بابه‌ت: خوێندنه‌وه‌ی مێژوو و رێبازێکی نوێ
[center]رێباز یاخود میتۆد، رۆڵێکی سه‌ره‌کی هه‌یه له خوێندنه‌وه‌ی دیارده‌و رووداوه‌کاندا و هه‌ر رێبازه ده‌توانین مرۆڤ له بوارێک‌دا یاخود له لێکۆڵینه‌وه‌ی بابه‌تێکدا بگه‌ڕێن به‌دوای شتی نوێ و رێبازی نوێ‌دا بۆ گه‌یشتنه به راستی...
komin-online.com
دیار غه‌ریب
رێباز یاخود میتۆد، رۆڵێکی سه‌ره‌کی هه‌یه له خوێندنه‌وه‌ی دیارده‌و رووداوه‌کاندا و هه‌ر رێبازه ده‌توانین مرۆڤ له بوارێک‌دا یاخود له لێکۆڵینه‌وه‌ی بابه‌تێکدا بگه‌ڕێن به‌دوای شتی نوێ و رێبازی نوێ‌دا بۆ گه‌یشتنه به راستی، مه‌رجیش نییه هه‌ر که‌سێک به‌دوای راستیدا بگه‌ڕێت، بیدۆزێته‌وه یاخود په‌یڕه‌وی له رێبازێکی نوێ بکات، زۆرجار مرۆڤه‌کان چاو له یه‌کتری ده‌که‌ن و لاسایی یه‌کتر ده‌که‌نه‌وه له گه‌ڕان و لێکۆڵینه‌وه و کار و هه‌ڵسوکه‌وته‌کانیاندا. ئه‌مه‌ش وا ده‌کات که زۆرجار هه‌موومان رووبه‌ڕووی یه‌ک ئه‌نجام ببینه‌وه، چونکه په‌یڕه‌وی یه‌ک رێبازمان کردووه و لاسایی یه‌کتریمان کردۆته‌وه، بێگومان له‌م حاڵه‌تانه‌دا شیمانه‌ی زیاتر ئه‌وه‌یه که یه‌ک ئه‌نجامیشمان ده‌ست بکه‌وێت، ره‌نگه بپرسین بۆچی لاسایی یه‌کتری ده‌که‌ینه‌وه؟ دیاره ئه‌مه‌ش هۆکاری خۆی هه‌یه، هۆکاری یه‌که‌م، ئه‌وه‌یه که خولقکاری و دۆزینه‌وه‌ی رێبازی نوێ ئه‌وه‌نده ئاسان نییه، که هه‌موو که‌سێک لای خۆیه‌وه ببێته داهێنه‌ری رێبازی نوێ. هۆکاری دووه‌میش ئه‌وه‌یه که لاساییکردنه‌وه به‌شێکه له تایبه‌تمه‌ندی مرۆڤ و شێوازێکه له شێوازه‌کانی فێربوون، ئه‌مه‌ش وا ده‌کات که په‌نای بۆ ببات، زۆرجار چهقبهستنیش لێره‌وه په‌یدا ده‌بێت.
