1

بابه‌ت: له‌هه‌موومان عاشقتره‌...!!!

http://up.7cc.com/upfiles/QDG00825.gif
مردن له‌هه‌موومان عاشقتره‌
خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ كتێبی‌ (ساڵێك له‌ نیگه‌رانی‌ )ی‌ به‌رزان هه‌ستیار
ڕێبین ئه‌حمه‌د خدر
هه‌رده‌م شیعر شتێك ده‌كات كه‌ ژیان پێشبینی‌ نه‌كردووه‌ بكرێت، شیعر لادانه‌..، گریانێكه‌ كه‌ زۆر جار ژیركردنه‌وه‌كان به‌ ساخته‌ ده‌زانێت، ژیركردنه‌وه‌گه‌لێك كه‌ فێڵ له‌ ڕوانین ده‌كه‌ن و ناهێڵَن بفڕێت. هه‌ر ده‌قێكی‌ شیعریش جیاواز ڕه‌و به‌خه‌یاڵدا ده‌ڕوات و ئاگاهی‌ و هه‌ست ده‌خاته‌ خزمه‌تی‌ زمانی‌ بنیاتنانی‌ شیعرییه‌ت، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌ قوڵبینی‌ شاعیر و نیشانكردنی‌ ئه‌و خاڵه‌ ئیستاتیكیانه‌ یان شێوه‌ ئه‌ندازییانه‌ی‌ ڕیشه‌كانی‌ شیعر پته‌وتر ده‌كه‌ن، جگه‌ له‌وه‌ فۆڕمیش ته‌ریبی‌ زمان و مانا له‌شیعردا ده‌دوێ‌ و په‌یوه‌ندی‌ دروستده‌كات له‌گه‌ڵ پێكهێنه‌ره‌كانی‌ تردا، ڕه‌نگه‌ كاری‌ یه‌كه‌مینی‌ شیعر ئه‌وه‌بێت ململانێ‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا بكات چ له‌ ڕوی‌ زمان یان وێنه‌ یان ستاتیكا، چونكه‌ ده‌ق هه‌ڵگری‌ یان كۆكه‌ره‌وه‌ی‌ چه‌ند دنیایه‌كه‌ كه‌ خه‌یاڵ و ئاگاهی‌ به‌ كۆمه‌كی‌ مۆسیقا و زمان و ڕوانین به‌رهه‌می‌ ده‌هێنن.
شاعیر له‌شیعردا هه‌میشه‌ به‌دوای‌ شوێنێكدا ده‌گه‌ڕێت پێشتر شوێن نه‌بووبێت، به‌دوای‌ كاتێكیشدا ده‌خولێته‌وه‌ جێگه‌ی‌ خاڵی‌ بێت له‌ كاتژمێری‌ ئه‌وانیتر.. لێره‌وه‌ نامۆیی‌ ده‌ست پێده‌كات و شاعیر ده‌بێته‌ پردێك یان شیعر ده‌كاته‌ پردێك تا نامۆیی‌ خۆی بگه‌یه‌نێته‌ جیهانی‌ ئه‌وانیتر و شتیش له‌ جیهانی‌ ئه‌وانی‌ دی‌ بێنیته‌ نێو نامۆبوونی‌ خۆیه‌وه‌، به‌چڕبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ش ئه‌وه‌ی‌ به‌رزده‌بێته‌وه‌و فره‌ بینتر ده‌بێت شیعره‌.
لێره‌وه‌ تیشك ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر كتێبی‌ "ساڵێك له‌ نیگه‌رانی‌" به‌رزان هه‌ستیار، ئه‌م كتێبه‌ قه‌سیده‌ی‌ "ساڵێك له‌نیگه‌رانی‌ " له‌خۆ ده‌گرێت، قه‌سیده‌كه‌ جگه‌ له‌ ناونیشانه‌كه‌ی‌ زمانێكی‌ نیگه‌ران و ڕوانینێكی‌ یه‌كجار نامۆیانه‌شی‌ هه‌یه‌, ئه‌م نامۆبوونه‌ بۆ؟ قه‌سیده‌كه‌ وه‌لاَمی‌ زۆری‌ پێیه‌، كار له‌سه‌ر دابڕانی‌ مرۆڤ ده‌كات، دابڕانی‌ مرۆڤ له‌خودی‌ خۆی‌ به‌هۆی‌ هه‌موو ئه‌و فاكته‌رانه‌ی‌ جیهان كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ تر (خۆیه‌تی‌) داده‌رێژێته‌وه‌ وا له‌مرۆف ده‌كه‌ن به‌ قاچه‌كانی‌ خۆی‌ هه‌نگاو نه‌نێت، جگه‌ له‌وه‌ ته‌نهایی‌ به‌رده‌وام له‌ قه‌سیده‌كه‌دا مۆسیقای‌ خۆی‌ لێده‌دا و ئه‌م نیگه‌رانییه‌ دووپات ده‌كاته‌وه‌. شاعیر ته‌نها له‌ خاڵی‌ به‌شیعركردنی‌ ژیان و تێكه‌ڵ كردنی‌ به‌ مه‌رگ ناوه‌ستێت به‌ڵكو ده‌یانكات به‌ خۆشه‌ویستی‌ یه‌كترو ڕه‌نگ وتامی‌ یه‌كتر ده‌گرن. مردن له‌ هه‌موومان عاشقتره‌، ئه‌ی‌ ئه‌وه‌ نییه‌ چركه‌یه‌ك ...