1

بابه‌ت: گوڵم تاکەی دەرناکەوی

گوڵم تاکەی دەرناکەوی 
  *****
گوڵم تاکەی دەرناکەوی ببینم ڕەنگو ڕوخسارت
ئەسرین لەچاوانما نەما وا سوێم بۆوە بۆ دیدارت
هەمو تەمەنی لاوێتیم لە دوریتا بەزایە چو
وادەو پەیمان و بەڵێنت ئاکام هەموی سفر دەرچو
ڕووحم بۆتە  پرسەخانە دڵیش مۆڵگەی ئازارو ئێش
هەتا کۆسپێ تەخت ئەکەم سەد کۆسپیترم دێتە پێش
وەك تەنافی جاڵجاڵۆکە ئاڵۆزاوە  گرێی بەختم
بە غەیری دیداری چاوت بێچارەیە دەردی سەختم
لەو کاتەوەی دڵت بردوم گریانم کۆتایی نایە
تۆش پێم ئەڵێی هێشتا زوە کۆرپەی عەشقمان ساوایە
با وەکو مەجنون شێت نەبم بەجێی بێڵم خاکو زێدم
دە دەر کەوە  بابتبینم ئەی ئەستێرەکەی ئومێدم
********************
  ڕەوەند پەشێو