بابهت: دێربی مەدرید بە سەرکەوتنێکی دیکەی لۆس بلانکۆس بەکۆتاهات
ئەمشەو لە هەفتەی ٢٢ی خولی ئیسپانیدا یانەی خیتافی لە یاری دێربی بچووکی شاری مەدرید میوانداری ڕیاڵ مەدریدی پێشەنگی خولەکەی کرد .
خیتافی خاوەن یاریگا لە دواین ٦ یاری خولەکەدا ڕووبەڕووی هیچ شکستێک نەبووەتەوە ، ئەمە جگە لەوەی تاکە یانەیە کە لەم وەرزەدا توانیبێتی شکست بە بەرشلۆنە بهێنێت . لە بەرامبەردا ڕیاڵ دەیویست جیاوازییەکە بەشێوەیەکی کاتی بەرزبکاتەوە بۆ ١٠ خاڵ .
بەهۆی ئەو کەش و هەوا ساردەی سەرتاسەری ئەوروپای گرتۆتەوە ، یاریزانانی هیچ لایەکیان ئاستییان وەک پێویست نەبوو بە تایبەت کە بایەکی توند کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر ئاڕاستەی تۆپ .
خیتافی نێچیرێکی ئاسانی ڕیاڵ نەبوو لەم یارییەدا چەند جارێک مەترسییان دروستکرد و ناوبژیوان لێدانێکی سزای دروستی بۆ هەژمارنەکردن . لە بەرامبەردا ڕیاڵ بە زەحمەت دەیانتوانی هێڵی بەرگری یانەی خاوەن یاریگا ببڕن و تاکە گۆڵی یانەکەش سێرجیۆ ڕامۆس تۆماریکرد بە لێدانی سەر لە خولەکی ١٨ دا . هەرچەندە ڕۆناڵدۆ و هاوڕێیانی چەند جارێک نزیکبوون لە تۆمارکردنی گۆڵی زیاتر بەڵام یارییەکە هەر بەو ئەنجامە مایەوە و ڕیاڵ سێ خاڵی گرنگی خستە سەر باڵانسەکەی .
سهرچاوه:ياريگا.نێت