بابه‌ت: حوزنى موكريانى يه كيكه له ميزوونووسه
[center]حوزنی موكریانی یه‌كێكه له مێژوونووسه به‌ناوبانگه‌كانی كورد، نه‌ك ته‌نها له بواری مێژوودا، به‌ڵكو له بواری رۆژنامه‌وانیی شدا شوێن ده‌ستی دیاره، به تایبه‌ت له بواری چاپه‌مه‌نی كوردی دا توانی خزمه‌تیكی بێوێنه‌ی مێژووی كورد بكات.
حوزنی موكریانی له 12ی ئه‌یلولی 1883 دا له گوندی حاجی حه‌سه‌ن-ی سه‌ر به شاری مه‌هاباد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌دایكبووه‌و ناوی ته‌واوی (حسێن سه‌یید عه‌بدوللـه‌تیف كوڕی شێخ ئیسماعیل)ـه، نازناوی حوزنی-یشی له وشه‌ی حه‌زین-ی عه‌ره‌بیه‌وه وه‌رگرتوه كه واتای خه‌مبار ده‌گه‌یه‌نێت، نووسیینهكانی خۆی له ساڵانی فه‌رمانره‌وایی عوسمانییه‌كان دا به‌و ناوه‌وه بڵاوده‌كرده‌وه.
ئه‌م پیاوه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر تینوی ئازادی بوو، گه‌شتی زۆر كردووه بۆ وڵاتانی تری وه‌ك روسیا‌و ئه‌وروپاو حیجاز، له پاش ماوه‌یه‌كی زۆر له شاری حه‌له‌ب-ی سوریا جێگیر بووه.
پاشان له ساڵی 1915 دا چووه بۆ ئهڵمنیاو له‌وێ چاپخانه‌یه‌كی كڕیوه‌و دواتر ئه‌و چاپخانه‌یه‌ی هبردووهته حه‌ڵه‌ب‌و ساڵی 1925، گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ (ره‌واندوز)و چاپخانهكهشی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه‌ته‌وه بۆ كوردستان‌و هه‌ر به‌و چاپخانهیهش به‌رهه‌مه‌كانی خۆی‌و هاوڕێكانی به‌چاپ گه‌یاندوه.
حوزنی موكریانی زۆر حه‌زی له به‌خێوكردنی كرمی ئاوریشمو جوانووسیی كردووه‌و ده‌ستێكی باڵای له هونه‌ری هه‌ڵكۆڵینی سه‌ر به‌ردو ته‌خته‌و وێنهگرتنو مۆرههڵكهندن یش دا هه‌بووه، ته‌نانه‌ت ساڵی 1928 كتێبێكی ده‌رباره‌ی به‌خێوكردنی كرمی ئاوریشم نووسیوه.
حوزنی له ژیانی دا له‌سه‌ر كوردایه‌تی چه‌ند جارێك به‌ندكراوه، هه‌روه‌ها چه‌ند رۆژنامه‌و گۆڤارێكی به زمانی كوردی به چاپ گه‌یاندوه وه‌ك رۆژنامه‌ی (كوردستان)، گۆڤاری (ده‌نگی گێتی تازه) له ساڵی 1947 دا، ساڵی 1935 له هه‌ولێر (11) ژماره‌ی گۆڤاری (رووناكی) ده‌ركردووه، له نێوان ساڵانی 1926-1933، (32) ژماره‌ی گۆڤاری زاری كرمانجی ده‌ركردووه.
حوزنی موكریانی ساڵی 1934 بۆ هاوكاریكردنی پیره‌مێرد به شێوه‌یه‌كی نافه‌رمی سه‌رپه‌رشتی ده‌رچوونی ڕۆژنامه‌ی (ژین - ژیان)ی كردووه‌و به‌شداریی به‌رچاویشی له بڵاوكردنه‌وه‌ی گۆڤاری (گه‌لاوێژ) دا هه‌بووه.
مێژوونووس حسێن حوزنی، وێڕای كاری نووسین‌و رۆژنامهگهرێتی پێشڕەوی هەرە چالاكی مەیدانی هونه‌ری فۆتۆگرافی یشه له كوردستان دا، ناوبراو، كاتێ لە (1915) دا لە ئەڵمانیاوە دەگەڕێتەوە حەڵەب، كامێرایەكی وێنەگرتن لەگەڵ خۆی دەهێنێت‌و لە ناو چاپخانەكەی خۆیدا لە ڕه‌واندز دایدەمەزرێنێت بۆ كاری وێنەگرتنی ڕۆژنامەگەرییو بۆ بڵاوكردنەوەی وێنە لە نێو كتێب دا سوودی لێوەردەگرێت.