چاو له‌ ژیان ناتروكێنێت!/...،جیانه‌كردنه‌وه‌ی‌ ژیان له‌ مه‌رگ یان نزیكی‌ مه‌رگ له‌ ژیان گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی‌ عاشقی‌ یه‌كتربن. مرۆڤ له‌قوڵایی‌ بوون دا هه‌م مردوویه‌ك بێت و هه‌م زیندوویه‌ك.. له‌ ژیاندا هه‌میشه‌ بیر له‌ تارمایی‌ ترس و بیمی‌ مه‌رگ بكاته‌وه‌و حه‌سره‌ت بۆ ئه‌وه‌ بكێشێ‌ ده‌بێت له‌مردنیشدا بیركردنه‌وه‌ له‌ ژیان هه‌بێت؟ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ مه‌رگ له‌ژیان دووركه‌وتنه‌وه‌ی‌ هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كانی‌ ژیانیشن له‌ ژیان، هه‌ر بۆیه‌ شاعیر تووشی‌ شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ خۆی‌ ده‌بێت و ده‌یه‌وێت له‌خۆی‌ دووركه‌وێته‌وه‌، هه‌ر شه‌ڕكردنێكیش له‌گه‌ڵ خوددا پێشكه‌شكردنی‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌ جوانییه‌ به‌ ژیان، چونكه‌ مرۆڤی‌ قوڵ بین وبه‌ئاگا له‌شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ خودی‌ خۆیدا ده‌گه‌رێ‌ِ بۆ ئه‌نجام، مرۆڤه‌ شه‌ڕانگێزه‌كان وتێكده‌ره‌كان شه‌ڕ له‌گه‌ڵ خۆیاندا ناكه‌ن به‌ڵكو له‌ كه‌سێكی‌ تردا بۆ ئه‌نجام ودنیای‌ خۆیان ده‌گه‌ڕێن. قه‌سیده‌كه‌ هه‌ر ته‌نها كار له‌سه‌ر خاڵێك یان په‌نجه‌ره‌یه‌ك ناكات به‌ڵكو فره‌ ڕه‌هه‌ندو فره‌ ڕوو ده‌چێته‌ پێش و له‌نێو نیگه‌رانیدا دونیایه‌ك به‌رهه‌م دێنێت به‌هه‌موو ڕوه‌كانییه‌وه‌، شاعیر ترس ده‌كات به‌ پردی‌ په‌ڕینه‌وه‌ بۆ عه‌شق و ئه‌و ژیانه‌ش كه‌ بۆنی‌ مه‌رگی‌ لێ‌ دێت به‌هۆی‌ عه‌شقه‌وه‌ باوه‌شی‌ پێداده‌كات.. عه‌شق ده‌كاته‌ هۆكارێك بۆ ده‌رچوون له‌نێو بازنه‌ی‌ مه‌رگ وژیان. /تۆ له‌كوێییییییت؟ بۆ نایه‌یت ژیان رووت.. ڕووت كه‌ینه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ به‌ پۆشناخی‌ خۆی‌ نه‌نازێ‌/.شاعیر داوای‌ رووت كردنه‌وه‌و داماڵینی‌ ژیان ده‌كات له‌و هه‌موو ده‌مامك و داپۆشین و پڕكردنه‌وه‌و ئاڵۆزكردنی‌ كه‌ نیگه‌رانییان كردووه‌ بێگومان رووتكردنه‌وه‌ی‌ ژیانیش ته‌نها به‌ عه‌شق ده‌كرێت.. عه‌شق ده‌توانێت ترس له‌سه‌ر ڕۆحی‌ ئینسانه‌كان نه‌هێلێت و ته‌نها عاشقه‌ ده‌توانێت زه‌مینی‌ ئه‌وانیتر جێبهێڵێت. ئه‌وه‌ی‌ قه‌سیده‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌یكات دروستكردنه‌وه‌ی‌ دووباره‌ی‌ هه‌موو شتێكه‌و