بابه‌ت: شاعير(جكةر خوين)
[size=16]شاعير(جكةر خوين)
شاعیری خه‌باتی كوردایه‌تی شێخ موس كوڕی حه‌سه‌ن كوڕی محه‌مه‌دی ناسراو به "جگه‌رخوێن" له گوندی "حه‌سار" نزیك شاری ماردین له‌دایکبووه.
به‌منداڵی پیشه‌ی شوانی‌و گاوانی کردووه، له هه‌لومه‌رجێكی پڕ ههژارییو نه‌دارییدا باوکی کۆچی دواییکردووه، خوشکه‌که‌ی گرتوویه‌تییه خۆی‌و به‌خێویکردووه، دواتر له‌به‌ر نهداریو هه‌ژاری به‌ناچاری گوندی حه‌سار جێدههێڵنو ساڵی 1914 بۆ گوندی "عامووده" ده‌گوێزنه‌وه.
جگه‌رخوێن هه‌ر له منداڵییه‌وه زیرهکیو هۆشیارییو توندوتۆڵی پێوه دیاربووه، حه‌زی له خوێندن کردووه، بۆیه به‌هه‌ر جۆرێك بێت، خستویانه‌ته به‌ر خوێندن له حوجره‌ی مزگهوتو سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی خوێندننی زۆر زیره‌کانه به‌رێکردووه، وه‌ك خوێندنی زمانی عهرهبیو زانستهکانی ئایینی ئیسلام، بۆیه به ئومێدی ته‌واوکردنی مۆڵه‌تی دوازده زانست، باکوور‌و هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان گه‌ڕاوه‌و دواتر له‌سه‌ر ده‌ستی مهلاعوبێد وه‌رگرتووه.
له ڕۆژئاوای کوردستان‌و ماوه‌یه‌کیش له باشوور‌و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان مه‌لایه‌تی کردووه.
دواتر له پیشه‌ی مه‌لایه‌تی دوورده‌كه‌وێته‌وه‌و به‌ڕۆحیه‌تێکی گه‌وره‌و به‌بڕوایه‌کی هێنده به‌تین بچێته جیهانی کاری ڕامیاری‌و باوهڕهكهیو خۆشه‌ویستی کوردستان ئاوێته‌ی جیهانی ئه‌ده‌ب بكات، دواتر به كاریگه‌ریی هۆنراوه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ئه‌حمه‌دی خانی‌و حاجی قادری كۆیی‌و شۆڕشه نه‌ته‌وه‌ییه‌كی شێخ سه‌عیدی پیران له باكووری كوردستان له 1925دا، بووه شاعیرێكی لێهاتووی هۆنراوه‌ی نهتهوهییو كه‌وته باسکردنی خۆشه‌ویستی كوردستان‌و هاندانی ئافره‌تی كورد بۆ خوێندن‌و خه‌باتی نیشتمانی‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی بیر‌و باوه‌ڕی كوردایه‌تی.
له سه‌ره‌تادا هۆنراوه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی له باسی كوردستاندا به ناونیشانی "شام شه‌کره، وه‌ڵات شیرنتره" داناوه‌و نیشتمانه‌كه‌ی خۆی به بووكی جیهانو بهههشتو مێرگ‌و سه‌رچاوه‌ی ئاوی سازگاری دهچوێنێو بهكچێکی شۆخ‌و شه‌نگی جوان‌و ڕازاوی داده‌نێ‌و ئه‌ندامه‌كانی ئه‌و بووكه‌ی كوردستان به تاجی سه‌لاحه‌دینی ئه‌یووبی‌و به ڕۆژو ده‌ریاو ئهڵماسو دیوانه‌كانی هۆنراوه‌ی حاجی قادر‌و ئه‌حمه‌دی خانی ده‌چوێنێ و ده‌ڵێت:
وه‌ڵاتی من تووی بووكا جیهانی
هه‌می باغ و بهشت و مێرگ و كانی
سه‌ری تاجا سه‌لاحه‌ددینی كوردی
ئه‌نی ڕۆژه دهبورجا ئاسمانی
دوو چاڤێن ته وه‌كی ده‌ریایی هورمز
كه‌پوو ئه‌لماسه كاری كووش و وانی
دوو زولفێن ته كتێبا حاجی قادر
زمانێ ته ژ به‌ندا شێخی خانی
جگه‌ر خوینه كورێ ته هه‌ر دنالی
ژ بهرنهزانی و خزانی!!
