بابهت: ئهكتهر كۆمیدی شهعبان:شاگردم له دوكانێك رۆژانه به 20 ههزار
ئەوەی لە دەرەوە دەواو دەرمانەو لەماڵەوەش سیرل و سەرەتانە. لە دووكانێكی سیدی فرۆشی بازاڕی لەنگە، بە كڵاوە توركییەكەیەوە دانیشتووەو خەریكی شاگردییە، ئەوەی لەو دووكانە بیبینێ بۆی دەگرێت و ئەوەی لە فیلمدا بیبینێ پێی دڵخۆش دەبێ. شەعبان ئەو ئەكتەرە كۆمێدییەیە كە خەرجی گیرفانی تەنها 5 هەزار دینارە.
لەو هەڤپەیڤینەی (رووداو)دا زیاتر باسی خۆی و كێشەكانی دەكات.
رووداو - هەولێر
رووداو: شەعبان كێیە؟
شەعبان: ناوم یەعقوب وەلی عەزیزەو بە(شەعبان) ناسراوم. لەساڵی 1975 لەكورانی جادەی مەخموور لە هەولێر لەخێزانێكی مامناوەندی لەدایكبوومە. خاوەن خێزانم، كوڕێك و كچێكم هەیە محەممەد و مەروە. تەنها تاوەكو پۆلی یەكەمی ئامادەییم خوێندووە.
رووداو: بۆچی؟
شەعبان: باوكم پێیباش بوو لەگەڵ براكانم كاربكەم. براكانم لە پیشەسازی باكوور فیتەر بوون، گوتی لەگەڵ ئەوان كار بكە بۆ ئەوەی ئایندەیەكت هەبێ. لە قوتابخانە زۆر زیرەك بووم. لەساڵی 2003 زوڵمێكی گەورەیان لێكردم، كاتێك ویستم بچمە قوتابخانەی ئێواران، بەڵام مامۆستایەك تەعەسوبی حیزبی هەبوو، پێیخۆش نەبوو بچمە قوتابخانەكەی، كاتێك چاوی بە من كەوت ئیتر گوتی ئەوە لە تەلەڤزیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی بووە، دیاربوو بە شێوەیەكی دیكە تەماشای كردم، ئەژدیها و وەحشێكی هاتە بەرچاو، بۆیە گوتی جێمان نەماوە، منیش گوتم ئەگەر خوێندن بەوشێوەیە بێت تفی لێ دەكەم. ئەگەر وەریانگرتبام ئێستا یان پارێزەربووم یان مامۆستا.
رووداو: ئارەزووت چ بوو؟
شەعبان: هەر لە منداڵییەوە هیوایەتم ئەوەبوو ببمە گۆرانیبێژ یان ئەكتەر. گەیشتمە ئەكتەری. هیچ كات حەزم لەوە نەبووە بەنێوبانگ بم. بەردەوام نێوبانگی بەدوامەوە بووەو هەوادارێكی زۆریشم هەیە.
رووداو: بۆچی نەبوویە گۆرانیبێژ؟
شەعبان: دەنگم زۆر خۆشە، ئەوكاتەی قورئان دەخوێنمەوە ئەگەر منداڵەكانم لەبەرامبەرم دانیشن ناتوانن نەگریێن. خۆشم زۆرجار گریاوم. لەگۆرانی گوتنیش بەهەمان شێوە، ئەگەر شوێنێكی باش هەبێ بۆ تۆماركردنی گۆرانی، لەزۆربەی ئەوانەی ئێستا بەخۆیان دەڵێن گۆرانیبێژ دەنگم خۆشتر و باشترە. ئەگەر گۆرانی بڵێم هەر گۆرانی رەسەن دەڵێم، نەك وەك ئەوانەی ئەگەر مۆسیقایەكەی ببڕی نازانی گۆرانیبێژەكە كوردە، عەرەبە، ئینگلیزە، نازانی چ دەڵێ.
رووداو: كێ هانیدای لە كاری هونەری بەردەوام بی؟
شەعبان : خەڵكی دەوروبەر و هاوڕێكانم هانیانداوم. زۆرجار لەماڵەوە پێمدەڵێن، تۆ بۆ خەڵكی دەرەوە دەواو دەرمانی، بۆ خۆشمان سیل و سەرەتانی، لەبەرئەوەی من عادەتێكم هەیە كە لە ماڵەوە دەبم دوو سێ كاژێر قسە ناكەم، كەم قسە دەكەم. بەڵام لەفیلمەكانم وا نیم. زۆر كەس هاتووەتە ئەو دووكانە كە منی بینیوە، بەس ماوە كلینكسێكی دەربێنێ و بۆ من بگریێت. من لەنێو فیلمەكانم شەعبانم، بەڵام لەدەرەوە یەعقوبم.
