بابهت: ڕەنگەكانی ئاگر:موعجیزەی پێغەمبەرن(د.خ)
[size=16]ڕەنگەكانی ئاگر:موعجیزەی پێغەمبەرن(د.خ)
لەو كاتەوەی مرۆڤ بەدیهێنراوە لەم گەردوونەدا و ئاگری دۆزیەوە و ئاگر بوە هاوەڵی بەردەوامی بۆ بەجێهێنانی پێویستیەكانی ژیانی هەر لەو كاتەوە ئەو ئاگرە بۆتە جێی سەر سوڕمان و بیركردنەوە لە لایەن مرۆڤەوە كە هەندێك جار بۆتە مایەی ترس و سڵەمینەوە لێی بۆیە مرۆڤ لەو كاتانەدا هەروەك پیشەی خۆی پەنای بردۆتە بەر پەرستنی ئەو ئاگرە و هەتا ئەوانەی كە خۆریشیان پەرستوە یەكێك لە هۆكانی ئەو پەرستنە ئەوە بوە كە خۆر سەرچاوەی ئاگر بوە بۆیان ،هەروەك ئەو كۆمەڵەی كە لە سەردەمی پەیامبەر سولەیماندا خۆریان دەپەرست و ئەو هەواڵَەش بەهۆی پەپۆ سولەیمانەوە گەیشتەوە بە حەزرەتی سولەیمان و ئەو چیرۆكەش لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژەی بۆ كراوە لە سورەتی نمل ئایەتی 23 – 26 .
لەم باتەدا هەوڵ دەدەین كە ڕۆشناییەك بخەینە سەر ئاگر لە ڕووی زانستیەوە كە پشتڕاستكردنەوەیەكی بەهێز دەبێت بۆ فەرموودەیەكی پەیامبەر موحەمەد ( د . خ ) كە سەبارەت بە ئاگر فەرموویەتی و لە دووایدا ئاماژەی بۆ دەكەین .
بۆ ئەوە پێویستە باس لە تیشكدانی تەنی ڕەش بكەین واتە Black body radiation كە وازانراوە ئەو دیاردەیە لە لایەن زانا خۆرئاواییەكانەوە دوزراوەتەوە بەڵام موحەمەد 14 سەدە پێش ئێستا باسی كردوە .
زاناكانی ئەمڕۆ جەخت لەوە دەكەنەوە كە ڕەنگی ئەو ڕووناكیەی تەنێكی گڕگرتوو یان سوتاو دەیدات پەیوەستە بە پلەی گەرمی ئەو تەنەوە و هەتا هەندێكیان ئەو پەیوەندیە بە پلەی گەرمی ڕەنگەكان ناوزەد دەكەن .كاتێك پلەی گەرمی تەنێكی گرگرتوو بەرز دەبێتەوە ئەوا ڕەنگی ئاگرەكەی لە ڕەنگی سوری بینراوەوە دەگۆڕێت بەرەو نیلی و بنەوشەیی پاشان سەروو بنەوشەیی كە نابینرێت و ئینجا ڕەنگە نەبینراوەكانی تر كە نەبینراون واتە ڕەش چونكە لە زنجیرەی شەبەنگی شەپۆلە كارۆموگناتیسیەكاندا چاوی مرۆڤ تەنها بەشێكی زۆر كەمی دەبینێت كە بە رووناكی سپی یان بە شەبەنگی خۆر دەناسرێت و بریتین لە حەوت ڕەنگ كە ئەمانەن بە ڕیز لە درێژی شەپۆلی زۆرەوە بۆ درێژی شەپۆلی كەم ( سور ، پرتەقاڵی ، زەرد ، سەوز ، شین ، نیللی ، بنەوشەیی ) ئیتر هەچ ڕووناكیەك یان ڕەنگێك درێژی شەپۆلەكەی زیاتر بێت لە درێژی شەپۆلی ڕەنگی سور ئەوە بە شەپۆلەكانی خوار سور دەناسرێت ومرۆڤ نایانبینێت و هەر ڕەنگێك یان ڕووناكیەك درێژی شەپۆلی لە درێژی شەپۆلی ڕەنگی بنەوشەیی كەمتر بوو دیسان چاوی مرۆڤ نایانبینێت.
