بابهت: ساتێک لەگەڵ تۆدا
بەرلەوەی ماچێک لەسەر لێوم بترازێ
عەشق لەشەقەی باڵ بداو بفڕێ
بەر لەوەی پەپوولەی رۆحم
لەسەر باڵەکانی بنوسێ و بدوێ
ئەم ئێوارە رەنگینە
دەکەمە نیشتیمانی چاوەکانم
دەیکەمە گوڵدانی رۆحم
تاکوو پڕ پڕبێت لەبەختەوەری
2
بەدیار تەمەنی ماچێکەوە
چەندین جار
پەنجەرەی رۆحم کڵپە دەگرێ،
کاتێک ماچێک ئاوێزانی جەستەم دەبێ
تینووم، وەک گەڵای دارێک
تینووم وەک شنەی شەماڵی بەیانیان"
3
کەماچت دەکەم
دڵم خاڵیە لە پشکۆی رق
رۆحم وەک ئەستێرە رەنگینە و
زریان دەبێتە هەوایەکی فێنک
4
کەماچت دەکەم
لێوەکانم دەبێتە نیشتمانێکی شیرین
پێڵوی چاوەکانم دادەخرێ و
گەڵای پایز هەڵدەوەرێ ؟
5
من دەمەوێت لەنێوان ماچەکانی رۆحم و
پەپولەکانی بەختەوەریدا
زەمەن بۆعەشق بگێڕمەوە
شەوان بەدیارجەستەی ئەو برینانەوە بسوتێم
کەباڵندەیەک بۆی ناردم
6
تۆ ئەی ماچ
دیاریەکانت بەباڵندەیەکی سەرمەستدا بنێرە
تاکوو دەرگای دڵمی بۆبکەمەوە
تاکوو بزانی باخچەکەی من
گوڵی بەختەوەری تێدا دەڕوێ و
تریفەی مانگ دایدەپۆشێ
7
لەکاتێکدا ماچت دەکەم
عەشق دەبێتە ئەستێرەو مانگ
گوڵ و خونچە ژووان دەگرن
من لەناو ڕەحمی ماچ و عەشقدا لەدایک بووم
پشکۆی عەشقە رامدەکێشێ و
مۆمی رۆشنایی دادەگیرسێ
8
کاتێک بەدوولێوم ماچت دەکەم
فریشتەیەک خۆی بەماڵی دڵما دەک و
بزەی جوانی دەخاتەوە
تاکوو ئارامیم پێبەخشێ
9
ماچ و عەشق
لەبەرتریفەی مانگەشەو
لەناو دەریای چاوەڕوانی
باوەشی خۆشەویستی دەکەنەوە
ئەو عەشقەی چەپکە نێرگز دەکاتە دیاری
بۆ کوژانەوەی تەمەنی رۆحم
10
من نامەوێت بەدیار تەمەنی
ماچێکەوە چاوەڕوانی کانیاوی تۆبم
بێ پەروا بەدوای ووشە شەرمنەکاندا بگەڕێم
کەسەرگوزشتەی دوێنیان دەنوسیەوە
من چاوەڕێم تاکوو ئاوابوونی تاریکی
بەدیار خەمەوە هەناسە بسپێرم و
ئاسمان بێتە چەپکێ ووشەو
باران بەهێمنی ببارێنێ
11
من تابلۆی دەستی هونەرمەندێک مەستم دەکا
دڵۆپێک لەپروشەی باخچەی خۆشەویستی داگیرسێنێ
لەنێوانی پەڕەی رۆحت و خەیاڵی من
کەنار دەریا دەبێت بەمانگ
قژت دەبێتە سنەوبەرێکی بەفرپۆش
روخسارت پێدەشتێکی رەنگین
لێوەکانت دەبنە کانیەکی دڵڕفێن
12
کاتێ بۆماچێکی تۆ خۆم دەخۆمەوە
لەعەشقدا گڕ دەگرم
چاوەڕوانی دەمسوتێنێ
بۆنی غەریبی خۆم دەکەم
من دەمەوێ بۆپرشنگی خۆر
چاوەکانم بێتە سێبەری تەنهایی
تاکوو وەرزی، ماچێکی بەهارم بۆبێنێ
کهژاڵ ئیبراهیم خدر