بابه‌ت: له رووداوێكی ته‌مومژاویدا تازه زاوایه‌ک سه‌ربڕا
سۆران... له رووداوێكی ته‌مومژاویدا تازه زاوایه‌ک سه‌ربڕا
قائید میرۆ- له رووداوێكی نادیاردا، تازه زاوایه‌ک له سنووری شارۆچکه‌ی سۆراندا، له ژووری نووستن و له شه‌ودا، سه‌ربڕا.
له‌مباره‌یه‌وه، سه‌رچاوه‌یه‌کی نزیک له رووداوه‌که به "ئاژانسی په‌یامنێر"ی راگه‌یاند؛"ئه‌و رووداوه له شه‌وی رابردوودا و له گوندی گردهمووکی سه‌ر به شاره‌دێی سیده‌کانی سه‌ر به شارۆچکه‌ی سۆران روویداوه".
روونیکرده‌وه و وتی؛"ئه‌و بوک و زاوا ماوه‌ی 3 مانگه زه‌ماوه‌ندیان کردووه و له کاتژمێر 2ی پاش نیوه‌شه‌ودا، ژنه‌که خه‌به‌ری ده‌بێته‌وه و ئاگاداری جوڵانه‌وه‌ی شتێكی نادیار له دوروبه‌ری خۆیدا ده‌بێت، دوای ئه‌وه‌ش که ژووره‌که رووناک ده‌کاته‌وه، ده‌بینێت که مێرده‌که‌ی سه‌ربڕاوه".
سه‌باره‌ت به رووداوه‌که‌ش، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاماری نه‌خۆشخانه‌ی گشتی سۆران، ئه‌حمه‌د ستوونی وێڕای پشتڕاستکردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌که، تایبه‌ت پێی راگه‌یاندین، که "سه‌ری زاوا تا سه‌ر پێسته لێیکراوهتهوه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، که له‌پاش رووداوه‌که ژنه‌که له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌ستگیر کراوه و تا ئێستاش لێکۆڵێنه‌وه له‌باره‌ی رووداوه‌که، به‌رده‌وامه.
پهیامنێڕ