بابهت: < شاخەوانێكى بەرپرس >
< شاخەوانێكى بەرپرس >
دیــدار نانـــــەكەلى
دەگێڕنەوە كە شاخەوانێك ئێوارەى زستانێكى سارد و بەفراناوى نیازى هەڵگەڕان بە شاخ و كێوى هەبووە، لە بڵندیەكى زۆر دەكەوێ و بەو پەتەى كە لێى پچڕابوو لە درەختێكى نێو ئەو شاخ و كێوە دەئالێ و بەرلەوەى بە زەوى بكەوێت خۆى دەگرێتەوە. لەو چۆڵەوانیە و بەشەوێكى تاریكى سارد و سڕ، لە حەژمەتى ترس و تەنیایى خۆى پڕ بەدەنگى هاوار دەكات: خودایە یارمەتیم بدە، لەو كاتە دەنگێك وەڵامى دەداتەوە و دەڵێت : ئەو پەتەى دەستت بەردە، با بكەوى.
شاخەوان بەردەوامە لە ترس و دڵە راوكێ و دووبارە داواى یارمەتى دەكاتەوە.
دەنگە نامۆیەكە لێى دەپرسێت: دڵنیاى كە یارمەتیت دەوێت ، ئەگەر وایە مەترسە و ئەو پەتەى خۆت پێوە گرتۆتەوە بەرى بدە و با بكەویت. ئەو داواكارى و وەڵامە هەر وەك خۆى مایەوە و شاخەوان لەو بارودۆخەدا نەیدەتوانى گوێڕایەلێ وەها وەڵام و یارمەتیەك بێت، تا بۆ بەیانیەكەى لە رۆژنامەكان بڵاوكرایەوە كە شاخەوانێك لە بەرزى تەنها مەترێك لە زەوى، لە سەرمان بەستویەتى!