ئەكرەمی ساڵحی رەشە، له كتێبی سلێمانی دا دەڵێ: یەكەم ئامێری وێنەگرتن لەلایەن حسێن حوزنی موكریانیو كابرایەكی لوبنانی-یەوە هێنرایە سلێمانی‌و شێخ لەتیفی دانسازیش لێیكڕین، لە زەمانی شێخ مەحمود دا بۆ ئیشوكاری خۆیان بەكاریدەهێنا وەك گرتنەوەی نووسین (استنساخ). پاشان ئەو ئامێرەی فرۆشت بە یەحیا ئەفەندی رەسام . ئیتر ئه‌و هەر بۆ وێنەگرتن بەكاری دەهێنا.
به‌ڵام حسێن حوزنی لە سلێمانی كامێرایەكی دیكه‌ی فرۆشتوتە شێخ لەتیفی دانساز. لە هەمان كاتدا كامێرایەكی تریشی لە ڕه‌واندز (لە چاپخانەكەی خۆیدا) هەبووە بۆ كاری چاپەمەنیو ڕۆژنامەگەرییو وێنەگری ئیشەكانی خۆی، چونكە دەبینین حسێن حوزنی لە نێوان ساڵانی (1926-1942) دا دەیان ڕەسمو وێنەی فۆتۆگرافی لە ڕۆژنامەو كتێبەكانی خۆی دا بڵاوكردۆتەوە.
موكریانی ساڵی 1909، پیتیی ئه‌لفوبێی كوردی داڕشتوه‌و له چاپخانه‌كه‌ی دا به‌كاریهێناوه‌و خاوه‌نی گه‌لێك كتێبی به‌نرخیشه كه به زمانێكی كوردی ره‌وان نووسراون.
حوزنی موكریانی ـ به یه‌كه‌م مێژوونووسی كورد داده‌نرێت له سه‌ده‌ی بیسته‌م دا، له‌م پێناوه‌دا بۆماوه‌ی پانزه‌ساڵ به هه‌موو توانایه‌كیه‌وه هه‌وڵێكی بێوێنهیدا بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری مێژوویی له‌باره‌ی مێژووی گه‌لی كورده‌وه كه له زمانه‌كانی عه‌ره‌بی، هندی، توركی، فارسی، فهرهنسیو روسی دا هه‌بوون، له‌و كاته‌دا، له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆی شاره‌زاییه‌كی باشی له‌م زمانانه‌دا هه‌بووه هه‌ر له‌م زمانانه‌شه‌وه گه‌لێك نوسراوی به پێزی وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی.
ئه‌م نووسه‌ره نه‌مره له ماوه‌ی ئه‌و 30 ساڵه‌دا كه له‌م پێناوه‌دا ته‌رخانیكردبوو بۆ خزمه‌تی گه‌لی كورد خاوه‌نی 17 كتێبی گه‌وره‌یه كه یانزه كتێبیان له‌سه‌ر مێژووی كورده. موكریانی خوێندنی له حوجره‌ی مزگه‌وته‌كان‌و تهكیهكانهوه ده‌ستپێكردوه له‌به‌ر لێهاتویی به‌وه‌و نه‌وه‌ستاوه‌و ده‌ستیكردوه به رۆشنبیركردنی خودی خۆی له رێگه‌ی ئه‌و كتێبانه‌ی كه به زمانه‌كانی ترهه‌بوون له‌و سه‌رده‌مه‌دا، گه‌لی كورد‌و مێژووی كورد گه‌لێك قه‌رزاری ئه‌م پیاوه ماندوو نهناسو كوردپهروهرهن كه له 20 ئه‌یلولی 1947 دا له شاری به‌غدا به هۆكارێكی نه‌زانراو كۆچیدوایی كرد‌و ته‌رمه‌كه‌ی هێبرایهوه شاری هه‌ولێرو له گۆڕستانی ئیمان محه‌مه‌د به ڕێزێكی زۆره‌وه به‌خاك سپێردرا.
حوزنی موكریانی له نێوانی ساڵانی 1925-1947 دا هه‌ژده په‌رتووكی به‌نرخی چاپكردووه كه زۆربه‌یان ده‌رباره‌ی مێژووی كورد‌و كوردستانه‌و تا ئێستاش بایه‌خی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه.
به‌شێك له‌و كتێبانه‌ی به‌چاپی گه‌یاندووه:
* ئاوڕێكی پاشه‌وه، ڕواندز به‌رگی یه‌ك 1929، به‌رگی دوو ساڵی 1930.
* مێژووی میرانی سۆران، ڕواندز ساڵی 1935.
* مێرگه‌ی دڵان
* خونچه‌ی به‌هارستان
* پێشكه‌وتن
* میرانی سۆران
* كوردستانی موكوریان
* به‌كورتی هه‌ڵكه‌وتی دێریكی
* لاپه‌ڕه‌یه‌ك له دێریكی كوردستانی موكوری
* ناودارانی كورد[/center]