بابهت: زەکەریا عەبدوڵا لە نەمزانى و بگەڕێوە..وە
زەکەریا عەبدوڵا لە نەمزانى و بگەڕێوە..وە.. تا......
نزار ناشاد
ئێستاشى لەگەڵدا بێت لەگەڵ ناوهێنانى زەکەریا عەبدوڵا، هۆگرانى گۆرانى کوردى عاشقانى ئاوازى تازە ڕۆحیان لەگەلًَ گۆرانیەکانى (نەمزانى و بەگەڕێوە)و هەردوو ئەلبوومى ساڵانى (2000 – 2001) ئاوێتە دەبێتەوە، ئەمەلەگەڵ ئەوەى ئەلبوومەکانى دواتریش تاموچێژى خۆیان هەیەو داهێنانى تیا کراوە، بەڵام ئەو دوو ئەلبوومەى سەرەتا زیاتر لەڕووى ناوەرۆک و شیعرو ئاوازو مۆسقاوە مۆرکى کوردى پێوە دیارە.
زەکەریا عەبدوڵا یەکێکە لەدیارترین گۆرانی بێژەکانى ئەمڕۆى هونەرى کوردى، گوێگرێکى ئێجگار زۆرى هەیە کەجەگەلەوەى بەردەوام لەچاوەڕوانى گۆرانى و بەرهەمى تازەى ئەودان، بەردەوام داواى دیداریشى لێ دەکرێت و خەڵک بەپەرۆشەوە هەواڵى دەپرسن.
ئەو لەدواى ساڵى (1991)ەوە کوردستانى بەجێهێشتووەو ڕووى لەتاراوگە کردووەو ئێستاش لەهەندەران دەژى، بەڵام لەبەرئەوەى لەکوردستان جەماوەرێکى زۆرى هەیەو بۆ دیدارو بۆ کۆنسێرت و بۆ کارە تایبەتیەکانى زوو زوو دەگەڕێتەوە.
لەساڵى (2001)دا زەکەریا لەهەولێرو سلێمانى دوو کۆنسێرتى گەورەى سازکرد لەکۆنسێرتەکەى هەولێر (12000) دوانزە هەزار کەس و لەکۆنسێرتەکەى سلێمانى زیاتر لە (20000) بیست هەزار کەس ئامادەى کۆنسێرتەکە بوون کەبۆ یەکەمجار بوو عاشقانى گۆرانى بەو شێوەیە پەرۆشیان بۆ کۆنسێرت و لەنزیکەوە بینینى گۆرانبێژو گوێگرتن لەشیعرو ئاوازى گۆرانى هەبێت، لەو دوو ئێوارە کۆنسێرتەدا زەکەریا بەگۆرانیەکانى (ئازیز وانابێ و بگەڕێوە و بەوبەو باوانم و تۆهاتى) هەمووانى لەژوانى ئاوازو خۆشەویستیدا کۆکردەوە.
زەکەریا سەرەتا مۆسیقى بووە، پاشان لەدوورە وڵات و لەغوربەت لەنێوانى تەنیایى و شەوانى دوور لەنیشتیمان گۆرانى وتووەو بۆتە گۆرانى بێژو ئێستا خاوەنى (4) ئەلبوومى گۆرانیە، ئەلبوومى (ڕۆژگار)یش گەرچى لەوکاتەدا نرخى فرۆشتنى بۆ خەڵکى کوردستان زۆربوو بەڵام فرۆشێکى زۆرى هەبوو، ئەلبوومى ڕۆژگار جگەلەوەى بەگۆرانیەکانى (نەت بینم، دوێنێ وەختى ئێوارێ، بەسەرهاتى دڵدارى، بۆچى بەتەنیا لێرە جێت هێشتم) خەونەکانى ڕەنگاو ڕەنگتر کردینەوە، ئەوە لەقازانجى ئەلبوومى ڕۆژگار کەساڵى (2002) بڵاو کرایەوە، بڕیارى یارمەتى دانى کەس و کارى ئەنفال کراوەکانیشیدا.
ئەم هونەرمەندە لاوە بەسرودى (کوردستان) لەکاتى پڕۆسەى ئازادى عێراقدا پردى خۆشەویستى خۆیى و جەماوەرەکەى نوێکردەوە، سرودى کوردستان لەڕۆژانى ئازادى عێراق و ڕمانى پەیکەرى دیکتاتۆریەتدا لە ڕادیۆو تەلەفیزیۆن و تۆمارگاو سەرشەقام و لەئوتومبێلى هاوڵاتیاندا دەنگى دایەوە، ئەو سرودە کوردیەش وەکو سرودەکانى ترى ڕۆژانى سەختى خەبات و تێکۆشان گیانى بەرگرى لەگیانى هەمواندا پتەوکرد.
زەکەریا لەبەردەم ڕەخنەى زۆرێکیشدایە بەوەى دەڵێن ئاوازى تورکى هونەرمەندانى غەیرە کورد لەگۆرانیەکانیدا بەکاردێت و هەروەها لەبەرئەوەى بەڕاشکاوى قسەى لەسەرئەوە نەکردووە کەتاچەند لەئاوازو شیعرو گۆرانیەکانى هونەرمەند زیاد ئەسعەد سوودمەند بووە.
ساڵى پار ئەم هونەرمەندە وەک گۆرانی بێژێکى کورد لەسوید بەشدارى لەڤیستیڤاڵى هونەرى گەلانى جیهاندا کرد هەروەها لە شارى هەولێر خەڵاتى باشترین گۆرانى بێژى عێراقى پێدرا، ئەمەش زیاتر لەوەدا دەنگى دایەوە کە کەناڵى کوردسات لەشاشەکەیەوە ڕاستەوخۆ ئاهەنگەکەو گۆرانیەکانى و خەڵات کردنى زەکەریاى هونەرمەندى پەخش کرد.
یەکەم کلیپى زەکەریا گۆرانیەکانى (نەمزانى و بگەڕێوە)بوو بۆ تەلەفیزیۆنى گەلى کوردستان کەلەلایەن (هەردى عومەر) کارى ئامادە کردن و وێنەگرتن و دەرهێنانى بۆ کراوە (گوڵێ)ێش دوا کلیپیەتى و بۆ هەموو کەناڵە کوردیەکانى ناردووە.
ئەو هونەرمەندە یاریگاو هۆڵەکان پڕدەکات لەعاشقانى گۆرانیەکانى، ئێستاش جەماوەرەکەى چاوەڕوانى ئەلبوومى نوێى لێ دەکەن