بابهت: چاوەڕوانی 6 گۆرانیی تازەی
چاوەڕوانی 6 گۆرانیی تازەی
گۆرانیبێژ (ئیسماعیل ڕەفعات) لە خۆئامادەكردندایە بۆ ئەوەی ئەلبوومێكی گۆرانی تۆمار بكات، بەڵام بە نیازە دوو گۆرانیی تۆمار بكات و ئەوانی دیكەیش بۆ كاتێكی دیكە دوا بخات.
لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” (ئیسماعیل) دەربارەی تازەترین كاری هونەری خۆی دەڵێت: “لە خۆئامادەكردندام بۆ ئەوی 6 گۆرانی تۆمار بكەم و لە ئەلبوومێكدا بڵاویان بكەمەوە، بەڵام بۆ قۆناغی یەكەم دوو گۆرانی تۆمار دەكەم و لە دواییدا گۆرانییەكانی دیكە تۆمار و بڵاو دەكەمەوە.”
(ئیسماعیل) دەربارەی ئەوەی ئاخۆ لەو 6 گۆرانییە هیچ ئاواز و هۆنراوەیەك خۆی دایناوە؟ ئەو دەڵێت: “بەڵی یەكێك لە گۆرانییەكان ئاواز و هۆنراوەی خۆمە و یەكێكی دیكەیش لە گۆرانییەكان لە ئاواز و هۆنراوەی (شوان بەكر)ـە برای گۆرانیبێژی كۆچكردوو (ئەردەلان بەكر) و ئەوانی دیكەیش میووزیكژەن (دیەم جەلیل) دایناوە.
(ئیسماعیل ڕەفعات) زیاتر لەسەر كارە هونەرییەكانی خۆی قسەی كرد و گوتی: “بە نیازم لە وڵاتی توركیا و سووریا كۆنسێرت ساز بكەم و دەمەوێت هەوادارانی دەنگم لەو دوو وڵاتە بەسەر بكەمەوە.” ئەو گۆرانیبێژە لە ڕێگەی ڕۆژنامەكەی ئێمەوە ئاگاداری خەڵكی دەكاتەوە، كەوا كەسێك بە ناوی ئەوەوە لە سایتی “فەیسبووك” قسە دەكات و وەڵامی خەڵك دەداتەوە و ئەو كەسە ئەو نییە و كەسێكی دیكەیە بە ناوی ئەوەوە قسە دەكات.
ههولێر
شۆخان بەرزنجی