كاتێك تەنێك دەست بە گەرم بوون دەكات ئەوا پلەی گەرمیەكەی ووردە ووردە بەرز دەبێتەوە كە لەگەڵ ئەو بەرزبوونەوەش ڕەنگی ئەو تەنە دەگۆڕێت لە سورەوە بۆ پرتەقاڵی و زەرد و سەوز تا لە دووایدا دەبێتە سپی و ئینجا ڕەنگەكانی تر كە چاوی مرۆڤ نایانبینێت كە زاناكان دەڵێن ڕەنگی ڕەش دوا ڕەنگی بینراوە لە لایەن چاوی مرۆڤەوە كە لە ڕاستیدا هیچ ڕەنگێك ناگەیەنێت ، بەڵام نابێت ئەوەمان لە بیر بچێت كە چاوی مرۆڤ ئەو گۆڕانگاریانە ئا بەو ووردیە نابینێت بەڵكو ئەوی چاو دەیبینێت ڕەنگی سوورە و دووایی سپی بوونەی ئەو تەنە گەرمكراوەیە .
لە ڕووی زانستیەوە زاناكان یاسای فیزیایی زۆر گرنگیان داناوە دەربارەی تیشكدانی تەنەكان بە تایبەتی تیشكدانی تەنی ڕەش بە پێی ئەو یاسایە لەرەلەری ڕووناكی واتە ووزەكەی ڕاستەوانە دەگۆڕێت لەگەڵ پلەی گەرمیەكەیدا واتە ئێمە دەتوانین ڕەنگی شەبەنگی هەر ڕووناكیەك بمانەوێت دیاری بكەین بە زانینی پلەی گەرمی ئەو ڕووناكیە ، ئەمەش دەقی فسەی ئەو زانایانەیە كە دەڵێن :
As you can see, if you heat a blackbody to 1900K, it glows orange. As the temperature increases, the color of the radiated light moves to yellow, then white, and finally to blue.
واتە وەك تۆ دەبینیت ئەگەر تەنێكی ڕەش گەرم بكەیت بۆ 1900 پلەی پەتی ئەوا ئەو تەنە بە ڕەنگی پرتەقاڵی دەدرەوشێتەوە ،و ئەگەر پلەی گەرمی بەرزبوەوە ئەوا ڕەنگی دەگۆڕێت بۆ زەرد و ئینجا سپی و پاشان شین . هەروەها زاناكان لە سەر ئەوە كۆكن كە ئەگەر تەنێك گەرمكرا بۆ پلەیەكی گەرمی زۆر بەرزی ناكۆتا ئەوا درێژی شەپۆلەكەی دەبێتە سفر واتە هیچ ڕووناكیەكی نابێت واتە ئەو تەنە ڕەش دەردەكەوێت بەڵام بیگومان ئەوە تەنها لە ڕووی تیۆریەوە چونكە بە كرداری ناتوانرێت پلەی گەرمی تا ناكۆتا بەرز بكرێتەوە لەم دونیایەدا و هیچ تەنێك بەرگەی ئەو پلە گەرمیە زۆر بەرزە ناگرێت.
درێژی شەپۆلی ڕووناكی بینراو لە نێوان ( 780 - 380 ) نانۆمەترە واتە تێكرایی درێژی شەپۆلی ڕەنگی سوور 780 نانۆمەترە و تێكڕایی درێژی شەپۆلی بنەوشەیی 380 نانۆمەترە ( 1 نانۆ = 10 – 9 م ) ، واتە ئەگەر ئەستێرەیەك پلەی گەرمیەكی لە سنوری 4000 پلەی پەتیدا بێت ئەوا بە ڕەنگی سور دەدرەوشێتەوە بەڵام ئەو ئەستێرانەی كە پلەی گەرمیان لە سنووری 10000 پلەی پەتیدایە ئەوا بە ڕەنگی سپی دەردەكەون ،و ئەو ئەستێرانەی پلەی گەرمیان لە سەروو 10000 پلەی پەتیدان ئەوا بە ڕەنگی شینی تۆخ دەردەكەون واتە ( سور – سپی – شین ) بەڵام بۆچی شین ؟
لە ڕاستیدا ڕەنگی سپی پێكدێت لەو حەوت ڕەنگەی پێشوو كە بە شەبەنگی خۆر دەناسرێن ، بەڵام بە پێی ئەوەی زاناكان پێی گەیشتون وە تێی گەیشتون هەریەكە لەو ڕەنگانە پلەی گەرمی تایبەت بە خۆیان هەیە ، بۆ نمونە پلەی گەرمی ڕەنگی سور 1600 پلەی پەتیە و ڕەنگی سپی زەردباو 6000 پلەی پەتیە و ڕەنگی شین 10000 پلەی پەتیە ، ئەمەش ئەوە دەردەخات كە ڕەنگی سور ساردترە لە ڕەنگی شین كە زاناكان لەم دوواییانەدا گەیشتوون بەو ڕاستیە !
