1

بابه‌ت: پێویستە چی بەو كچە بوترێ؟

کچەکەت ڕووت تێدەکات و باسی خراپی هاوسەرەکەی خۆیت بۆ دەکات، تکایە سکاڵاکەی بە هەند وەربگرە، پێی مەڵێ پێویستە ئارامگر بێ لەسەر مامەڵە خراپەکانی هاوسەرەکەی، بەڵکو بۆ چارەسەری ڕیشەیی بگەڕێ و هۆکارەکەی بزانە. پێی مەڵێ لە ماڵی هاوسەرەکەت زیاترت نیە بڵێ دەرگای ماڵی باوکت هەمیشە کراوەیە.

دەتوانی بە كچەكەت بڵێی پێویستە ئارامگربیت بەرامبەر نەخۆشی هاوسەرەکەی، نەبوونی و دەستکورتی هاوسەرەکەی، بارودۆخ و گوزەرانی بەڵام بۆ مامەڵەی خراپی نا! بۆ سوکایەتی پێکردنی نا! بۆ ئازاردانی تۆ نا!

تۆ پێی بڵێ هاوسەرگیری پەیوەندی نێوان دووکەسە، بنەماکەی ڕێزە گەر ئەو بنەمایە نەما ئەسڵەن ئەم پەیوەندیە کۆتایی پێهاتووە، چونكە هیچ کام لەمرۆڤەکان ناتوانن بەبێ کەرامەت بژین.
پێویستە هاوسەرگیری ئەو ڕێڕەوە بێت کە دووانەکە بە خۆشی و ناخۆشییەوە بەڕێی بکەن و بەڕاستی هاوسەر و هاودەم و هاوکار بن، نەک ئەو مردنە هێواشە بێت کە ڕۆژ بەڕۆژ ڕوح دەکێشێ و تەندروستی لەناو دەبات.

وەرگێڕان (ئاوارە)
سەرچاوە  :علم النفس والایجابية