بابه‌ت: سه‌نته‌ری میترۆ هێرشكردنه سه‌ر نه‌به‌ز گۆران سه‌ركۆنه ده‌كات
سه‌نته‌ری میترۆ هێرشكردنه سه‌ر نه‌به‌ز گۆران سه‌ركۆنه ده‌كات
رووداونێت-سلێمانی
سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له رۆژنامه‌نووسان سه‌ركۆنه‌ی هێرشكردنه سه‌ر رۆژنامه‌نووس نه‌به‌ز گۆران ده‌كات و داوا له ده‌زگای ئاسایش و پۆلیسی سلێمانی ده‌كات ئه‌نجامده‌ران ده‌ستگیر بكه‌ن.
سه‌نته‌ری میترۆ له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه كه ئێواره‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردوو له فلكه‌ی نالی، له ناوجه‌رگه‌ی شاری سلێمانی، دوو كه‌س هێرشیانكرده سه‌ر نه‌به‌ز گۆران سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری جیهان و به‌سووكی برینداریان كرد.
به‌پێی به‌یاننامه‌كه، چه‌ند شایه‌تحاڵێك له شوێنی ڕووداوه‌كه گوتیان كه دوو كه‌س له دواوه هێرشیان كردووه‌ته‌سه‌ر رۆژنامه‌نووسه‌كه، یه‌كێك له شایه‌تحاڵه‌كان گوتی "كه‌سمان نه‌ده‌ناسی نه په‌لامارده‌ران نه ئه‌و كه‌سه‌ی په‌لامار دراوه، بوو بهشهڕه بۆكس و دوو كه‌سیشمان بینی ڕایان‌كرد". هه‌روه‌ها گوتیشی "ئه‌و كه‌سه‌ی په‌لامار درا خوێن به‌ده‌میدا ده‌هاته خوار".
هه‌ر له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه كه نه‌به‌ز گوتوویه‌تی "یه‌كێكیان گه‌نجێكی باریكه‌له بوو، ئه‌ویتریشیان قه‌ڵه‌و بوو، كاسبكارانی ئه‌و شه‌قامه هاتنه نێوانمان و درێژه‌ی نه‌خایاند و رایانكرد".
حه‌سه‌ن نووری به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی سلێمانی و نه‌جمه‌دین قادر به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی سلێمانی به‌سه‌نته‌ری میترۆیان راگه‌یاندووه كه لێكۆڵینه‌وه له ڕووداوه‌كه ده‌كه‌ن.
سه‌نته‌ری میترۆ ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه ئه‌مه جاری یه‌كه‌م نییه نه‌به‌ز گۆران هێرشی ده‌كرێته‌سه‌ر. چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراو ساڵی 2007 له شاری هه‌ولێر ناوبراویان ڕفاند و پاش ئازاردانی له چۆڵه‌وانییه‌ك به‌جێیانهێشت. هه‌روه‌ها له تشرینی یه‌كه‌می 2009 هه‌ر له هه‌ولێر چه‌ند كه‌سێك هێرشیان كرده‌سه‌ری و برینداریانكرد. به‌پێی زانیارییه‌كانی سه‌نته‌ری میترۆ هه‌تا ئێستا هیچ كه‌س له ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و هێرشانه ده‌ستگیرنه‌كراون.
سه‌نته‌ری میترۆ بۆ راوێژ و داكۆكی له رۆژنامه‌نووسان، رێكخراوێكی سه‌ربه‌خۆی قازانج نه‌ویسته بۆ راوێژ و داكۆكیكردن له رۆژنامه‌نووسان.