بابهت: كاپتنی هەڵبژاردەى تۆپی پێی عێراق: مژدەى گۆڵ تۆماركردن دەدەم بەهاندەرانمان
(ئاكانیوز)- ئەستێرە و گۆڵكارى هەڵبژاردەى عێراق یونس مەحموود ئەمڕۆ پێنجشەم رای گەیاند تەواوى تواناى خۆى دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەى دڵی هاندەرانی تیپەكەى رازی بكات بەگۆڵ تۆماركردن.
بڕیارە سبەى هەینی لە سات 17:00 بەكاتى هەولێر لە یەكەمین تاقیكردنەوەى یارییەكانى پاڵاوتنی جامى جیهانى 2014 بەڕازیل، هەڵبژاردەى عێراق لە ناو یاریگە و هاندەرانی لە شارى هەولێر میواندارى هەڵبژاردەى ئوردن بكات.
یونس مەحموود ئەستێرە و كاپتنی هەڵبژاردەى تۆپی پێی عێراق بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، بارودۆخم زۆر باشە و هەوڵی من ئەوە دەبێ دڵی هاندەران خۆش بكەم بەگۆڵ تۆماركردن، هەست بەخۆشییەكی زۆر دەكەم كە یارییەكانى پاڵاوتنی جامى جیهانى لە ناو خاك و هاندەرانی خۆماندایە و داوا دەكەم پاڵپشتییەكی زۆرمان لێ بكرێت، چونكە جەماوەر بەشێكی گرینگن لە یاریگەدا.
یونس مەحموود تەمەن 28 ساڵ یەكێكە لە یاریزانە كاراكان و گۆڵكارى هەڵبژاردەى عێراقە، لە ساڵی 2007دا كە رابەرایەتیی تیپەكەى كرد وەك كاپتن، توانى دواى بەدەستهێنانى نازناوى تاسی وڵاتانى ئاسیا، نازناوى گۆڵكارى پاڵەوانیەتییەكە بۆ خۆى بباتەوە بەتۆماركردنی 4 گۆڵ.
مەحموود گوتی ئێستە هیچ گرفتێك لە نێو تیپەكەماندا نییە و هەموو یاریزانانەكان وەك برا مامەڵە لەگەڵ یەكتردا دەكەین و ئەوەى باس دەكرا قسەى خەڵك بوو، هەروەها ئەگەر یاریزانێك لێمان دابڕابێ ئەوە بەكارى تایبەتی خۆی سەرقاڵ بووە، مەبەستی ئێمە سەركەوتنی تیپەكەمان دەبێ بۆ كۆتاكانى جامی جیهانیى 2014ى بەڕازیل.
یەكەتیی ناوەندیی تۆپی پێی عێراق لە ئێستەدا راهێنانەكانى هەڵبژاردەى تۆپی پێی عێراقی خستووەتە ژێر چاودێریى زیكۆى راهێنەرى بەڕازیلی تا بتوانێ تیپێكی كێبەركێكار و ئەنجامی بەرچاو بەدەست بێنێت.
كاپتنی هەڵبژاردەى عێراق پێی وابوو یەكەتیی تۆپی پێی عێراق بەهێنانى زیكۆ وەك راهێنەر كارێكی زۆر گەورەى كردووە بۆ خزمەتی تۆپی پێی عێراق، بەشێوەیەك بووەتە مایەى بەرزكردنەوەى بارودۆخی دەروونیی تیپەكەش لەبەرئەوەى زیكۆ راهێنەرێكی بەئەزموونە.
یونس مەحموود 187سم خەڵكی شارى كەركووكە و یاریی بۆ یانەكانى دووبز و كەركووك و تەڵەبە لە ناو عێراقدا كردووە، لە دەرەوەش وەك یاریزانێكی پیشەوەر یاریی بۆ یانەكانى یانەى ئەلوەحدەى ئیماراتی، غەڕافە و عەرەبی و وەكرەى قەتەڕى كردووە.
تۆش ناتەوێ بۆ من بژی
شەرتە یا ئەبێ بۆ من بی
یا بە دەستی خۆت بمکوژی[/center]