بەڵام ئەگەر ئەو تەنە لەوەش زیاتر گەرم كرا ئەوا ڕەنگی دەبێتە سپی كە كۆكراوەی هەموو ڕەنگەكانە واتە ئەو تەنەی تا پلەی سپی بوونەوە گەرمكرا ئەوا لە هەموو پلەكانی پێشوو گەرمتر دەبێت . بەڵام سەبارەت بە ڕەنگی ڕەش ،زۆربەمان كونی ڕەشی بیستوە كە دوا قۆناغی تەمەنی ئەستێرەكانە ، كاتێك ئەستێرەیەك دەگاتە قۆناغی كونی ڕەش ئەوە هێزی كێشكردن و چڕی ماددەكەی دەگاتە ئەوپەڕی و ناشبینرێت ، بۆیە ئەوە دواقۆناغی گۆرانی ڕەنگەكانە لە تەمەنی ئەستێرەكاندا ، بۆیە دەتوانین بڵێین كە ڕەنگی ڕەش دوا ڕەنگی گەرمكردنە كە زاناكان ئەو قۆناغە نەبینراوە ناوزەد دەكەن بە ڕەنگی ڕەش .
واتە ئێمە واین لە بەردەم سێ رەنگی سەرەكیدا كە ئەوانیش سور ، سپی و ڕەشن كە نەبینراوە كە لە نێوان ئەو ڕەنگانەشدا ڕەنگەكانی تری شەبەنگی خۆر هەن ،كە لە سورەوە دەست پێدەكات و دەگاتە بنەوشەیی و پاشان نابینرێن كە ئەوەش ڕەش بوونە چونكە چاوی مرۆڤ سەروبنەوشەیی و خوار سوریش نابینێت .
فەرموودەی پەیامبەری ئیسلام موحەمەد ( د .خ ) :
لە بەر رۆشنایی ئەو ڕاستیە زانستیانەی پێشوو كە لەم دوواییانەدا زانست پێی گەیشتوە جێی خۆیەتی كە ئاماژە بكەین بۆ فەرموودەیەكی پەیامبەر دەبارەی ئاگر كە لە سەردەمێكدا فەرموویەتی كە ئاگر پەرستراوە لای زۆربەی بێ بڕوا و هاوبەشكارەكان ! پەیامبەری ئیسلام دەربارەی ئاگر فەرموویەتی :
(أوقد على النار ألف سنة حتى احمرّت، ثم أوقد عليها ألف سنة حتى ابيضت، ثم أوقد عليها ألف سنة حتى اسودّت، فهي سوداء مظلمة) [رواه الترمذي].