به هه‌رحاڵ کاتێک باس له رێباز ده‌که‌ین، گرنگه له بیرمان نه‌چێت؛ هه‌ر بوارێکی ژیان رێبازی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه. بۆ نموونه، له بواری فیزیکدا هه‌تا سه‌رده‌مێک میتۆدی نیوتن، که به فیزیکی نیوتن ناسراوه ده‌گیرایه به‌ر بۆ لێکۆڵینه‌وه له هه‌موو دیارده فیزیاوییهکان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشچوونی زانست و ته‌کنه‌لۆژیا، فیزیای نیوتن تا راده‌یه‌ک پاشه‌کشه‌ی کرد و فیزیای کوانتۆم جێگه‌ی ئه‌وی گرته‌وه. ئه‌وه سه‌باره‌ت به بواره فیکری و فه‌لسه‌فییه‌کان و بواره ژیانیهکانیش هه‌ر راسته.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستی ئێمه‌یه بواری مێژووه، مێژوو هه‌م وه‌کو زانستێک هه‌م وه‌کو ئه‌و ژیانه‌ی که ئێمه‌ی به‌رهه‌مهێناوه، مه‌به‌ستمانه که مێژوو بگرینه ده‌ست و ئه‌و رێبازانهش شیبکه‌ینه‌وه که هه‌تا ئێستا له رێگه‌یانه‌وه سه‌یری مێژوو کراوه. ده‌مانه‌وێت بزانین ئه‌و رێبازانه‌ی ده‌گیرێنه به‌ر له بواری مێژوودا ده‌مانگه‌یه‌ننه حه‌قیقه‌ت یاخود نا، یان ده‌توانین ئه‌و رێبازانه تێپه‌ڕ بکه‌ین؟ ئه‌گه‌ر تێپه‌ڕیان بکه‌ین په‌نا بۆچی رێبازێک ببه‌ین؟
لێره‌وه بچینه ناو رێبازه‌کانی باسکردنی مێژووه‌وه، ده‌توانین هه‌ندێک ئه‌نجام وه‌ربگرین. وه‌کو ده‌زانرێت له چاخه کۆنه‌کاندا مرۆڤه‌کان له رێگه‌ی وێنه‌ی سه‌ر دیواری ئه‌شکه‌وته‌کان و هێماوه باسیان له رووداوه‌کانی ژیانی خۆیان کردووه، خواستوویانه به هێمایه‌ک یاخود به نوسینێَک یان به وێنه‌یه‌ک گوزاره له‌و به‌سه‌رهاته بکه‌ن که به‌سه‌ریاندا هاتووه. دواتر له رێگه‌ی گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌کان وه‌کو چیرۆک و ئه‌فسانه‌کان هه‌ستاوه به باسکردنی مێژوو، هه‌ر ئه‌م چیرۆک و ئه‌فسانانه‌ش بوونه یه‌که‌مین په‌رتوکه مێژووییه‌کان و له‌گه‌ڵ خۆیاندا رێبازێکیان دروستکرد بۆ باسکردنی مێژوو. ئه‌مڕۆ ئه‌م رێبازه له باسکردنی مێژوودا پێی ده‌وترێت (گێڕانه‌وه)ی مێژوو. له‌م رێبازه‌دا گرنگی به چۆنێتی روودانی رووداوه‌کان ده‌درێت و مێژوونوس هه‌وڵده‌دات له روانگه‌ی خۆیه‌وه رووداوه‌کان بگێڕێته‌وه، ئه‌م رێبازه‌ی باسکردنی مێژوو هه‌تا ئێستاش په‌یڕه‌وی لێ ده‌کرێت، به‌ڵام تاکه رێباز نییه. ئه‌م رێبازه ئه‌وه‌ی باشه که ساده‌یه و خوێنه‌ر یاخود بیسه‌ر به ئاسانی ده‌توانێت وه‌ری بگرێت، به‌ڵام لایه‌نی نه‌رێنی ئه‌وه‌یه که روانگه‌ی مێژوونوس یاخود ئه‌وه‌ی که رووداوه‌که ده‌گێڕێته‌وه به سه‌ریدا زاڵه و ئه‌مه‌ش وا ده‌کات گه‌لێک جار تابلۆیه‌کمان بۆ وێنا بکه‌ن، که دووره له راستیه‌وه و ئه‌مه‌ش مێژوو له ناوه‌ڕۆکی خۆی دوور ده‌خاته‌وه. له لایه‌کی تره‌وه ئه‌م رێبازه که‌موکورتیه‌کی تری هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، که بێ شیکردنه‌وه‌یه و ئه‌مه‌ش جارێکی تر وا ده‌کات خوێنه‌ری سادده به‌سه‌ر هه‌ڵه‌دا ببات، هه‌ر بۆیه ئه‌م رێبازه ئه‌مڕۆ ناتوانێت بمانگه‌یه‌نێته حه‌قیقه‌ت.
