بابهت: براکهی شههێن بۆ ههندهران خۆی کوشت ....!
[size=16]وەك ئەوەی خۆی بۆ بەرنامەی خۆكوشتنەكەی ئامادە كردبێت، ئەو ئێوارەیە داوای لەبراو خوشكەكانی كردووە پێكەوە نانی ئێوارە بخۆن، بەڵام ئەوە تەنها خەیاڵی نێو مێشكی خۆی بوو تا ئەو كاتەی دەنگی فیشەكێك هاوارو قیژەیەكی زۆری نایەوە. برادەرێكی سەرچڵ دەڵێ " تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی لێم ببوورە، لەگەڵ ماڵەوە بووەتە دەنگە دەنگم و پاش كاژێرێكی دیكە خۆم دەكوژم".
شەهێن عومەر، خوشكە گەورەكەی سەرچڵ، ماڵیان بەتەنیشت ماڵی باوكییەوەیە و دەڵێ درەنگی ئێوارە سەرچڵ هات و گوتی، وەرە ئەودیو، بائێوارە پێكەوە نان بخۆین "بەڵام من خواردنم ئامادەكردبوو، بۆیە گوتم سەرچڵ گیان دوای نان خواردن دێم"، بەڵام كاژێر 8ی شەو، دەنگی گریان و هاوار شەهێنی بردە سەر تەرمی براكەی "بەفیشەك خۆی كوشتبوو".
كەیوان ساڵح، كە هاوسەری شەهێنە گوتی ئەو هیچ نهێنییەكی خۆی لای من باس نەكردووە"كەسێكی زۆر توڕەبوو، كە دەنگە دەنگ پەیدابوو، وامزانی سەرچڵ لەمنداڵەكان دەدات"، بەڵام دەنگە دەنگەكە، هاتوهاواری دوای خۆكوشتنی سەرچڵ بووە. كەیوان گوتی"بەشێوەیەك رەفتاری دەكرد، وەك ئەوەی نەخۆشی دەروونی هەبێ".
سەرچڵ عومەر ئەحمەدی تەمەن 19ساڵ، خەڵكی شارۆچكەی عەربەتی سەر بەپارێزگای سلێمانی بوو، پۆلیسی بەرگری شارستانی ئەو شارۆچكەیە بوو. كاژێر 8ی شەوی 23/5/2010 لەنێو ماڵی خۆیدا بە گوللەیەك كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
كەسوكاری سەرچڵ كێشەكە تەنیا بۆ ئەوە دەگێڕنەوە، كە ماوەیەكە داوای ئەوەی كردووە بڕواتە هەندەران، بەڵام رێگەی پێنەدراوە. چۆمان عومەر برای سەرچڵ دەڵێ، هیچ كێشەیەكی نەبوو "ماوەیەك بوو هەر دەیگووت دەڕۆمە دەرەوەو لێرە بێزارم". پێش نان خواردنی ئێوارە سەرچڵ بەچۆمانیشی گوتووە با ئێوارە پێكەوە نان بخۆین "بەڵام من دەچووم بۆ ماڵی برایەكم لە سلێمانی، بۆیە نەمامەوە"، دواتر چۆمان بە تەلەفۆن هەواڵی خۆكوشتنی براكەی دەبیستێ.
چۆمان ئاماژە بەوە دەكات، بەهۆی ئەوەی لەتەمەنی 7ساڵیدا سەرچڵ كەوتووەتە ئاوێكەوەو خەریكبووە بخنكێت، پزیشك پێیگوتبوون تا تەمەنی 18ساڵی دەبێت ئاگایان لێی بێت "چونكە وەك پزیشك گوتی، ئەو تووشی نەخۆشی هەڵچوون بووە، هەرواش بوو، چونكە زۆر توڕەبوو".
هەواڵی مەرگی سەرچڵ بۆ یەكێك لە برادەرە هەرە نزیكەكانی، چاوەڕوان كراو بوو. پشتیوان مەحموودی هاوڕێی نزیكی سەرچڵ، كە ماوەی دە مانگە تێكەڵی بووە دەڵێ، یەكتریمان زۆر خۆشدەویست و هەموو كێشەكانمان بۆ یەك باس دەكرد "ئەو رۆژە تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی لێم ببورە، دەبێت گەردنم ئازاد بكەی، لەگەڵ ماڵەوە بووەتە دەنگە دەنگم و پاش كاژێرێكی دیكە خۆم دەكوژم".
پشتیوان بەپەلە خۆی دەگەیێنێتە سەرچڵ تا لەكێشەكەی تێبگات "رۆشتم بۆ لای و زۆرم قسە لەگەڵ كرد، بەڵام ئەو هەر دەیگوت من بێزارم و دەمەوێت بڕۆمە ئەوروپا، سووربوو لەسەر ئەوەی كە یان بڕوات، یان خۆی بكوژێت". پاش چەند خولەكێك، دەنگە دەنگ و هاوار جارێكی دیكە پشتیوان دەبەنەوە بەردەم ماڵی سەرچڵ " ئەو خۆی كوشتبوو". پشتیوان وایگوت.
قسەیەك زۆر جار ئارام لە سەرچڵی هاوڕێی بیستبێت ئاخ و داخی گەیشتنی بووە بە ئەوروپا. ئارام حەمە نوری، كە یەكێكە لەهاوڕێكانی سەرچڵ دەڵێ، پشتیوان تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی"سەرچڵ بێزارەو دەڵێ خۆم دەكوژم"، بەڵام كاتێك ئەو گەیشتووەتە ماڵیان، تەنیا تەرمی بێ گیانی سەرچڵ مابوو.
نەقیب عەتا، بەرپرسی پۆلیسی شارۆچكەی عەربەت بە(رووداو)ی راگەیاند، ئەوان لێكۆڵینەوە لەو رووداوە دەكەن"كەسوكاری دەڵێن لەبەر ئەوروپا وای لەخۆی كردووە، بەڵام ئێمە هێشتا لێكۆڵینەوەی خۆمان تەواو نەكردووە .
سهربهست [/size]