سوپه‌رمارکێتی شه‌یتان
نوسینی هاوکار برادۆستی
12/12/2012
ئه‌گه‌ر شه‌یتان سوپه‌رمارکێتێک دابنێت، هه‌موو جۆره کاڵایاک بفرۆشێت، کاڵای خێر و کاڵای شه‌ڕ. ئایا سه‌ردانی سوپه‌رمارکێتی شه‌یتان ده‌که‌ی؟
زۆرێک له براده‌ران نوسیبویان نه‌خێر. هه‌ندێکیش له وه‌ڵام دا ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر سوپهرمارکێتێکیتر هه‌بێت ئێمه به‌هیچ شێوه‌یه‌ک سه‌ردانی سوپه‌رمارکێتی شه‌یتان ناکه‌ین، هه‌ندێک که‌س له وه‌ڵامدا نوسیتیان شه‌یتان چۆن کاڵای خێر ده‌فرۆشێت؟ یه‌کێکیش نوسیبوی من سه‌ردانی ناکه‌م، ئه‌گه‌ر یه‌کێکیش بییه‌وێت سه‌ردانی ئه‌م سوپهرماركیته بکات ده‌بێت ئیمانێکی زۆر به‌هێزی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی شه‌یتان کاڵای خرابی پێ نه‌فرۆشێت. یهکێکیتریش نوسیبوی ده‌ست خۆش ئێستا ئێمه له‌ناو سوپهرمارکێتهکهداین، ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ین کاڵای شه‌ڕ نه‌کڕین.
ئه‌وه به گشتی ڕای هه‌ندێک له براده‌ران بوو ده‌ست خۆشییان لێ ده‌که‌م، با بێینه سه‌ر ناوه‌ڕۆکی بابه‌ته‌که
ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێمه تێیداینه خرابه له ده‌رگات نادات، به‌ڵکو ده‌رگامان بۆ خرابه کردۆته‌وه، ئه‌گه‌ر خرابه له جێگایه‌ک بفرۆشرێت گومانی تێدانییه شه‌یتان سه‌رپه‌رشتی ده‌کات، کاتێک که ده‌ڵێم شه‌یتان سه‌رپه‌رشتی ده‌کات ماناکه‌ی هه‌ربه‌م جۆره ساده نییه، بۆنمونه کاتێک شه‌یتان کۆنتڕۆڵی نه‌فسێک ده‌کات ئه‌وکاته خاوه‌نی ئه‌م نه‌فسه ده‌بێته کاربه‌ده‌ستی شه‌یتان، کرده‌وه‌کانی ئه‌م که‌سه‌ش ده‌بن به خرابه، به مانایه‌کیتر ئه‌گه‌ر ئه‌م که‌سه سه‌رپه‌رشتی به‌رنامه‌یه‌کی خرابه‌کاری بکات هیچ جیاوازی نییه بگوترێت شه‌یتان سه‌رپه‌رشتی ئه‌م به‌رنامه‌یه ده‌کات.
