیەكی زۆری بۆندو مووچەش بەهەدەر دەچێ، ئەوەشمان لەبیر نەچێ یانەی هەولێر هەر لەساڵی 2002 تاكو ساڵی پار، لەماوەی ئەم چەند ساڵە دەستكەوتی زۆر گەورە لەمێژووی یانەی هەولێر نووسرانەوە.
گۆڵپارێز دەورێكی كاریگەری هەبووە لەئەنجامی یارییەكان و بەدەستهێنانی دەستكەوتەكان، وەلێ ئەمساڵ ئەگەرچی خۆم زۆربەی یارییەكان یاریم كردووە، بەڵام لەچاو ساڵەكانی رابردوو رام لەدۆخی گۆڵی یانەكەم نیە، بەڵام بەڵێن دەدەم ساڵی داهاتوو باشتر دەبێت.
هۆی هێنانی ئەم گۆڵپارێزە بۆ یانەی هەولێر چی بوو، هەموومان دەزانیین هەولێر دوو گۆڵپارێزی بەتوانای هەیە؟
- ئەمساڵ هێنانی گۆڵپارێز دوو لایەنی هەبوو، باش و خراپ، من تیشك دەخەمە سەر ئەوەی یەكەمیان، پێمخۆش بوو یانەكەم بەم تاقیكردنەوەیەش تێپەڕێ بەهێنانی گۆڵپارێزێك، كە لەریزی هەڵبژاردەی عێراق یاری دەكات، ئەزموونێكی باشبوو بۆ دەستەی دەستنیشانكردنی یاریزانان لەنێو دەستەی كارگێڕی، هەموومان جیاوازیەكەمان بینی، تیپی دووەممان كە بەژداری خولی كوردستان دەكات، بە بوونی ( دیدار حامد ) لەگەڵیان ئەنجامی باشیان بەدەستهێنا، وە دیدار بووە براوەی خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی خولی كوردستان، هەستدەكەم ئاستی خولی كوردستان ئێستا ئەگەر لە خولی عێراق باشتر نەبێ، خراپتر نیە، جا گەشبینم بەوەی ئەم دۆخەی ئێستا كاتییە، دڵنیام نەك ئاستی گۆڵپارێزی یانە، بەڵكو داهاتووی یانەكەشمان بەدڵی هەموو هاندەران دەبێت.
ئاستی یانەی هەولێر چۆن دەبینی؟
- ئاستی یانەكەمان بەهۆی ئەو یاریزانانەی كە هەن، زۆر باشە، وەلێ دواخستنی یارییەكان تۆزێك ئاستەنگی خستە بەردەممان، بەڵام بە هیمەتی دەستەی كارگێڕی و راهێنەران و توانای ئێمەی یاریزانان توانیمان بەسەر كێشەكان زاڵبین، چاویشمان لە بەدەستهێنانی خولی عێراقە.
دەڵێن ئاستی سەرهەنگ جێگیر نییە، لەیاریەكەوە بۆ یاریەكی دیكە جیاوازی هەیە؟
- ئەم ( دەڵێن )ە قسەیەكی هەڵبەستراوە، چونكە ئەگەر بمانەوێ جێگیر نەبوونی گۆڵپارێزێك بزانین، یەكەم شت ئەوەیە دەبێ ئامارێك بكەین لە كۆی چەند یاری چەند گۆڵی لێكراوە! سوپاس بۆ خوا لەوەتەی لەیانەی هەولێر یاریدەكەم، هەموو ساڵێ لەچاو گۆڵپارێزەكانی دیكەی عێراقی كەمترین گۆڵم لێكراوە، زانیاری تەواویش لەبەردەستی سەرهیدی برامە، كەساڵانە ژمارەی یارییەكان و گۆڵەكانی نووسیوەتەوە.
شارەزایانی تۆپی پێ دەڵێن گۆڵپارێز نیوەی تیپە، تۆ چی دەڵێی؟
- منیش قسەم دەخەمە پاڵ بۆچوونەكەیان.
بەكام گۆڵپارێز سەرسامی؟
- پێشتر بە ئۆلیڤەر كان، ئێستاش بەگۆڵپارێزی تازەی بایرن میونیخ (مانوێل نویر ) سەرسامم.
تا ئێستا هیچ بۆندێكت لەدەرەوە بۆ هاتووە؟
- بەڵێ، بەڵام مانەوەم لەیانەی هەولێر وەك فەرز وایە، بیرم لەزۆری بڕی بۆند نەكردۆتەوە.
لەچ یارییەك لەدوای كۆتایی هاتنی یاری سەرهەنگ گریاوە؟
- لەدوای بەكۆتا هاتنی هەرسێ یاری كە بووینە پاڵەوانی عێراق گریاوم!
خۆشترین كاتت؟
- خۆشترین كاتم ئێستایە كە تێیدام، سوپاس بۆ خولقێنەر كەزۆر بەختەوەرو بێ كێشەم.
جگە لەوەرزش دەڵێن شاعیریشی؟
- بەڵێ نووسینم زۆرە، جا برادەرێك بڕیاریداوە لەسەر ئەركی خۆی 47 بەرهەمم لەچاپ بدات، بەڵام كەی و چۆن ئەمەیان نازانم.
كەسێك هەیە ئەم شیعرانەی بۆ بنووسی، یان هەروەكو حەزێكە بۆ خۆت دەینووسی؟
- بێگومان بۆ هەر شیعرێ كارلێكەرێك هەیە، هەندێكجار روو دەچیتە دۆخی كەسێكی نزیكت، یان شیعرەكەت زادەی خۆشەویستیەكی یەكلایەنەیە، یاخود لەبەر داواكاری كەسێك دەینووسیت، من بەهەرسێ هۆكار نووسیومە.
لەپێگەی فەیس بوك هاوڕێیەكی زۆرت هەیە، دەكرێ بزانین ژمارەیان چەندە؟
- ژمارەیان لە (3140 ) زیاترە، هەفتەیەكە نەچوومەتە سەر هێڵ جا پێش وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەش 138 كەسم وەك هاوڕێ وەرگرت، ئەمەش شوكری خوای دەوێ كە خەڵكانێكی زۆر هەن حەز بەنزیكیت دەكەن، هیوادارم بتوانم ببم بەبرادەرێكی باش بۆ هەموویان.
ئەو شتەی خەوی پێوە دەبینی و تاكو ئێستا نەهاتۆتە دی؟
- خەون بەجیهانی بوونی خولی كوردستان دەبینم، خەون بەداهاتوویەكی پڕ لە دەستكەوتی وەرزشی دەبینم لەگەڵ یانەی هەولێر.
دوا وتەت؟
- هیوادارم تەمەن درێژبن و زیاتر لە هەوڵی باشتركردنی راگەیاندنی وەرزشی كوردی دەبن، بەسەركردنەوەی یاریزانە لاوەكان ئاواتمە.
دیمانە: یاسین تەها
http://www.sakoito.com