رێبازی دووه‌م، شیکارییه، لێره‌ش پشت به زانیاری و شیکاری زانیارییه‌کان ده‌به‌سترێت، ئه‌م رێبازه له چاخه‌کانی ناوه‌ڕاسته‌وه کاری له‌سه‌ر ده‌کرێت، به‌ڵام له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا و له‌سه‌ر ده‌ستی کارل مارکس (1818 ـ 1883) و فریدهریک ئه‌نگلس (1820 ـ 1895)دا ئه‌م رێبازه چوارچێوه‌یه‌کی بۆ دانرا به ناوی (ماتریالیزمی مێژوویی) و دواتر ئه‌م رێبازه بووه میتۆدی زانکۆکانی وڵاتان و له سه‌رمایه‌داریشدا به پێى ئه‌م رێچکه‌یه ده‌ڕۆن به رێگه‌وه، خۆیندنه‌وه‌ی مێژووش بووه به یه‌کێک له کۆڵه‌کانی مارکسیزم. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه مارکسیه‌ت له رووی خۆێندنه‌وه‌ی بۆ کۆمه‌ڵگه و بۆ ئابووری و ئایینه‌وه نه‌یاری زۆرن، به‌ڵام له بواری مێژوودا نه‌یاره‌کانی کاڵ ده‌بنه‌وه و په‌سندی ده‌که‌ن ئه‌مه‌ش وامان لێ ده‌کات که که‌مێک ئه‌م رێبازه تاووتۆی بکه‌ین و بزانین پێگه‌کانی چیین؟ یاخود مارکس چۆن مێژووی پێناسه کردووه. هه‌ر بۆیه باشتر وایه له پێناسه‌کردنی مارکسه‌وه بۆ مێژوو له ده‌رگه‌ی تێزه‌که‌ی بده‌ین.
لای مارکس مێژوو بریتییه له ململانێى نێوان چینه‌کان، ده‌توانین بڵێین خاڵی لاواز و خاڵی به‌هێزی ئه‌م تێزه له‌م پێناسه‌یه‌وه ده‌ستی پێ ده‌کات. وه‌کو ده‌زانرێت له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م و سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ململانێى سه‌ره‌کی کۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌تان بووه ململانێی نێوان چینه‌کان یاخود ئه‌و سیسته‌مانه‌ی که گوزاره له ده‌سه‌ڵاتی چینێک ده‌که‌ن. ئه‌م بارودۆخه وایکرد که تێزی مارکس به هه‌ند وه‌ربگیرێت و هه‌موو ململانێیه‌کان و ژیان له‌سه‌ر ئه‌م شیبکرێته‌وه، ئه‌مه‌ش بووه به خاڵی به‌هێزی تێزی مارکس بۆ مێژوو؛ چونکه ده‌بینین مارکسیهکیش پێى وایه که ئه‌وه‌ی مێژوو و گۆڕانکاری دروست ده‌کات تێکۆشانی چینایه‌تییه، سه‌رمایه‌دار وسۆسیال دیموکراتێکیش پێیان وایه که ئه‌وه ململانێی چینایه‌تییه پێشکه‌وتن دروستده‌کات. خاڵی لاوازی ئه‌م تێزه له کوێدایه یاخود له کوێ ده‌ستپێده‌کات، گرنگه ئاماژه‌ی پێ بکه‌ین. مارکس پێیوایه که مێژوو بریتییه له ململانێی نێوان چینه‌کان، به‌ڵام کاتێک که مێژوو قۆناخ به‌ند ده‌کات باس له پێنج قۆناخ ده‌کات و له دوو قۆناخیدا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌کات، که چینی تێدا نییه. با روونتر باسی بکه‌ین، ئه‌و پێیوایه که مێژووی کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی پێویسته به‌سه‌ر پێنج قۆناخ‌دا دابه‌ش بکرێت که به‌مڕه‌نگه ناوزه‌دی ده‌کات.
1ـ قۆناخی کۆمۆنه‌ی سه‌ره‌تایی؛ مارکس پێیوایه ئه‌م قۆناخه له سه‌ره‌تای دروستبوونی گه‌ردوونه‌وه ده‌ستپێده‌کات و تێیدا مرۆڤ و گیانه‌وه‌ران دروست بوون، به‌ڵام ژیان به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌تایی و به وێنه‌ی ئاژه‌ڵان بووه، هه‌ر بۆیه مرۆڤه‌کان له‌م قۆناخه‌دا نه‌یانتوانیووه داهێنه‌ر بن و واته ئه‌و قۆناخه‌ی به هه‌ند وه‌رنه‌گرتووه. لێکۆڵینه‌وه ئارکۆلۆژییه‌کان ئه‌مڕۆ ده‌ریانخستووه، که یه‌کێک له گه‌وره‌ترین که‌موکورتی تێزی (ماتریالیزمی مێژوویی) ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یه؛ چونکه ئه‌و هه‌ڵوێسته وای کردووه که گرنگی به ژیانی ئه‌و قۆناخه نه‌درێت و چه‌مکێکی وه‌ها پێش بکه‌وێت که سه‌ره‌تای هه‌موو پێشکه‌وتنێک بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ قۆناخی دواتر که چینی تێدا دروست بووه.