دوای ئه‌م باسه جوانه‌ی كوردستان، داوا له کچانی كورد ده‌كات، ڕاپهڕنو بكه‌ونه سه‌ر خوێندن‌و له خه‌وی بێهۆشیی هۆشیارببنهوهو پێیانده‌ڵێت: "گه‌ر بخوێنن پێشدهكهونو گه‌ر نهشخوێنن كه‌س ئێش‌و ده‌ردمان لێ دوور ناخاته‌وه."
شاعیر بانگه‌وازده‌كات ژنانی كورد پێشبكه‌ون.. وه‌ك ده‌ڵێت:
ئه‌ی كچێ ڕابه بخوێنه دا تو سه‌ربه‌ست هه‌ر بژی
زوو ژ خه‌و توو سهرهلینه به‌س بمینه بێ مه‌ژی
گه‌ر بخوێنی دێ بدی خواندن تو ئێ هونهرتهڤا
گه‌ر نه‌خوێنی كه‌س ژ بوومه ئێش و ده‌ردان ناكوژی
وا جگه‌ر خوین خووه‌ش دناڵی دا كوژن پیشڤهههڕن
دا ببیژن هه‌ر بژی كورد هه‌ر بژی كورد هه‌ر بژی!
جگه‌رخوێن ساڵی 1946 ڕوو ده‌کاته شاری قامیشلی و ده‌ستده‌کات به‌کاری ڕامیاری‌و ده‌بێته ئه‌ندامی پارتی "Civata Azadî û Yekîtiya Kurd".
ساڵی 1948دا ده‌بێته ئه‌ندامی پارتی کۆمنیستی سوری‌و له‌ساڵی 1954دا بۆ ئه‌ندامێتی په‌رله‌مانی سوریا ده‌پاڵێورێت.
ساڵی 1957 واز له‌پارتی کۆمۆنیست دههێنێتو ڕێکخراوی "ئازاد"ی داده‌مه‌زرێنێت، ئه‌و ڕێکخراوه‌ش پاشتر ده‌چێته ناو پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریاوه.
ساڵی 1959 ڕووده‌کاته باشووری کوردستان‌و تا ساڵی 1963 له زانکۆی به‌غدا ده‌بێته مامۆستای وانه‌بێژ له به‌شی زمانی کوردی.
دواتر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ قامیشلی سه‌رقاڵی نووسین‌و کاری ڕامیاری ده‌بێت.، هه‌ر له‌و ساڵه‌داو له شاری دیمه‌شق ده‌خرێته گرتووخانه‌وه.
جگه‌رخوێن ساڵی 1969 بۆ به‌شداریکردن له‌شۆڕشی ئه‌یلول، رووده‌کاته باشووری کوردستان‌و چالاکی کوردایه‌تی خۆی پێشکه‌شی شۆڕش ده‌کات.
ساڵی 1973 به‌ره‌و لوبنان دهچێتو له‌وێش هۆنراوه‌ی "Kîme Ez" ده‌نووسێت.
ساڵی 1976، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سوریا‌و ساڵی 1979 ناچارده‌بێت رووبکاته وڵاتی سوێدو له‌وێ وه‌ك په‌ناهه‌نده‌یه‌ك ده‌گیرسێته‌وه‌و به‌نووسینه‌وه سه‌رقاڵ ده‌بێت، له 1984.10.22 دا کۆچی دوایی دهکاتو ته‌رمه‌که‌ی ده‌گوێزرێته‌وه بۆ قامیشلیو له‌وێ به‌خاکی کوردستان ده‌سپێردرێت، هه‌روه‌ك خۆی پێش مردنی داوایکردبوو.
