ڕێزلێنان و وەفا بۆ دایك، بەشێكە لە ئەرك و نەریتی ئایینی و مرۆڤایەتیمان، بۆیە ئەم بۆنەیە واتا چلەی كۆچی دوایی دایكی خوالێخۆشبووم دەكەم بە دەرفەتێك بۆ ئاڕاستەكردنی پەیامی ڕێز و وەفاداری و خۆشەویستیم، هەم بۆ ڕۆحی پاكی دایكم و هەم بۆ گەلی خۆشەویستمان و دۆستان و هەموو ئەوانەی كە بە بەشداریان لە پرسەكەماندا دڵنەواییان كردین.
لەدەستدانی دایك بۆ هەر مرۆڤێك كۆستێكی گرانە. دابڕان لە هەست و سۆزی دایك بۆ هەر مرۆڤێك لە هەر تەمەنێكدا ئەستەمە، بەتایبەت لە دایكێك كە میهرەبانییەكەی سێبەری بەسەر هەموو هەوراز و نشێوییەكانی ژیانی مرۆڤەوە بووبێت. هەر بۆیەشە ڕێز و سەردانواندن بۆ دایك لە هەموو كاتێك پێویستە، تەنانەت گەر لە ژیانیشدا نەمابێت.
كە باوكم لە ڕووسیا بوو تا ئەوكاتەی گەڕایەوە، دایكم بە لەخۆبردوویی و ماندووبوونێكی زۆرەوە كەشێكی خوڵقاند كە هەست بە دووریی باوكم نەكەم و لەو ساڵانەدا، ئەو بۆ من هەم دایك بوو هەم باوك. دوای گەڕانەوەی باوكیشم، سۆز و میهرەبانی ئەو فراوانتر بوو، نەك هەر بۆ من، بەڵكو بەسەر هەر پێشمەرگە و هەژارێكدا سۆزی دایكانەی دەباراند.
دایكی خۆشەویستم، لەوانەیە زۆر كەس وایان زانیبێت كە گەلەكەمان و جیلی تازە، زەحمەت و ماندووبوون و تێكۆشانت بۆ گەل و نیشتمان لەگەڵ باوكم و لە دوای ئەو لەبیردەكەن، بەڵام هەڵوێست و سۆزی گەلەكەمان بە پیر و گەنجەوە، لە هەموو چین و توێژەكان، ئەوەی سەلماند كە ئەم گەلە وەفای بۆ خەباتی تێكۆشەران و دڵسۆزانی هەیە. تێكڕای گەلەكەمان بە هەموو لایەنەكانەوە تەنانەت ئەو لایەنانەی لە ڕووی سیاسییەوە ناكۆكیشیان هەبوو، لە دڵنەوایی و ڕێزنان و خۆشەویستیدا ئەوپەڕی تەبایی و هاوهەڵوێستییان هەبوو. لەوانەیە ئەمەیش لە چاوەڕوانی زۆر كەس بەدەر بووبێت، بەڵام ئامۆژگاریی هەمیشەیی تۆ تەبایی و برایەتی بوو، بۆیە ئاسایی بوو كە تەنانەت كۆچی دواییشت ببێت بە بۆنەیەك بۆ جۆشدانی ویستی تەبایی و برایەتی.
ئەو خەڵكەی بەو گەرمایەی هاوین بە چەندین كاتژمێر بە ڕیز دەوەستان و چاوەڕوانیان دەكرد تا بەشداری لە پرسە بكەن، هیچ هاندەرێك لە پشت ئەو زەحمەت و ئەرك كێشانەیان نەبوو، بێجگە لە وەفا و ڕێز. نەك هەر لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان، بگرە لە شارەكانی دیكەی ئێراق لە ئاستی فەرمی و جەماوەری و لەلایەن دۆستان و سەرۆك و كەسایەتی و پارتەكانی وڵاتانی دیكەشەوە ئەوپەڕی سۆزی و دڵنەواییمان پێگەیشت كە جێگەی سوپاس و پێزانینمانە، بەڵام ئەو سۆز و ڕێزەی كە خەڵكی هەژار و خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالكراوەكان بە ئەرك و زەحمەتی زۆرەوە نواندیان، بۆ ئێمە ئەوپەڕی دڵنەوایی بوو. ئەو هەموو هاوخەمی و دڵسۆزییە سەلمێنەری ئەوەیە كە گەلەكەمان هەمیشە پاڵپشت و پابەندی وەفا و جێگەی پشت ئەستوورین.
بەڕاستی لە دوای ئەوەی ئەو هەموو ڕێز و تەقدیرەم بینی باری خەمم سووك بوو. دایكی خۆشەویستم، تۆ جێگەی خۆت لای هەر مرۆڤێكی تێكۆشەر و مرۆڤدۆست كردەوە. خەڵكی كوردستان خۆیان ناویان لە تۆ نابوو "دایكی هەژار و پێشمەرگە"، ئەمەیش گەورەترین شانازییە كە بە دایكێك دەبەخشرێت و بۆ منیش گەورەترین شانازییە كە كوڕی دایكێكی وەك تۆ بم. ئامۆژگارییەكانت و وەسیەتت هەموو كاتێ لە گوێچكەمدا دەمێنێتەوە و بەیارمەتی خوا قەت لێی لانادەم و هەموو توانایەكمان دەخەمە خزمەت تەبایی و بەختەوەریی گەلەكەمان.
دایكی دڵسۆزم، تۆ فێرت كردین كە واقیعانە مامەڵە لەگەڵ ژیاندا بكەین و بزانین كە هەر مرۆڤێك كۆتاییەكی هەیە.
كەسمان لەم ئەنجامە بەدەرنین، بەڵام نەمری و سەروەری بۆ ئەو مرۆڤەیە كە لای گەلەكەی جێگەی ڕێز و خۆشەویستی بێت. تۆش ئەو سەروەرییەت لەلایەن گەلەكەتەوە پێبەخشرا. ڕۆحت شاد و جێگەت بەهەشتی بەرین بێت.
لەم نووسینە و لەم بۆنەیەدا، جێگەی خۆیەتی جارێكی دیكەش سوپاسی تێكڕای چین و توێژ و كەسایەتییە ئایینی و سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان و گشت پارت و لایەنەكانی گەلەكەمان بكەم كە ئەو پەڕی ئەرك و ماندووبوونیان كێشا بۆ بەشداری لە پرسەی دایكمان.
هەروەها سوپاس و پێزانینم هەیە بۆ نوێنەر و شاندەكانی تێكڕای پارت و پێكهاتەكانی گەلانی ئێراق. سوپاس بۆ سەرۆك و كەسایەتییە سیاسی و ئایینییەكانی تێكڕای وڵاتانی دۆست كە چ بە ناردنی شاند یان نامە و تەلەفۆن هاوخەمی خۆیانیان پێڕاگەیانین.
پشت ئەستوورین بە پاڵپشتی و ویست و توانای گەلەكەمان و پەنا بە خوا بە تەبایی و یەكڕیزی و بەگرتنەبەری خەباتی ئاشتیخوازانە