بابهت: بـــۆچی خـــۆراكی منداڵەكەت كەم دەبێتەوە؟
بـــۆچی خـــۆراكی منداڵەكەت كەم دەبێتەوە؟
زۆر لە دایكان گلەیی ئەوەیان لە منداڵەكانیان هەیە كە بە پێی پێویست خۆراك ناخۆن یان بەلای كەم ئەو خۆراكانە ناخۆن كە بۆ گەشەیان پێویستە. ژمارەیەكی زۆری منداڵان لەپاش ساڵی یەكەمی تەمەنیاندا تەنها ئەو خۆراكانە دەخۆن كە خۆیان حەزیان لێدەكەن نەك ئەو خۆراكانەی كە ئێمە بۆیان تەرخان دەكەین. هەندێك جار منداڵ هەرگیز ئەو خۆراكانە ناخوات كە ئێمە پێشكەشی دەكەین، لەوانەیە كە تەنها بسكویت و شوكولاتە بخوات یان جبس و شیرینی بخوات. چارەسەركردنی ئەم مەسەلەیە لە لایەن دایكەوە سەبری زۆری دەوێت، ئەگەر منداڵەكەت لە رووی چالاكی بەدەنی و چالاكی هزری و نووستنەوە هیچ گرفتێكی نەبوو، ئەوە پێویست بە نیگەرانی ناكات و مانای ئەوە دەگەیەنێت كە زۆربەی مادە خۆراكییە گرنگەكان بۆ لەش دابین كراون. بەهەرحاڵ، لەسەر دایكان پێویستە كە جەخت لەسەر ئەو خۆراكانە بكەنەوە كە بۆ تەندروستی منداڵ پێویستن، بۆ نموونە پرۆتین و ڤیتامین و كانزایەكان لەگەڵ حیسابكردن بۆ حەزە خۆراكییەكانی منداڵ، لەوانەیە كە ئەمەش كاتێكی بوێت. ئەگەر ئارەزووی منداڵەكەت بە گشتی بۆ هەموو جۆرە خۆراكێك كەم بووبێتەوە، بیر لە كەمخوێنی بكەوە. منداڵ پاش لەدایكبوونی بۆ ماوەی 4 مانگ یەدەكی كانزای ئاسنی لە لەشدا هەیە كە پێویستە بۆ پاراستنی منداڵ لە كەمخوێنی. كەمخوێنی وا لە منداڵ دەكات كە ئارەزووی خواردنی بۆ هەموو خۆراكێك كەم بێتەوە سەرەڕای رەنگ زەردبوون و زوو ماندووبوون و بێ هێزی گشتی.
زۆر جاریش بوونی مشەخۆر لە ریخۆڵەدا وەكو كرمەكان بارەكە ئاڵۆزتر دەكات، منداڵ لێرەدا دەكەوێتە ناو گێژاوێكەوە واتە كەمخوێنی كە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردنیش دەبێتە هۆی كەمبوونی زۆربەی مادە گرنگەكان و كەمی ئاسن و كەمخوێنی. كەمخوێنی منداڵ لە لایەن دكتۆر بە دەرمانی تایبەت چارەسەر دەكرێت.
gulan