یانەی هەولێر دوایەكەی مەشقیی لە بەغدا ئەنجام دا و لەلایەن جەماوەری زەوڕاشەوە جنێو باران دەكرێن
(ئاكانیوز)- بەرپرسی راگەیاندنی یانەی هەولێر ئەمڕۆ دووشەم رای گەیاند، تیپی تۆپی پێ یانەكەیان بەمەبەستی خۆئامادەكردن بۆ یاریی كۆتای خولی بژاردە دوایەكەی مەشقیی خۆی ئەنجام دا و دوای تەواوبوونی مەشقەكەش لەلایەن هاندەرانی یانەی زەوڕاوە جنێو و قسەی ناشیرینیان پێ دەگوترێ.
سامان بریفكانی بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، تیپی تۆپی پێی یانەی هەولێر شەوی رابردوو لەسەر یاریگەی شەعب لە بەغدا، دوایەكەی مەشقیی خۆی ئەنجام دا بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە بۆ یاریی كۆتا ئامادە بێ.
ئەمشەو سات 21:00 بەكاتی ناوەخۆ یاریی كۆتای ئەم وەرزەی خولی بژاردەی تۆپی پێی عێراق لە نێوان هەردوو یانەی زەوڕا و هەولێر لە یاریگەی شەعب لە بەغدا ئەنجام دەدرێ.
یانەی هەولێر لە شەمووی رابردووەوە گەیشتووەتە بەغدا و دەستی بەئامادەكارییەكانی كردووە.
بریفكانی گوتی، لە مەشقەكەدا سەرجەم یاریزانەكان ئامادە بوون، جگە لە ئەحمەد ئیبراهیم نەبێ، كە بەهۆی ئەنگاوتنەوە یاوەری شاندەكە نەبووە، هەموو یاریزانانیش بە گوڕوتینێكی زۆرەوە مەشقەكانیان ئەنجام دەدا، مەشقەكانیش زیاتر لەسەر تۆپ لێدان لە دەرەوە بۆ گۆڵ و خێرایی لە گواستنەوەی تۆپ و وردبوونەوە لە یاریزانی لایەكان بوو.
پتر گوتی، ئەیوب ئۆدیشۆی راهێنەری یانەی هەولێر بەشێوەیەكی تایبەت لەسەر جێبەجێكردنی لێدانی سزا مەشقی بەیاریزانەكانی كرد بەمەبەستی خۆ ئامادەكردن بۆ ئەگەری گەیشتنی یارییەكە بەلێدانەكانی سزای یەكلاكەرەوە.
بەرپرسی راگەیاندنی یانەی هەولێر ئاماژەی بەوەش دا كە دەستەی راهێنەران و یاریزانان بەڵێنیان داوە هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوە بێت یارییەكە ببەنەوە و نازناوەكە بۆ جاری چوارەم بۆ یانەكەیان بەدەست بێننەوە.
بریفكانی گوتی، دوای بەكۆتا هاتنی مەشقەكانی تیپەكەمان، هەندێك لە جەماوەری یانەی زەوڕا لەسەر پەیژەكانی یاریگەی شەعبەوە، جوێن و قسەی ناشیرنیان بەیاریزانانی یانەی هەولێر گوت، كە ئەمەش جێگەی داخە و بەهیواین لە كاتی یارییەكەدا دووبارە نەبێتەوە.
یانەی هەولێر لە ماوەی 5 وەرزی دواییدا، تەنیا وەرزی ڕابردوو نەیتوانی بگاتە یاریی كۆتا، بەڵام لە وەرزەكانی 2006-2007، 2007-2008، 2008-2009 گەیشتبووە یاریی كۆتا و نازناوەكەشی بەدەست هێناوە، ئەمجارەش بەهیوای بردنەوەی نازناوەكە یاریی دەكات.
یانەی زەوڕاش خاوەن ژمارەی پێوانەیییە لە بردنەوەی نازناوی خولی عێراق كە تا ئێستە 11 نازناوی بەدەست هێناوە.
[center]من ئەمەوێ بۆ تۆ بمرم
تۆش ناتەوێ بۆ من بژی
شەرتە یا ئەبێ بۆ من بی
یا بە دەستی خۆت بمکوژی[/center]