با بزانین سوپه‌رمارکێتی شه‌یتان چییه؟ شوێنه‌که‌ی له کوێیه؟ کڕیاره‌کانیشی کێن؟ چ کاتێکیش کراوه‌یه؟ ئایا چ جۆره دراوێک به‌کاردێت بۆ کڕێنی کاڵاکان له‌م سوپه‌رمارکێته؟ چ جۆره کاڵایه‌کی لێ ده‌فرۆشتێت؟
وه‌ڵام: فه‌یسبوک و تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان سوپه‌رمارکێتی شه‌یتانن، شوێنه‌که‌ی ده‌که‌وێته ناو کۆمپیته‌ر و لاپ‌تۆپ و مۆبایله‌کانتان. کڕیاره‌کانی بریتین له‌و که‌سانه‌ی که به‌شداربوی ئه‌م تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییانه. به شه‌و و به ڕۆژ کراوه‌یه. ئه‌و دراوه‌ی که به‌کاریش دێت هه‌مان ئه‌و دراوه‌یه که له گیرففانهکانتان دایه، چۆن له سوپه‌رمارکێت پاره ده‌ده‌ی له بری کرینی کاڵاکانت، به هه‌مان شێوه له سوپه‌رمارکێتی شه‌یتانیش پاره ده‌ده‌ی بۆ چونه ژوره‌وه‌ت بۆ ئه‌م سوپه‌رمارکێته. ئه‌و کاڵایانه‌ی له‌م سوپه‌رمارکێته ده‌فرۆشرێن هه‌روه‌ک ئاماژه‌م پێی‌دابوو، کاڵای باش و کاڵای خرابی تێدایه. هه‌ندێک که‌س گوتیان شه‌یتان ناتوانێ کاڵای خێر بفرۆشێت، من ده‌ڵێم به‌ڵێ ده‌توانێت! چونکه ئه‌گه‌ر به‌س کاڵای خراپه‌کاری فرۆشتبا تۆی موسڵمان چۆن سه‌ردانی ئه‌م سوپهرمارکێتهت ده‌کرد؟ هه‌ربۆیه کاڵای خێره‌که‌ی داناوه تاوه‌کو له‌کاتی کڕینی کاڵا خێره‌که‌ت چاوت بکه‌وێت به کاڵا شه‌ڕه‌کانیش، خۆ ئه‌گه‌ر کاڵا شهڕهکهشت نه‌کڕی هه‌ر هیچ نه‌بی به چاو ده‌یبینی، هه‌ر هیچ نه‌بی کاڵا شه‌ڕه‌کان بهبهرچاوت ده‌که‌وێت. ئه‌م سوپهرمارکیت زۆر فراوانه، هه‌موو جۆره کڕیارێکی تێدایه، له هه‌موو پیشهیهکیشی له‌خۆ گرتووه، قوتابی، کوڕ، کچ، پیاو، ژن، گه‌نج، پیر، مامۆستا، فه‌رمانبه‌ر، بێکار، مامۆستای ئایینی، به‌ڕێوه‌به‌ر، یاریزان هتد.
هه‌موو ئه‌مانه کڕیاری ئه‌م سوپهرمارکێتهن.
ئه‌مه ڕونکردنهوهک بوو به شێوه‌یه‌کی لێکچواندن، به‌ڵام به‌شێوه‌ی ڕاسته‌قینه، کاتێک که فه‌یسبوکه‌که‌ت ده‌که‌یه‌وه چه‌نده‌ها پۆست به‌رچاوت ده‌که‌وێت، ئه‌مانه هه‌موو کاڵان، له‌وانه‌یه یه‌کسه‌ر بزانی کاڵای باشن یان کاڵای خراب، له‌وانه‌شه جاری وا هه‌یه نه‌زانی کاڵاکه خرابه تۆ به باش تێگه‌یشتبی، هه‌ستیش ناکه‌ی به خرابی کاڵاکه، براده‌ره‌کانت (فرێنده‌کانت) هه‌موو کاڵان، له‌ده‌ست خۆته براده‌ری چاک وه‌رده‌گری یان خراب، هه‌ندێک جار براده‌رێک به باش خۆی پشاندایه، به‌ڵام له ڕاستیدا خۆی له‌ناو به‌رگێکی چاک دانایه، ڕه‌گه‌زی خۆی ده‌گۆڕێت له‌م کاته‌دا ده‌بێته‌وه کاڵایه‌که، به‌ڵام کاڵایه‌کی خراب، شوێنی ئهدڤهرتایزهکان (ده‌سته‌ڕاستی فه‌یسبوکه‌که‌ت) شوێنی دانانی ڕێکلامه، کاڵا خرابه‌کان زۆرجار به وێنه‌یه‌کی ڕازاوه و باقوبریق داندراوه، بۆ نمونه "وێنه‌ی ئافره‌تێکی نیمچه ڕوت داده‌ندرێت بۆ ڕیکلامی ئۆتۆمبێلێک" تۆ بته‌وێت و نه‌ته‌وێت ئه‌م ڕێکلامهت بۆ دێت، له‌ده‌ست تۆ نییه چونکه سیسته‌می سوپه‌رمارکێته‌که به‌م جۆره‌یه. یاخود کاتێک سه‌یری ڤیدیۆیه‌ک ده‌که‌ی، که ده‌چێته ناو یوتیوب له ده‌سته ڕاستی ڕیکلام بۆ چه‌ندین ڤیدیۆی تر ده‌کات، به‌مه‌ش کاڵایهکهت له‌پێش داده‌ندرێت، چاوه‌ڕێت ده‌کات تۆ سه‌یری بکه‌ی، له‌وانه‌یه نه‌فسه‌که‌ت بڵێت کێ دیاره؟ با بیکه‌مه‌وه! کاتێک ده‌یکه‌یه‌وه، دیسانه‌وه له ده‌سته‌ڕاستی ڕیکلام بۆ جۆرێکی‌تر ده‌کات، ئه‌گه‌ر به‌دوای دابڕۆی کۆتایی نایێت. هه‌موو کاڵاکان به به‌رگێکی شه‌هه‌وات داپۆشراوه، ئه‌م به‌رگه سه‌ره‌تایه‌که بۆ ئه‌وه‌ی ببی به کڕیارێکی به‌رده‌وامی شه‌یتان، چونکه له‌ڕێی شه‌هه‌واته‌وه توشی له‌بیرچونه‌وه‌ی خوا ده‌بی، له‌ڕێی سه‌یرکردنی کاڵای خرابه‌وه توشی لاوازبون ده‌بی له‌سه‌ر بهندایهتییهکانت، به‌ردوام بونت ببی به کڕیاری کاڵا خرابه‌کانی شه‌یتان وات لێ ده‌کات جه‌وهه‌ری کاتت دوور له به‌ندایه‌تی کردن ته‌رخان بکه‌ی له سه‌روی هه‌موو ئه‌مانه‌وه هه‌ر له‌ڕێگه‌ی ئه‌م کاڵا خرابانه نه‌فست داوای نزم بونه‌وه بۆ پلیکانهیهکیتر ده‌کات له په‌یژه‌کانی نزیکبونه‌وه‌ی شه‌یتان، هه‌ر هه‌نگاوێک زیاتر نزیک ببیه‌وه له شه‌یتان ئه‌وه‌نده نه‌فست سست ده‌بێت له ئاست خواناسی، له ئاست ڕاستییه‌کان.
چاره‌سه‌ر چییه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بینه کڕیاری شه‌یتان؟
به‌ڕێزان یه‌کێک له برادهرکان قسه‌یه‌کی زۆرجوانی کرد، گوتی هه‌موومان مشته‌ری سوپهرمارکیتی شه‌یتانین، به‌ڵام مه‌رج وایه توشی کڕێنی کاڵای خراب نه‌بین.
به‌ڕێزان له‌وانه‌یه زه‌حمه‌ت بێت بڕیاری وازهێنان له سوپه‌رمارکێتی شه‌یتان بده‌ین هۆیه‌که‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ژینگه‌یه‌ی که تێیدانه و خه‌سڵه‌تی مرۆڤ. مرۆڤ هه‌رده‌م پێویستی پێییه هاوسه‌نگییه‌ک دروست بکات له‌نێوان بیستن و بینین (وه‌رگرتن) له‌گه‌ڵ قسه‌کردن چ به ده‌م یان به تایپ (ده‌رکردن). ئه‌وه‌ی له فه‌یسبوک به‌دی ده‌کرێت له یه‌ک کاتدا تۆ ده‌توانی ببینی و ببیستی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ده‌توانی قسه بکه‌ی به شێوازی تایپ کردن. ئه‌وه‌یه سوپه‌رمارکێتی شه‌یتان که هه‌ردوک جۆری پێویستی مرۆڤی تێدایه وه‌رگرتن و ده‌رکردن. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه به‌کارهێنه‌ره مودمینهکان زۆر گۆشه‌گیرن و کهمدون له‌گه‌ڵ که‌سانی ده‌وروبه‌ری خۆیان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دواندنهکهیان گۆڕیوه بۆ نوسینی کیبۆرد.