2ـ قۆناخی کۆیله‌داری؛ له ماتریالیزمی مێژوویی‌دا، ئه‌م قۆناخه وه‌ها پێناسه ده‌کات، که تێیدا چینێکی ده‌سه‌ڵاتدار هه‌ن و خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات و ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنانن و چینێکی کۆیله‌ش هه‌یه که زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌رن و مۆڵکی کۆیلهدارهکانن و خاوه‌نی هیچ شتێک نیین و ته‌نیا پێویسته خزمه‌تی کۆیلهدارهکانیان بکه‌ن و سه‌ره‌تای ئه‌م قۆناخه‌ش ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ده‌وڵه‌ته شاره‌کانی یۆنان که نزیکه‌ی هه‌زار ساڵ پێش زایین په‌ره‌یان سه‌ندووه، ئیتر ئه‌مه بووه‌ته به‌ڵگه‌یه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی که سه‌ره‌تای دروستبوونی شار، ده‌وڵه‌ت، زانست، فه‌لسه‌فه، یاسا، ئابووری، میتۆلۆژیا و تیۆلۆژیا به یۆنانه‌وه ببه‌سترێت، ئۆریانتالیزمهکان (رۆژهه‌ڵاتناسه‌کان) که زانستی رۆژههڵاتناسیان داهێنا ئه‌م تێگهیهیان بۆ خۆیان کرده بناخه‌ی کاره‌کانیان و رۆژئاوایان کرده ناوه‌ند و سه‌ره‌تای هه‌ر شتێک و رۆژهه‌ڵاتیشیان کرده په‌راوێز و ماتریالی لێکۆڵینه‌وه بۆ خۆیان، دیاره له‌م سه‌دوپه‌نجا ساڵه‌ی دواییشدا جیهانی رۆژئاوا به ته‌واوی له رووی سیاسی، ئابوورییه‌وه باڵاده‌ست بوو به‌سه‌ر جیهاندا، هه‌ربۆیه به بنه‌ماگرتنی تێزی ماتریالیزمی مێژوویی ده‌که‌وته خزمه‌تیانه‌وه و ده‌یانتوانی به‌هۆیه‌وه راستیه‌کان ئاوه‌ژوو بکه‌نه‌وه، ئه‌مه له‌کاتێکدایه که ئه‌مڕۆ زانستی ئارکۆلۆژی (شوێنه‌وارناسی) و ئه‌و تابلۆ قوڕینانه‌ی که له میزوپۆتامیا دۆزراونه‌ته‌وه، سهلمادوویهتی که ژیانی شارستانی و ده‌وڵه‌ت له شاره ده‌وڵه‌ته‌کانی سۆمه‌ردا مێژوویان بۆ نزیکه‌ی چوار هه‌زار ساڵ پێش زایین ده‌گه‌ڕێته‌وه. میتۆلۆژیاکانی سۆمه‌ر و بابل له وێنه‌ی گلگامێش، نه‌فره‌تی له ئاگادا، ئافراندنی بابل مێژوویان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌زاره‌ی سێیه‌م و دووه‌م له پێش زایین‌دا، یاخود کۆنترین یاساکان یاساکانی (سۆلۆن) نیین له یۆنان، به‌ڵکو یاساکانی (ئۆرنامۆیه) که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زیاتر له (2111) پ.