دووباره‌ پێناسه‌كردنه‌وه‌یه‌ بۆ چه‌مكه‌كان ئه‌وه‌ش هه‌مدیس ده‌قه‌كه‌ی‌ جوانتركردووه‌.. له‌نێو روخاندنی‌ جیهانێك جیهانێكیتر بنیاتده‌نێت. له‌ ڕێگه‌ی‌ دووباره‌ دروستكردنه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی‌ مه‌رگ و ترس و ته‌نهایی ده‌بێته‌وه‌. ئه‌و دڵه‌ڕاوكێ‌ و گومان وپرسیاركردنه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت تا سنووری‌ خۆ ونكردن و نامۆبوون به‌ نامۆبوونیش. /نامه‌وێت كه‌سێك به‌ ئاگام بێنێت، ئه‌م وشكه‌ خه‌ونه‌، زۆر خۆشه‌، ئه‌م وێڵ بوونه‌ زۆر به‌تامه‌، زۆرررررر!!!.
قه‌سیده‌ی‌ "ساڵێك له‌ نیگه‌رانی‌"به‌هه‌موو ڕووه‌كانییه‌وه‌ ده‌یه‌وێت جیهانێكیتر نیشانبدات و ڕوانین قوڵتربكاته‌وه‌ بۆ بینینی‌ چه‌نده‌ها شتی‌ تر كه‌ پێویسته‌ ببینرێن ودرك بكرێن بۆ ئاشكرا كردنی‌ دونیای‌ ئاڵۆز و پڕ له‌سامناكی سامناكییه‌ك كه‌ ژیان له‌ جه‌وهه‌رو روحی‌ خۆی‌ دوور ده‌خاته‌وه‌و ده‌مامكداری‌ ده‌كاو خاڵی‌ ده‌كاته‌وه‌ له‌ عه‌شق، و ده‌یه‌وێت جێگای‌ جیهانێك له‌نێو ئه‌م ئاڵۆزییه‌دا جێبكاته‌وه‌ پڕپڕ له‌ جوانی‌ و عه‌شق هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ ئه‌م نامۆبوونه‌ی‌ دروستكردووه‌. ئه‌م نامۆبوون و نیگه‌رانییه‌ش په‌ره‌ به‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ خۆیان ده‌ده‌ن تا ماڵێكیتر دروستكه‌ن، ماڵێكی‌ جیا.
"ساڵێك له‌نیگه‌رانی‌" به‌رده‌وام له‌نێو پرسیارو گومانكردندا ده‌خولێته‌وه‌و له‌ودیو په‌نهانییه‌وه‌ جوانی‌ و عه‌شق ده‌كاته‌ ڕێگایه‌یه‌ك بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ ئه‌و شتانه‌ی‌ به‌دوایاندا ده‌گه‌ڕێت، هه‌رچه‌ند گه‌ڕان بێزاریش به‌رهه‌م بێنێت ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌و ڕاڕایی‌ وگومانكردنی‌ خۆی‌ به‌رده‌وامه‌. .شاعیر زۆر دوور كه‌وتۆته‌وه‌ تا له‌ ڕێگه‌ی‌ شیعره‌وه‌ بڕوانێته‌ ناخ و ڕوحی‌ خۆیشی‌ هه‌ر وه‌ك چۆن له‌ شتگه‌لی‌ تر ده‌ڕوانێت، دواجار ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی‌ ناسینی‌ مردن و ژیان و ئه‌وانی‌ دی‌ بزانێ‌ خۆی‌ كێیه‌ یان ناسینی‌ خۆی‌ بكاته‌ پردێك تا له‌م چه‌مكانه‌ تێبگات؟
ئه‌م خولانه‌وه‌ پڕ له‌ نیگه‌رانییه‌ به‌رده‌وامه‌.
دوو دڵی‌ فێری‌ ئه‌وه‌ی‌ كردم
به‌رده‌وام به‌ یه‌قینه‌وه‌ خۆشه‌ویستی‌ بكه‌م!!

سه‌رچاوه‌: قه‌سیده‌ی‌ ساڵێك له‌ نیگه‌رانی‌. به‌رزان هه‌ستیار.چاپخانه‌: ده‌زگای‌ ئاراس

http://2upl.com//uploads/images/microkurd-ed6c6f3f99.png
Mamma du är min bästa vän
och har varit detta ända sen


du visade mig världen en vacker dag
och såg ner på mig med välbehag