چاره‌سه‌ر: بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بین به مشته‌ری کاڵا خرابه‌کانی شه‌یتان ده‌بێت کاته‌کانی سه‌ردان کردنی ئه‌م سوپه‌رمارکێته که‌م بکه‌ینه‌وه به مه‌رجێک که هاوسه‌نگی بهێڵییه‌وه له نێوان وه‌رگرتن و ده‌رکردنی ژیانی ڕؤژانهت، وهرگرتنهکانت با ته‌نیا پۆسته‌کانی فه‌یسبوک نه‌بێت، به‌ڵکو بیگۆڕه بۆ خوێندنه‌وه‌یه‌کی به‌سود، یاخود سه‌یرکردن بهجۆرێکیتری به‌سود بێت، شێوازی دواندنیشت باشتره بگه‌ڕێینه‌وه ناو کۆمه‌ڵگامان و خێزانه‌که‌مان یاخود به‌م جۆره‌ی که به‌کارهێنه‌ره‌که پێی باشتره له چات کردن و کۆمێنت نوسینی به‌رده‌وام.
له کۆتاییدا: بۆچی ئه‌م هه‌وڵه بده‌ین له‌پێناوی چی بڕیاری ئه‌م گۆڕانکارییه بده‌ین؟ به‌ڕێزان هه‌موو تاکێک ده‌بێت سێ خاڵ له‌پێش چاویبێت بۆ ئامانجی کاره‌کانی، بۆ هه‌موو کارێک که ده‌یکه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م سێ خاڵه بڕیار بۆ کردن و نه‌کردنی کاره‌که‌ت بده، بیر بکه‌وه بزانه ئه‌وه‌ی ده‌یکه‌ی سودی هه‌یه بۆ ئاینه‌که‌ت؟ (مه‌به‌ستم ئایینی خودی که‌سه‌که‌یه) ئینجا بیر بکه‌وه ئایا سودی هه‌یه بۆ نیشتمانه‌که‌ت؟ ئینجا بیر بکه‌وه ئایا چ سودێکی هه‌یه بۆ خێزان و خانه‌واده‌که‌ت؟
کاتێک تۆ له‌ناو ئه‌م سوپه‌رمارکێته ده‌سوڕێیته‌وه ده‌بێت ڕه‌چاوی ئه‌وه بکه‌ی که کاڵاکان کاریگه‌رییان نه‌بێت بۆ سه‌ر ئیمانت چجای ئیمانیشت کاڵ ده‌که‌نه‌وه. کاتێک جه‌وهه‌ری کاتت ته‌رخان ده‌که‌ی له‌به‌رامبه‌ر ته‌نیا سه‌یرکردنی کاڵاکانی ناو ئه‌م سوپه‌ر مارکێته ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه تۆ هیچ سودت نه‌بووه، به‌ڵکو مانای ئه‌وه‌یه تۆ که‌سێکی قازانجت نه‌بووه له‌بری ئه‌وه‌ی که قازانجیشت نه‌بووه کات و سامانت به فیرۆ ده‌ده‌ی. بۆ خانه‌واده‌که‌شت من که‌سێکی کۆمه‌ڵناسی نیم به‌ڵام هه‌ر کۆمه‌ڵناسێک بهێنی ئه‌م پرسیاره‌ی لێبکه‌ی پێت ده‌ڵێ ئه‌م سوپه‌رمارکێته کاریگه‌ری نێگه‌تیڤی ده‌بێت بۆ خێزانت. ده که‌واته با له‌پێناوی ئه‌وه‌ی ببین به که‌سێکی سودبه‌خش بۆ ئایینه‌که‌مان و نیشتمانه‌که‌مان و خێزانه‌که‌مان با نه‌بینه مشته‌ری به‌رده‌وامی سوپه‌رمارکێتی شه‌یتان. هیوادارم ئه‌م بابه‌ته وه‌ک کاڵایه‌کی باش به‌ناو سوپه‌رمارکێتی شه‌یتان بڵاو بکه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو موشته‌رییه‌کانی ناو ئه‌م سوپه‌ر مارکێته بیبینن له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕێ ڕێزی هاوکار برادۆستی.
هیوادارم ئه‌م بابه‌ته جێگیر بكرێت .