بابهت: ئەمیتاب و شارۆخان دەبنە پێشمەرگە
[size=16]ئەمیتاب و شارۆخان دەبنە پێشمەرگە[/size]
ئاری عوسمان
رووداو -هەولێر
هەردوو ئەكتەری بەنێوبانگی هیندی ئەمیتاب باچان و شارۆخان بەڵێن دەدەن لە ئایندەدا كار لە فیلمێكدا بكەن لەسەر ژیانی پێشمەرگە.
دوای ئەوەی كۆمپانیایەكی هیندی، كە لە كوردستان كاردەكات، داوەتنامەیەكی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی رۆشبیری و لاوانی هەرێمی كوردستان كرد. ناز فەلەكەدین كاكەیی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی ئاسیای رۆژهەڵات، لەگەڵ هاوسەرەكەی لە 11/11/2009 سەردانی هیندستانی كرد و ماوەی 9 رۆژ لەوێ مانەوە.
ناز فەلەكەدین، لەبارەی سەردانەكەی بۆ هیندستان بە (رووداو)ی راگەیاند "مەبەستمان لەو سەردانە ئاشناكردنی وڵاتی هیندستان بوو بە كولتوری كوردی".
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا چەندین كۆمپانیای هیندی و سەتان كرێكاری ئەو وڵاتە روویانكردووەتە باشووری كوردستان و لە هەمانكاتیشدا چەند قوتابییەكی كورد ئێستا لە زانكۆكانی هیندستان دەخوێنن، بەڵام ناز دەڵێت "لەوێ كەس كوردی نەدەناسی، زانیاریان لەسەر كوردستان نەبوو، وایاندەزانی كوردستانیش وەك ناوچەكانی دیكەی عێراق نا ئارامە، من چەند پەرتووكێكم لەگەڵ خۆم بردبوو كە بەئینگلیزی لەبارەی كوردەوە نووسراون و دام بەو كاربەدەستانەی كە بینیمن". ناز گوتیشی "كە باسی هەڵەبجە و ئەنفالم بۆ كردن و باسی ئارامی كوردستانم بۆ كردن حەزیان كرد بێنە كوردستان و بە چاوی خۆیان بیبینن".
ناز فەلەكەدین كاكەیی لەو سەردانەدا، چووەتە چەندین شوێنی كولتوری ئەو وڵاتە، لەوانەش سەنتەری PNCA ی نێودەولەتی لە مۆمبای، كە تایبەتە بە كاری فۆلكلۆری هیندی، شانۆگەری، سینەما و كۆنسێرت. هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە گرووپێكی میوزیكی هیندی لە وەزارەتی رۆشنبیری هیندستان داوەتی كوردستان كردووە "ئەوانیش رەزامەندییان نیشانداوە بێنە كوردستان و كۆنسێرت بكەن".
بەپێی ئامارێكی نافەرمی، لە شاری مۆمبای هیندستان كە سەنتەری سینەمای هیندی( بۆڵیود)ە، لە هەر هەشت خولەك لەو شارە فیلیمێك بەرهەمدێت. ئەكتەرە بەنێوبانگەكانی هیند لە بۆلیود كار دەكەن. ناز هەرچەندە زۆر هەوڵیداوە خۆی بگەیێنێتە بۆلیود و، چاوی بە ئەكتەرە بەنێوبانگەكانی بكەوێ، بەڵام نەیتوانیوە"چونكە رەوشی هیندستان بەهۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە نالەبار بوو". لەگەڵ ئەوەشدا ناز فەلەكەدین بێ ئومێد نەبووە و گوتی "توانیم خوشكی ژنی ئەمیتاب باچان ببینم، تاوەكو ئەمیتاب ببینم، بەڵام ئەمیتاب ئەوكات لە ئەڵمانیا بوو، بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ ئەمیتاب و شارۆخان كرد بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێك، ئەوانیش بەڵێنیان دا، ئەگەر جارێكی دیكە بچمەوە هیندستان قسە لەسەر بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە بكەین". سەبارەت بە نێوەڕۆكی فیلمەكەش، ناز گوتی "فیلمەكە باس لە رەوشی ژیانی پێشمەرگە دەكات لە ساڵەكانی 1970-1990 كە چۆن بەرامبەر دەسەڵاتی رژێمی بەعس جەنگاون".
ئەوەی بووەتە جێی سەرنجی هیندییەكان وەك ناز باسیكرد جلوبەرگی كوردییە "زۆر سەرسام بوون بە جلی كوردی، هەستیان دەكرد لە جلی خۆیانەوە نزیكە". ئەوەی بووەتە جێی داخباری نازیش چەوساندنەوەی ژنان بووە "چەوسانەوەی ژنان لەوێ زۆر خراپترە لە كوردستان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەوێ كچ بەئارەزووی خۆی هاوسەری ژیانی دەستنیشان دەكات".