رووداو: جگە لە ئەكتەری چ دەكەی؟
شەعبان : ئێستا لە بازاڕی لەنگە شاگردم، رۆژانەكەم 20 هەزار دینارە، 15 هەزاری بۆ خەرجی ماڵەوەیە، 3000 دیناریش دەدەمە خواردنی خۆم، 2000ەكەش بۆ خەرجی خۆمە لەگیرفانم دەنێم. من خۆم لا گرنگ نییە هەر جلوبەرگێك بێت لەبەری دەكەم، گرانترین پێڵاو كە لە لەنگە كڕیبم بە5000 دینار كڕیومە، ئەوەی لەلای من گرنكە پاراستنی كەسایەتی خۆمە. ماوەی چەند مانگێكیشە نووسراوێكم بەمەبەستی دامەزراندن پێشكەشی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە، بەڵام وەڵامم نەدرایەوە. دامەزراندن بۆ خەڵكانی وەك ئێمە نییە، بۆ هەندێ خەڵك هەیە كە واستەیان هەیە، تائێستا 100 جار نووسراوم بردووەو پێشكەشیانم كردووە، چەند دەستی بە قرێژ و چڵكیشم ماچ كردووە، بەڵام سوودی نەبووە، لەساڵی 2004یش، دیسان ئەو نووسراوەم پێشكەشكرد بۆ ئەوەی داهاتوویەكم هەبێ و ببمە پاسەوانی بیری ئاو، بەڵام ئەوەشیان پێ رەوا نەبینیم، ئەگەر ئەمڕۆ پشتێكت نەبێ هیچت بۆ ناكرێ، من خۆم كەمئەندامم، پێی لای راستم هەر لەزگماگییەوە سەقەتە، بەكورتی بۆ دامەزراندن چاوەڕێ دەكەم بەڵكو رەحمی خوا لە ئاسمان بێتە خوارێ و بەشێكی بەر من بكەوێ و لە شوێنێك دابمەزرێم.
رووداو: دەڵێن دژایەتیت دەكرێ، وایە؟
شەعبان : بەڵێ زۆریش، لەهەموو روویەكەوە دژایەتیم دەكرێ . كاتی خۆی كە لە تەلەڤزیۆنی بزووتنەوە بووم، هەندێك لەوانەی ئێستا كۆمەڵن دژایەتیان دەكردم، هی واشیان هەیە زۆر رێزم دەگرێ، زۆر جاریش داوایان لێكردووم بچمە لایان و دەڵێن كەناڵەكەی كۆمەڵ هی خۆتە و بەس وەرە كارمان لەگەڵ بكە، بەس من ناچم، بەڵام خەڵكێكی نەفام هەیە لەناو لایەنە ئیسلامییەكان، زۆر فەقێ و مەلاش هەیە، بەخۆیان دەڵێن شوێنكەوتووی پێغەمبەر(د.خ)، بەڵام ئەوەی سیفاتی پێغەمبەر بێت تێیاندا نییە، ئەوانە دژایەتی من دەكەن بەناڕاستەوخۆ. هەندێ كەسیش بەڕاستەوخۆ دێت دژایەتیم دەكات پێیوایە من بوومەتە موڕتەد و جائیز نییە سڵاوم لێ بكات. لەنێو لایەنە عەلمانییەكانیش بەتایبەتی ئەوانەی لە دەسەڵاتدان، ئەوانیش خەڵكێكی نەفامیان تێدایە بەهەمان شێوەی لایەنە ئیسلامییەكان دژایەتیم دەكەن. شتێك دەبیستن بە بێ ئەوەی بەڵگەیان هەبێ جارانی سفرت دەكەن و توانجت لێدەدەن. لەهەمانكاتدا كەسانێك هەن لەنێو ئەو لایەنانە رێزی زۆرم دەگرن، جاری وا هەیە شەرم لەخۆم دەكەمەوە، بەرپرسی وا هەبوو ئۆتۆمبێلی پێبووەو چەند پاسەوانی لەگەڵ بووە، لە بەرامبەرم رایگرتووە، سڵاوی لێكردووم و داوای ژمارە موبایلی لێكردووم و گوتوویەتی حەزدەكەین خزمەتت بكەین.
رووداو: ئێستا هیچ فیلمت لەبەر دەستە؟
شەعبان : ئێستا خەریكی فیلمێكین لەگەڵ هونەرمەندان ئەیام ئەكرم و نەوزاد رەمەزان، كە كاك عەدنان عوسمان دەرهێنەریەتی، كاك عەدنان شەریفیش كە بەڕێوەبەری كەناڵی جیهانە خۆی سەرپەرشتی بەرهەمەكە دەكات. فیلمەكە نێوی (سوارەو چێڵەكەیەتی)، ئەو فیلمە وەكو فیلمەكانی دیكەمان نابێ، بە كوالیتییەكی بەرز و بەكامێرایەكی باش وێنەی دەگیرێ. فیلمەكە كۆمیدییە و باسی خەڵكی گوند دەكات كە واز لە كشتوكاڵ و بەخێوكردنی ئاژەڵ دێنن و بیر لەئۆتۆمبێل و ژیانی شار دەكەنەوە . وەك ئێستا كە تەڕەو ماستیشمان لە سوریا و توركیاو ئێرانەوە بۆ دێت.
