بابهت: لایەنە تەندروستییەكانی خوێی یۆد كراو
لایەنە تەندروستییەكانی خوێی یۆد كراو
خوێی یۆدكراو یان خوێی یۆددار Iodized Salt بە شێوەیەكی سەرەكی پێكهاتووە لە سۆدیۆم و كلۆراید و یۆد. یۆد Iodine كانزایەكی گرنگە و بە بڕی كەم بۆ تەندروستی پێویستە. كانزای یۆد بە شێوەیەكی سروشتی لە لەشدا هەیە، گرنگی هەیە لە كرداری زیندەپاڵی(میتابۆلیزمی Metabolism) خانەكاندا، كرداری میتابۆلیزم بریتییە لە گۆڕینی خۆراك بۆ وزە لە لەشدا. یۆد پێویستە بۆ فرمانی گلاندی دەرەقی لە دروستكردنی هۆرمۆنەكانیدا. یۆد جگە لە خوێی یۆدكراو، لە گەلێك خۆراكدا سەرچاوە دەگرێت وەكو: خۆراك و سەوزەی دەریایی، ماسی دەریا، شیر و بەرهەمەكانی، ئەو رووەكانەی كە لە خاكێكی دەوڵەمەند بە یۆد دەچێنرێن. كەمی كانزای یۆد دەبێتە هۆی ئاوسانی گلاندی دەرەقی Goiter لەبەر گەورەبوونی خانەكانی لەگەڵ سستبوونی گلاندی دەرەقی Hypothyroidism. كەمی یۆد زیاتر لە ئافرەتاندا بەدی دەكرێت بەتایبەتی لەكاتی دووگیانیدا، ئەو منداڵانەی كە تووشی كەمی یۆد دەبن دوچاری دواكەوتنی گەشەی جەستەیی و دواكەوتنی گەشەی عەقڵی دەبن Cretinism. زیادبوونی كانزای یۆد لە لەشدا دەبێتە ئەگەری كەمبوونەوەی چالاكی گلاندی دەرەقی. پێویستی رۆژانەی كانزای یۆد دەگۆڕێ بە گوێرەی تەمەن، بۆ نموونە پێویستی رۆژانەی منداڵ لە تەمەنی 1-10 ساڵیدا دەگاتە 70-120 مایكرۆگرام، هەروەها لە تەمەنی 11ساڵی و بەسەرەوەدا پێویستی رۆژانە دەگاتە 150 مایكرۆگرام، ئافرەت لەكاتی دووگیانیدا رۆژانە پێویستی بە 175 مایكرۆگرام یۆد هەیە، هەروەها لەكاتی شیرداندا 200 مایكرۆگرام. یەك كەوچكی كوپ خوێی یۆدكراو نزیكەی 380 مایكرۆگرام یۆدی تێدایە
gulan