ز و کۆنترین ده‌ستووری جێماویش یاساکانی حامورابیه، که مێژووه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زیاتر له (1750 ـ 1792) پ.ز، دیاره چه‌نده لێکۆڵنه‌وه‌ی مێژوویی بکرێت، ئه‌وه‌نده راستیه‌کان زیاتر روون ده‌بێته‌وه. لێره‌دا به پێویستی ده‌بینم که ئاماژه بۆ وته‌یه‌کی رێبه‌ر (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان) بکه‌م که ده‌ڵێت؛ مێژوو له ئه‌مڕۆدا شاراوه‌یه و ئێمه‌ش له مێژوودا شاراوه‌ین. دیاره ئه‌م وته‌یه زۆر به واتایه و زۆر خوێندنه‌وه‌یه هه‌ڵده‌گرێت. له‌م دوو به‌شه‌ی مێژوودا که مارکس پۆڵینی کردووه و ئه‌مڕۆ جیهان وه‌کو رێبازێک له‌سه‌ری ده‌ڕوات بڕوانین ده‌بینین، مێژووی نوسراو گرنگی به هه‌رێمی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نه‌داوه، که کوردستان و گه‌لی کورد له‌ناو جه‌رگه‌یدا ده‌ژین و سه‌رپێی باسیان کردووه، ئه‌مه‌ش هۆکارێکی سه‌ره‌کییه بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌مڕۆ ئێمه نامۆ بین به مێژووی خۆمان. دیاره که هه‌تا ئه‌و مێژووه ئاشکرا نه‌کرێت، ئه‌وا راستی مێژوو ئاشکرا نابێت و به شاراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه، هه‌روه‌ها هه‌تا ئه‌و مێژووه‌ش ئاشکرا نه‌کرێت، ئێمه‌ش له‌و مێژووه‌دا به شاراوه‌یی ده‌مێنێنه‌وه، هه‌ر بۆیه ده‌رکه‌وتنی راستی مێژوو و راستی کورد و رۆژهه‌ڵاتی ناوین به یه‌که‌وه ده‌به‌ستێته‌وه.
3ـ قۆناخی ده‌ره‌به‌گایه‌تی؛ ماتریالیزمی مێژوویی ئه‌م قۆناخه وه‌ها پێناسه ده‌کات، که کۆمه‌ڵگه له دوو چینی سه‌ره‌کی پێکدێن، چینێکی ده‌سه‌ڵاتدار که ده‌ره‌به‌گه و خاوه‌ن مۆڵکه و چینی دووه‌م که جوتیار و سه‌پان و پاڵهن له‌سه‌ر زه‌وی ده‌ره‌به‌گ به نرخێکی که‌م کار ده‌که‌ن. له‌م قۆناخه‌دا چینی سه‌رده‌ست راسته‌وخۆ خاوه‌نی چینی بن ده‌ست نییه، به‌ڵکو له رێگه‌ی زه‌وییه‌وه به‌یه‌که‌وه ده‌به‌سترێته‌وه. ململانێیه‌کان له‌نێوان ئه‌م دوو چینه‌دایه.
4 ـ قۆناخی سه‌رمایه‌داری؛ ماتریالیزمی مێژوویی ئه‌م قۆناخه وه‌ها پێناسه ده‌کات، که سه‌رمایه‌دار و کرێکار دوو چینی سه‌ره‌کی کۆمه‌ڵگه‌ن و ململانێیه‌کان له‌نێوان ئه‌م دووچینهدایه و جێگه‌ی به‌یه‌کگه‌یشتنی سه‌رمایه‌دار و کرێکار، کارگهوکاره.