رووداو: هەندێ كەس دەڵێن ئەو فیلمانەی ئێوە كاریگەری خراپی بۆ سەر منداڵان هەیە؟
شەعبان: بڕیارمداوە لەمەودوا شتی جوانتر بكەم، هێدی هێدی خۆم لەو كارانە بكێشمەوە كە كاریگەری خراپی بۆ سەر منداڵان هەیە، هەرچەندە ئەو فیلمانەی ئێمە بۆ منداڵان باشترن لەو فیلمە بیانیانەی لەكەناڵەكان پەخش دەكرێن، كە زۆر دیمەنی ناشیرینی تێدایە و لەگەڵ داوو نەریتی ئێمە ناگونجێن.
رووداو: لەهەر فیلمێكدا چەندت دەستدەكەوێت؟
شەعبان : 200 تا 400 دۆلارم دەستكەوتووە. كە بەشداری هەر فیلمێكی دەكەم مەرجی خۆم هەیە، كە رۆڵێكی بە دڵی خۆم هەبێت، رۆڵی سەرەكیم هەبێت یان 5 خولەك، گرنگ ئەوەیە كەسایەتی خۆم لە فیلمەكەدا بپارێزم و شتێكی جوان بكەم، تائێستا زۆرترین پارە كە لەرۆڵبینینم لەو فیلمانە بەدەستم كەوتووە 400 دۆلار بووە ئەویش لە فیلمی (ژانەسەر) بووە.
رووداو: پێتوایە رۆژێك دابێت بگەیە ئەو ئاستەی وەكو ئەكتەرە نێودارەكانی جیهان بۆ بەشداریكردن لە فیلمێك هەزاران و ملیۆنان دۆلار وەربگری؟
شەعبان: من ئێستا لەو ئاستەدام، بەڵام لەبەرئەوەی كەس پشتم ناگرێ، بۆیە منیش وەریناگرم. ئەگەر وەزارەتی رۆشنبیری 5%ی ئەوەی گرنگی بە هونەرمەندە بیانی و ئێرانییەكان دەدات، گرنگی بە ئێمە بدات، بەخوای ئێمەش بەنێوبانگ دەبین و خەڵك رێزمان دەگرێ. بەڵام ئێمە گرنگی بە هونەرمەندی خۆماڵی نادەین، وەكو تور و تەڕە پیاز و مۆزمان لێهات، ئیلا دەبێ لەوڵاتانی دەرووبەر بێت، تامی شتی خۆمان ناكەین. بەداخەوە كورد زۆر بێگانە پەرستە. ئەو وەزارەتە یەكجار ئێمەی بانگ نەكردووە لەگەڵمان دابنیشێ. ئەگەر پشتت هەبێ تۆ هونەرمەندێكی نەك عادل ئیمام، سەدی وەكو ئەو ناگاتە ئەژنۆت، بەڵام ئەگەر پشتت نەبوو هیچ نیت.
رووداو: تائێستا بەشداری چەند فیلمت كردووە؟
شەعبان : لەساڵی 1991ەوە كاری هونەریم دەستپێكردووەو نزیكەی 80 فیلمی كۆمێدیم هەیە جگە لەو بەرنامە تەلەڤزیۆنییانەی پێشكەشم كردوون.
رووداو: تائێستا كێ دەستخۆشی لێكردووی؟
شەعبان: عەرەب هەیە لەرۆمادییەوە هاتووە لێرە وێنەی لەگەڵ گرتووم، لەموسڵ و كەركووكەوە هاتوون، خەڵك لەكەنەدا و سویسراو ئوستراڵیا و هۆڵەندا هاتووە فیلمەكانی ئێمەی بینیوەو نێوچەوانی ئێمە ماچ دەكات، دەڵێن منداڵەكانیشمان لەبەر خاتری ئێوە فێری زمانی كوردی بوونە. كابرا منداڵی بیانییە تەماشای فیلمەكانی ئێمە دەكات. خێزانێكی هۆڵەندی هاتبوونە ئێرە، كابرا بۆخۆی كوردبوو، ژنەكەی هۆڵەندی بوو، منداڵەكانی كەمێك كوردییان دەزانی، خێزانەكەی منی ناسییەوەو زۆر دەستخۆشی لێكردم، گوتی منداڵەكانمان لە فیلمەكانی ئێوە كوردی فێر بوونە. بەڵام لێرە گرنگیمان پێنادرێ نازانم بۆچی؟!.
