1

بابه‌ت: ئێمەش پێویستمان بەلاپەڕەیەكی سپییە

یونس حەمەد : ئەو هەمیشە لەبەرامبەر ئەو هەموو قسەو باسانەی كەبۆی هەڵدەبەسترێت و پێیدەوترێت بێدەنگە، بێدەنگ نەك بەو مانایەی كە وەڵامێكی نەبێ بۆ ئەو كەسانە، بەڵكو بەو مانایەی كە خۆی دڵنیایە لەكارەكانی خۆیی و هەموو ئەم قسانەش لای ئەو وەكو بڵقی سەر ئاو وان. ئەو پێیوایە قسەنەكردن و گرنگی  نەدان بەو كەسانە باشترین وەڵامە، وەك بڵێی كە دەریا بەدەمی سەگ پیس نابێت، بۆیە لەجیاتی قسەكردن و وەڵامدانەوەی لەكەناڵەكان، ماوە ماوەو چەند ساڵێك جارێك بەئەلبوومێكی ناوازە دێتەوە دیداری گوێگران و شەیدایانی و پێمان دەڵێت كارەكانم وەڵامی منە.

ئەو راست دەكات، چونكە هەركەسێك كە گوێ لەبەرهەمەكانی دەگرێت، ئەوا تێدەگات لەوەی كە ئەو نە وازی لەهونەرو گۆرانیوتن هێناوەو نە بەدوای ئەو شتە لاوەكییانەش كەوتووە كەبۆی هەڵدەبەستن. ئەمجارەشیان هونەرمەند زەكەریا بەئەلبوومی لاپەڕەی سپی جارێكی تر ئەو پڕوپاگەندانەی بەدرۆ خستەوە كە گوایە وازی لەهونەر هێناوەو سەرقاڵی بازرگانیكردنە.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەو داهاتی ئەلبوومەكەشی بۆ منداڵانی هەژار و كەمدەرامەت تەرخانكردووە، بەڵام بەداخەوە دیسانەوە كۆمەڵێك كەسی بێكار، كەچاویان لەبەرامبەر جوانیدا هەمیشە كوێرەو هەستی جوان بینیان نەماوە، بەناوی ئەوەی كە ئەلبوومەكەی نەك هەر داهاتی نییە، بەڵكو ئەلبوومەكەی ئەویش وەكو ئەلبوومی هونەرمەندانی تر زەرەر دەكات، ئەی كەوایە چۆن دەتوانی یارمەتی منداڵانی پێبدات؟.
من نامەوێ بچمە ناو ئەو ناوەرۆكەی كە (لاپەڕەی سپی) داهاتی دەبێت یان نا، بەڵكو ئەوەی من مەبەستمە بیڵێم ئەوەیە كە بۆچی دەبێت ئێمە لەجیاتی دەستخۆشیكردن لەو هەڵوێستەی زەكەریا، رەخنەی لێبگرین و بە ئارەزوو و ویستی خۆمان شەن و كەوی بكەین و پێمانوابێت ئەمە چەواشەكارییە، بەڵام بۆ ئامادە نەبین هەموومان هەولێ ئەوەبدەین كە دەستخۆشی لێبكەین و بۆ سەرخستنی پڕۆژەو پێشنیازەكەی زەكەریا، داوا لەخەڵكی بكەین كە دیاردەی كۆپیكردن كەمبكەینەوە، كەپێموایە بەمە نەك هەر زەكەریا، بەڵكو زۆربەی هونەرمەندانی تریش دەتوانن سودێكی باش لەئەلبوومەكانیان وەربگرن.
زەكەریا بەئاشكرا لاپەڕەیەكی سپی بۆ هەموو لایەك هەڵداوەتەوەو جارێكی تریش لەڕێگەی ئەم ئەلبوومەوە پێماندەڵێتەوە، كە ئەو لەهونەرەكەی بەردەوامەو ئەو قسانەی كەبۆی هەڵدەبەسترێن هیچی وانین، با ئێمەش لاپەڕەیەكی سپی هەڵبدەینەوەو واز لەم رەخنە بێسەر بەرانە بهێنین و ئیتر بێویژدانانە تفەنگ بەتاریكییەوە نەنێین، با هەوڵبدەین بەهەموومان كار بۆ نەهێشتنی كۆپیكردن بكەین، ئەو كاتە بۆ هەموو لایەكمان رووندەبێتەوە كە داهاتی هونەری هونەرمەندانمان چەندە، بۆشتان رووندەبێتەوە كە داهاتی لاپەڕەی سپی چەند دەبێت و تا چەندیش زەكەریا راستگۆیە لەو پڕۆژەیەی كە بڕیاری لێداوە، چونكە دڵنیام لەوەی وەك چۆن ئەو هەمیشە راستگۆ بووە لەهونەرەكەی، ئاوا راستگۆش دەبێت لەو بڕیارەی كەداویەتی.
chra tv

[size=16]دانانی لینكی ماڵپه‌ر به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌یه‌

به‌ڕێوبه‌رایه‌تی..[/size]


http://kurdup.com/up/uploads/picture/5d330573c4.jpg