5 ـ قۆناخی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم؛ ماتریالیزمی مێژوویی پێیوایه، کۆمه‌ڵگه له‌دواییدا هه‌نگاو به‌ره‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی بێ چین ده‌نێت به پێشه‌نگایه‌تی کرێکاران و که ده‌گاته کۆمۆنیزم، واته هه‌موو تاکه‌کان وه‌کو یه‌ک ده‌ژین و بێ جیاوازی و چینی ده‌سه‌ڵاتدار و بێ ده‌سه‌ڵات بوونیان نامێنێ. ئه‌مه خاڵێکی تری لاوازی تێزی ماتریالیزمه به پێى پێناسه‌کانی مارکس بۆ مێژوو، وه‌کو سه‌ره‌تا باسمان کرد مارکس ده‌ڵێ مێژوو بریتییه له ململانێی نێوان چینه‌کان، لێره‌شدا باس له‌وه ده‌کرێت که له دواقۆناخدا کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی بێ چین دروست ده‌بێت، له‌م حاڵه‌ته‌دا رووبه‌رووی ناکۆکی ده‌بینه‌وه، ئه‌گه‌ر مێژوو ململانێی چینه‌کان بێت، ئه‌وکاته له‌دوا قۆناخ‌دا مێژوو رادهوهستێـت، خۆ ئه‌گه‌ر مێژوو رانه‌وه‌ستێت، ئه‌وکاته پێویسته ئه‌و پێناسه‌یه راست بکه‌ینه‌وه. رێبه‌ر ئۆجه‌لان وه‌کو که‌سێکی بیرمه‌ند و مێژوونوس، نه‌ک وه‌کو سه‌رکرده‌یه‌کی سیاسی ره‌خنه له مارکس ده‌گرێت و ده‌ڵێ پێویسته به پێناسه و پۆڵینبه‌ندی ماتریالیزمی مێژوویی‌دا بچینه‌وه. ئه‌و پێییوایه ئه‌و پێناسه و پۆلێن به‌ندییه‌ی ماتریالیزمی مێژوویی ناتوانێت پێناسه و پۆلێنبه‌ندییه‌کی ته‌واو بێت بۆ مێژوو. لێره‌دا هه‌وڵده‌دات سه‌رله‌نوێ مێژوو پێناسه بکاته‌وه، ئه‌و پێیوایه مێژوو کۆی به‌سه‌رهات و چالاکییه‌کانی گه‌ردوون و کۆمه‌ڵگه‌یه. واته مێژوو به ته‌نیا له ململانێی نێوان چینه‌کاندا قه‌تیس ناکات، له‌وه‌ش زیاتر مێژوو ته‌نیا وه‌کو چالاکی و به‌سه‌رهاتی کۆمه‌ڵگه پێناسه ناکات، به‌ڵکو وه‌کو به‌سه‌رهات و چالاکی گه‌ردوون و کۆمه‌ڵگه پێناسه‌ی ده‌کات، واته مێژوو به به‌رهه‌می گه‌ردوون و کۆمه‌ڵگه ده‌زانێت. لێره‌وه گرنگی به‌و قۆناخانه ده‌دات، که هێشتا کۆمه‌ڵگه به وێنه‌ی ئه‌مڕۆ دروست نه‌بووه و رۆڵی کۆمه‌ڵگه له مێژوودا نییه یاخود سنوورداره. له‌م پێناسه‌یه و رێبه‌ر ئۆجه‌لان هه‌وڵیداوه ئه‌و لاوازییه چاره‌سه‌ر بکات، که له پێناسه‌که‌ی مارکسه‌وه ده‌رکه‌وتووه و کۆمه‌ڵگه‌ی پێش ده‌وڵه‌ت و چینی به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتووه، هه‌روه‌ها کاریگه‌رییه‌کانی گه‌ردوونی وه‌کو فاکته‌رێکی سه‌ره‌کی وه‌رنه‌گرتووه. دیاره له‌م پێناسه‌یه‌وه ده‌توانین ژیانی پێش دروستبوونی ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی شیبکه‌ینه‌وه و مه‌زه‌نده‌ی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کیش بکه‌ین که ده‌سه‌ڵاتی چینایه‌تی تێدا نه‌بێت.
له‌گه‌ڵ پێناسه‌کردنه‌وه‌ی مێژوودا، هه‌وڵده‌دات که پۆلێنبه‌ندییه‌کی نوێ بۆ مێژوو بکات. له پۆڵێنبهندییدا رێبه‌ر ئۆجه‌لان هاتووه له جێگه‌ی پێنج قۆناخ، سێ قۆناخ دیاری ده‌کات، ئه‌و له‌سه‌ر بنه‌ما کۆمه‌ڵگه پۆلێنبه‌ندی ده‌کات و پێیوایه ئه‌و قۆناخه‌ی که تێیدا گه‌ردوون دروست بووه و کۆمه‌ڵگه و پێکهاته سه‌ره‌تاییه‌کانی کۆمه‌ڵگه و ژیان دروست بوون به قۆناخی یه‌که‌م و به کۆمه‌ڵگه‌ی سروشتی به‌ناو ده‌کات، رێبه‌ر ئۆجه‌لان پێیوایه بۆئه‌وه‌ی ژیان و راستی کۆمه‌ڵگه و پێکهاته و بونیادی زهنی و سایکۆلۆژی کۆمه‌ڵگه تێبگه‌ین ده‌بێت راستی کۆمه‌ڵگه‌ی سروشتی تێبگه‌ین.[/center]