رووداو: بۆچی بزووتنەوەی ئیسلامیت بە جێهێشت؟
شەعبان: من سەر بە هیچ لایەنێك نیم، بەڵام لەهەموو لایەنەكان برادەرم هەیە، من پێشتر كە لە بزووتنەوەی ئیسلامیش بووم، وەكو كەسێكی هونەری لەوێ بووم، وەكو سیاسییەك لەوێ نەبووم، ئەگەر وەكو سیاسەتكارێك لەوێ بام ئێستاش وازم نەدەهێنا. هەر كاتێك شەعبان مۆنیكای هاژۆشت ئەوكات بزانن سەر بەلایەنێكم.
رووداو: رۆژنامە دەخوێنییەوە؟
شەعبان : ئەگەر رۆژنامەو كتێب نەخوێنمەوە سەرم دێشێت، هەر كاتێك هەست بە ژانەسەر بكەم ئەو رۆژە رۆژنامەم نەخوێندووەتەوە.
رووداو: چ وەرزشێك دەكەی؟
شەعبان : سەیركردن و چاوگێڕان، چاویش وەرزشی خۆی هەیە كە سەیری ئەولا و ئەملا دەكەی، مرۆڤ هەمووكات بەدوای شتە جوانەكاندا دەگەڕێت، جا هەر لەئۆتۆمبێلی جوان، خانووی جوان، پاركی جوان، ئافرەتی جوان، پیاوی جوان، مرۆڤ بەدەستی خۆی نییە ئەو شتەی جوان بێت سەیری دەكات، عاشقی هەموو جوانییەكم.
رووداو: پێش ئەوەی ژیانی هاوسەری پێكبێنی خۆشەویستیت كردبوو؟
شەعبان: هەر مرۆڤێك خۆشەویستی نەكردبێ و عاشق نەبووبێ، لەژیان تێنەگەیشتووەو تامی نەكردووە، من دوو سێ جار عاشق بوومە، بەڵام ئەوەی پەیوەندیم لەگەڵ نەبووە ئەو سەری گرتووە، ئەو دوو سێ جارەش تەنیا بەنیازی هێنان بووە.
رووداو: قەت داوات لێكراوە بچیتە دەرەوەی كوردستان و لەوێ بەشداری فیلمێك بكەی؟
شەعبان : زۆر داوام لێكراوە، بەڵام من خۆم لەڕووی داراییەوە باش نیم و قەرزدارم، لەبەر قەرز نازانین قوڕی كوێ بەسەر خۆمان بكەین، بۆیە ناتوانم ئێستا بچم، بەڵام ئەگەر بۆم رێككەوێت دەچم.
رووداو: كێشەی تۆ و سەندیكای هونەرمەندان چییە؟
شەعبان: من ناسنامەی رێكخراوی هونەرمەندانم هەبوو، چووم بۆ ئەوەی نوێی بكەمەوە، جارێك چووم وەزیری رۆشنبیری ببینم گوتیان نابێ، بۆیە داوا لە كاك نەوزاد هادی دەكەم وەكو پارێزگاری هەولێر و باوكی هەولێرییەكان، كە لەو رووەوە یارمەتیم بدات، چونكە مافی خۆمە، ئەگەر بكرێ ناسنامەی رێكخراوی هونەرمەندانم بۆ بگەڕێننەوە، دوو ساڵ پێش ئێستا چووم نوێی بكەمەوە، لەكاتێكدا بەردەوام بووم لەكاری هونەری و ئەرشیفیشم بۆ بردن، بەڵام گوتیان كارەكانت پەسەند نەكرا و ناسنامەكەیان پێنەدامەوە. بەڵام هەندێ كەس هەن ئەو ناسنامەیەیان هەیە كەچی 5 كەس لە كۆڵانی خۆیان نایانناسن، تەنانەت قەساب و نانەواش جگە لەوەی ئەو ناسنامەیەیان هەیە رێزلێنانێكی باشیشیان پێدەدرێ، پێویستە حكومەت بەوەدا بچێتەوە.
رووداو: چ داوایەكت لە وەزارەتی رۆشنبیری هەیە؟
شەعبان : ئەگەر داواشم هەبێ، وابزانم وەڵامم نادەنەوە، بۆیە هیچ داوایەكم نییە، بەڵام داوا لە سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم ئەگەر بە خێر زەكاتی ئەو 19 ساڵەم بدەنێ و دابمەزرێنن، زۆر مەمنوونیان دەبم، وابزانن زەكاتیان داوەتە كەسێكی هەژار یان سواڵكەرێك.
--------------------------------------------------------------------------------