جگه‌رخوێن توانی ئه‌و باوه‌ڕه‌ی هه‌یبوو بیگه‌یێنێته ئه‌و ئاسته‌ی به نه‌مری بمێنێته‌وه و نه‌وه‌ی ئه‌وساو ئه‌مڕۆو سبه‌ی له خوێندنه‌وه‌ی هۆنراوه‌و په‌خشان‌و فهرههنگو ڕێزمانی کوردی سوودمهندبن.
جگه‌رخوێن به هه‌ستی پڕ سۆزی نه‌ته‌وایه‌تی، هه‌ڵوێستی شاعیری نه‌ته‌وه‌یی كورد "ئه‌سیری" په‌سند دهكاتو به هۆنراوه ستایشێكی جوانی كردووه‌و له هۆنراوه‌یه‌كدا به ناوی "به‌ر دیلك" واتا "خۆشه‌ویستی" كه له ژماره‌ی 10ی ساڵی 1932ی گۆڤاری "هاوار"دا له شام بڵاویكردۆته‌وه، به‌م جۆره ده‌ست بهستایشهكهی ده‌كات:
ئه‌ی برای شه‌هبازی ئه‌وجی فه‌ن و هه‌م عیرفانی توو
سه‌د وه‌كی (ابن الاثیر) ی گووری و قوربانی توو!
جگه‌ر خوێن (ابن الاثیر) به قوربانی ئه‌سیری شاعیری نه‌ته‌وه‌یی كورد ده‌كات چونكه لایوایه (ابن الاثیر) كه كوردێكی مێژوو نووس بووه، نه‌ك مێژوو نووسێك بۆ كوردی نووسیبێ، چونكه له ئاستی "ئه‌سیری"دا هیچ خێرێكی بۆ كورد نه‌بووه‌و شاعیر له دێڕه شیعرێكی دیكه‌دا ده‌ڵێت:
سه‌د سه‌لاحه‌دین و بی سه‌د وه‌ك ئه‌بی موسلم هه‌بێ
فائیده هیچ بوومه ناده‌ن سه‌توه‌تی شاهانی توو
شاعیر ده‌ڵێت: "ئێمه گه‌ر سه‌دی وه‌ك سهلاحهدینو ئه‌بو موسلیمی خۆراسانی-مان هه‌بێت، كه هه‌ردووكیان كورد بوون‌و هیچیشیان بۆ كورد نه‌كردووه، هیچ سوودێكیان بۆ ئێمه نه‌بووه‌و ئه‌مه‌شی بۆ به‌رزی هۆنراوه و شاعیرێتی ئه‌سیری كوردپهروهروتووه."
به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌سیری:
هۆنراوه‌کان:
- دیوانی یه‌که‌م "Prîsk û Pêtî"، ساڵی 1945 دیمه‌شق
- دیوانی دووه‌م "Sewra Azadî"، ساڵی 1954 دیمه‌شق
- دیوانی سێیه‌م "Kîme Ez"، ساڵی 1973 دیمه‌شق
- دیوانی چواره‌م "Ronak"، ساڵی 1980 ستۆکهۆڵم
- دیوانی پێنجه‌م "Zend-Avista"، ساڵی 1981 ستۆکهۆڵم
- دیوانی شه‌شه‌م "Şefeq"، ساڵی 1982 ستۆکهۆڵم
- دیوانی حه‌وته‌م "Hêvî"، ساڵی 1983 ستۆکهۆڵم
- دیوانی هه‌شته‌م "Astî"، ساڵی 1985 ستۆکهۆڵم
زمان و فه‌رهه‌نگ:
- "Destûra Zimanê kurdî"، ساڵی 1961 به‌غدا
- "Ferheng, perçê yekem"، ساڵی 1962 به‌غدا
- "Ferheng, perçê diwem"، ساڵی 1962 به‌غدا[/size]--------------------------------------------------------------------------------