1

بابه‌ت: رۆژین ده‌چێته‌ به‌رشلۆنه‌ی ئیسپانی

رۆژین ده‌چێته‌ به‌رشلۆنه‌ی ئیسپانی 
تاران 3 حوزه‌یران/ یۆنیۆ (PNA) - كورته‌ فیلمی كوردی "رۆژین" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد چیمه‌ن ره‌حیمی و له‌ نووسینی تۆبی نۆروه‌ی، به‌شداری له‌ فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی مافی مرۆڤ له‌ شاری ره‌شلۆنه‌ له‌ ئیسپانیا ده‌كات.
خانمه‌ سینه‌ماكاری سنه‌یی و دانیشتووی له‌نده‌ن و ده‌رهێنه‌ری كورته‌ فیلمی "رۆژین" چیمه‌ن ره‌حیمی له‌ لێدوانێكی تایبه‌ت به‌ به‌شی هونه‌ریی ئاژانسی هه‌واڵی په‌یامنێر، گوتی: كورته‌ فیلمی "رۆژین" له‌ رۆژانی 8 تا 12ی حوزه‌یران/ یۆنیۆ2011 له‌ فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "مافی مرۆڤ" Human Rights به‌رشلۆنا Barcelona له‌ شاری به‌رشلۆنای ئیسپانیا نمایش ده‌كرێت".

گوتیشی "كورته‌ فیلمی درامای رۆژین ماوه‌كه‌ی 10 خوله‌كه‌ و ساڵی 2010 له‌لایه‌ن كۆمپانیای به‌ریتانی پۆسیۆن رۆگێ پیكچێرس Poisson Rouge Pictures له‌ شاری له‌نده‌ن به‌رهه‌مهاتووه‌، چیرۆكی كچه‌ كوردێك بۆ بینه‌ر ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ كاتی ژیانیدا تووشی هه‌ندێك گرفت بووه‌ و به‌ ناچار سه‌ردانی به‌ریتانیا ده‌كات و له‌ یه‌كێك له‌ هوتێله‌ به‌ناو بانگه‌كانی شاری له‌نده‌ندا كار ده‌بینێته‌وه‌".

ره‌حیمی له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتی "ئه‌م كچه‌ هه‌وڵده‌دات نهێنییه‌كانی رابردووی خۆی له‌بیربكات، رۆژێك به‌ رێكه‌وت تووشی میوانێكی هوتێله‌كه‌ ده‌بێت و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ رابردووی خۆی و هه‌مووی نهێنییه‌كانی وه‌بیردێته‌وه‌ و دووباره‌ ئه‌و بیره‌وه‌ریانه‌ یه‌خه‌ی ئه‌و ژیانه‌ نوێیه‌ی ده‌گرن، كێشه‌ ده‌رۆنییه‌كانی ئه‌م كچه‌ كورده‌ په‌نابه‌ره‌ ئاڵۆزده‌بن و به‌ره‌نگاری بڕیارێكی قورس ده‌بێته‌وه‌".

روونیشیكرده‌وه‌ "ناوه‌رۆكی فیلمی رۆژین تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر پرسی مافی مرۆڤ، ئه‌و پرسیاره‌ بۆ بینه‌ر دروست ده‌كات كه‌ ئایا ده‌كرێت مرۆڤ بتوانێت به‌سه‌ر رابردوویدا زالبێت و بتوانێت گیانی لێبوردنی هه‌بێت ته‌نانه‌ت به‌رامبه‌ر تاوانباران هه‌ر چه‌ند كه‌ تاوان هه‌رگیز له‌ یاد ناكرێت".

ئه‌وه‌شی خسته‌ روو "ئه‌م فیلمه‌ له‌ته‌موز/ یۆلیۆ 2010 خه‌ڵاتی پێبه‌خشراوه‌، ئه‌م فیلمه‌ له‌ لایه‌ن ناوه‌ندی فیلمی سه‌ربه‌خۆ ناسراو به‌ "ئیندێ فێست" Indie Fest له‌ ئه‌مه‌ریكا نمایشكراوه‌ و له‌ لایه‌ن پسپۆڕان و شاره‌زایانیی ئه‌م ناوه‌نده‌وه‌ خه‌ڵاتی پێبه‌خشراوه‌. ئیندێ فێست ناوه‌ندێكی ئاكادیمییه‌ و له‌ كۆمه‌لێك پسپۆڕی بواری سینه‌ما پێكهاتووه‌ كه‌ دوو جار له‌ ساڵێكدا كۆده‌بنه‌وه‌ و له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهانه‌وه‌ به‌ هه‌زاران فیلم ده‌گاته‌ ده‌ستیان و ئه‌وان هه‌ر شه‌ش مانگ جارێك نزیك به‌ 80 تا 100 فیلم ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن و خه‌ڵاتیان پێده‌به‌خشن".

ئه‌وه‌شی راگه‌یاند "به‌شێك له‌ خه‌ڵاتی ئه‌م ناوه‌نده‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناوی فیلمه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كان له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌كه‌یان داده‌نێن و به‌رپرسانی سه‌دان فیستیڤاڵ و فیلمساز له‌ سه‌رتاسه‌ری دنیاوه‌ ناوی ئه‌م فیلمانه‌ ده‌بینن، چونكه‌ ماڵپه‌ری فیلمی سه‌ربه‌خۆی ئیندێ فێست گرینگییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌ و ده‌بێته‌ مایه‌ی گرینگیدان به‌و فیلمانه‌ی كه‌ ئه‌م ناوه‌نده‌ ناویان لێده‌بات".

ئه‌م فیلمه‌ تاكوو ئێستا له‌ چه‌ندین فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلم له‌ ئاستی دنیادا نمایشكراوه‌، له‌وانه‌: 

ـ له‌ فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی كورته‌ فیلمی "دی ئیندێ" The Indie له‌ شاری كالیفۆڕنیا له‌ ویلایه‌تی كالیفۆڕنیا له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا

ـ له‌ فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "ریندێریارد" له‌ شاری له‌نده‌ن و له‌ ئیسپانیا

ـ له‌ یه‌كه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی كوردی له‌ ئیرله‌ن

ـ له‌ فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "كۆرتۆ"

ـ له‌ فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "تۆكیۆ" له‌ ژاپۆن

ـ له‌ فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "ستێپ" Step له‌ ئۆكرانیا

ـ له‌ 22مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "ئه‌سته‌نبووڵ" له‌ توركیا

ـ له‌ دووهه‌مین خولی فیستیڤاڵی لاوانی كورد له‌ داڵاس له‌ شاری داڵاس له‌ ویلایه‌تی تێگزاس له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا

ـ له‌ فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "ستپس" و "ستازدینۆر" له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا

ـ له‌ فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "پۆنتینۆ" له‌ ئیتاڵیا
ـ له‌ به‌شی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "به‌نگ" له‌ شاری نۆتینگهام له‌ به‌ریتانیا.


مه‌نسوور جیهانی/ پ. ف

[center] گه‌وره‌ بوون ئه‌و تابلۆیه‌ بوو كه‌ هیچ كام له‌و ڕه‌نگانه‌ى تێدا نه‌بوو كه‌ به‌ منداڵى خه‌ونم پێیانه‌وه‌ ده‌بیــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــنى......!!
[/center]