واتە ( ئاگرێك دەكرێتەوە ( مەبەستی ئاگری دۆزەخە ) كە پلەی گەرمی ماوەی 1000 ساڵ لە بەرزبوونەوەدا دەبێت تا ڕەنگی سور دەبێت ئینجا بە 1000 ساڵی تر ڕەنگی سپی دەبێت و بە 1000 ساڵی تر ڕەنگی ڕەش دەبێت و نابینرێت واتە تاریك دەبێت) تەرمزی گێڕاویتەوە . كە ڕەنگی سپی كۆكراوەی هەموو ڕەنگەكانی شەبەنگی خۆرە و زاناكان بە ڕەنگێكی ناوەندییان داناوە لە نێوان سور و ڕەشدا و بە هەمان شێوەش لە فەرموودەكەدا هاتوە ، هەروەها لە فەرموودەكەدا بە ئاشكرا باس لە پەیوەندی نێوان پلەی گەرمی و ڕەنگ دەكات بەو شێوەی كە ئەمڕۆ زانست باسی دەكات ، ڕەنگی سوور ساردترە لە ڕەنگی سپی و ئەویش ساردترە لە ڕەنگی ڕەش كە ئەو ڕەنگەی دووایی گوزارشە لە ڕەنگی شەپۆلە كارۆموگناتیسیەكانی سەروبنەوشەیی كە بە چاوی مرۆڤ نابینرێن ، جگە لەوانە لە فەرموودەكەدا باس لە كات كراوە واتە گۆڕینی ڕەنگەكان لە سورەوە بۆ سپی و دووایی بۆ ڕەش ئەوە بۆ خۆی كاتی دەوێت كە ئەوەش مانای بەرزكردنەوەی پلەی گەرمی ئاگرەكەیە كە پێویستی بە كاتێك دەبێت و زانستیش بە هەمان شێوە باس لەوە دەكات هەرچەندە ئەو كاتە بۆ ئاگری دونیا زۆر كەمە بەڵام با ئەوەمان لە بیر نەچێت كە ئەو ئاگرەی فەرموودەكە باسی دەكات ئاگری ڕۆژی دواییە و زۆر جیاوازە لەم ئاگرەی ئێمەی مرۆڤ دەیزانین .
لە فەرموودەیەكی ترد پەیامبەر باس لەو ڕاستیەش دەكات و دەفەرمووێت :
(نار بني آدم التي توقدون جزء من سبعين جزءاً من نار جهنم، قالوا: يا رسول الله إن كانت لكافية ؟ فقال: إنها فضلت عليها بتسعة وستين جزءاً ً ) [رواه البخاری].
واتە ئاگری دونیا ئەوەی كە ئێمەی ئادەمیزاد بەكاری دێنین بە شێكە لە 70 بەشی ئاگری دۆزەخ واتە ئاگری دۆزەخ 69 بەشی 70 بەشەكەیە و ئاگری دونیاش یەك بەشی ئەو ئاگرەیە بە مانایەكی دی ئاگری دۆزەخ 70 هێندی ئاگری دونیایە !!!!.
خوێنەری بەڕێز بۆ ئەوەی زیاتر گەورەیی ئاگری ڕۆژی دوایت بۆ دەربكەوێت سەرنج بدە لەو ماوەیەی فەرموودەكە باسی دەكات 1000 ساڵ بە هەژماری خوایی كە هەر یەك ڕۆژی ئەو ساڵە دەكاتە 50 هەزار ساڵی ئێمە !! وەك قورئان دەفەرمووێت :
(وَيَسْتَعْجِلُونَكَ بِالْعَذَابِ وَلَنْ يُخْلِفَ اللَّهُ وَعْدَهُ وَإِنَّ يَوْمًا عِنْدَ رَبِّكَ كَأَلْفِ سَنَةٍ مِمَّا تَعُدُّونَ) [الحج: 47]،
دەی ئێستا بیر بكەرەوە لە گەورەیی و توڕەیی ئەو ئاگرە كە ئەگەر بەراوورد كرا بە ئاگری دونیا و هەرگیز بەراووردیش ناكرێت ئەوا ئاگری دونیا لە چاو ئەو ئاگرە ئەو لە سەهۆڵیش سەهۆڵتر و ساردتر دەبێت بۆیە پێویستە هەر هەموومان بڵێین:
(وَالَّذِينَ يَقُولُونَ رَبَّنَا اصْرِفْ عَنَّا عَذَابَ جَهَنَّمَ إِنَّ عَذَابَهَا كَانَ غَرَامًا * إِنَّهَا سَاءَتْ مُسْتَقَرًّا وَمُقَامًا ) [الفرقان: 65-66].
ئامادەكردنی:جەمال موحەمەد ئەمین
وهر گيراوه له(haiv.org)
بهداوای لێبوردنهوه له ئامادهكاری بهڕێز وێنهكانم لابردوه له بهر ئاسانی بڵاو كردنهوه.[/size]