1

بابه‌ت: نازانم چ باسه‌ !

نازانم چ باسه! بێخه‌وی پێش ده‌رگای پێگرتووم .! بیرێك كه جوان له بیرمه بریارم دابوو له بیری بكه‌م ، له نازانم كوێی زه‌ینمه‌وه دێت وده‌مبات . ده‌مباته‌وه سه‌رده‌می بوونت ! ده‌ڵێی هه‌زار ساڵ تێپه‌ریوه ! ده‌ڵێی هه‌زار ساڵه نه‌مدیوی و ده‌ڵێی هه‌زار ساڵه تاسه‌ی باوه‌شت ده‌كه‌م ! باوه‌شت كه كۆتایی هه‌موو ڕێگاكان بوو !
نازانم چ باسه! بێخه‌وی پێش ده‌رگای پێگرتووم! نازانم بۆ دانیشتووم چاو له وێنه‌کانمان ده‌که‌م! ده‌ڵێی چاوه‌روانم وڵامی پرسیاره‌كانم وه‌رگرمه‌وه! ده‌لێی چاوه‌روانم تاسه‌ی نه‌‌بوونت بشكێ ! ده‌ڵێی چاوه‌روانم دڵنیام كه‌ن .
بریا شه‌و زوو باری كردبا ! بریا بمكه‌ی به میوانی خه‌ونه‌كانت.
خه‌وم لێناكه‌وێت! ده‌نگی عود و ده‌نگی باران و بۆنی تۆ و ... ئه‌ی تاسه‌ی من بۆ ناشكێت؟
ده‌زانی منداڵ ‌كه بووم قه‌ت خه‌می وه‌م نه‌بوو ون بم، ئاخر دایكم هه‌میشه ده‌ستی ده‌گرتم! ئێستا به‌ڵام چه‌نده حه‌ز ده‌كه‌م ون بم... چه‌‌نده حه‌ز ده‌كه‌م ده‌ستی بیره كۆنه‌كانم به‌رده‌م و ون بم تا مه‌گه‌ر ئه‌وسا بتبینمه‌وه!
هه‌سته له‌ت و په‌ته برینداره‌كان، به‌رماوی بیره‌وه‌رییه‌ كۆنه‌كان و ماندوویی سه‌مایه‌كی بێ بڕانه‌وه له بازنه‌یه‌كی داخراو، تاو و له‌رز... و ڕشانه‌وه ... ! بریا ده‌كرا هێلنجێك بده‌ی و هه‌موو بیره برش هێناوه‌كان بڕشێیه‌وه و بۆ هه‌میشه له بیریان بكه‌ی ...

ورده‌و، جێ پێی بیره ئالۆزه‌كانم له سه‌ر میچی ژووره‌كه‌م ده‌بینی، یادگاری شه‌ونه‌خوونی و بێخه‌وی ، هه‌ر وا كه ڕاكشاوم و ده‌ستم خستۆته ژێر سه‌رم ، بۆ گیرسانه‌وه‌ی ڕوانینی چاوه ته‌ره‌كانم .