بابهت: (-( بـــۆنــی گـــریـــانـــم گـــرتــــووه ! )-)
[size=20]
بۆنى گریانم گرتووە
سەیرە کە دەژیم و لە مردوو دەچم
سەیرە کە پێدەکەنم و نۆتەى گریان لە گەرووم دێتە دەرێ
سەیرە کە دەمەوێ شتێک بنوسم و نابێتە هیچ
جگە لە دڵۆپە ئەشک و
بەسەر گۆناى خۆم و شیعرەکانمدا دێنە خوارێ
من ئەم گریانەم پێ تەفسیر ناکرێ
هەروەکو چۆن
خەون و خەیاڵ و حیکمەتەکانى ئاوم بۆ تەفسیر نەکرا
من ئەم هەموو ئازارو خەمەم بۆ ئەژمار ناکرێ
هەروەکو چۆن ئەستێرەکانم بۆ ئەژمار نەکرا
لە پەناگەى ئەم گریان و ئازارانە
حەقیقەتم لێ تاڵ بووە و مومارەسەى مردنێک دەکەم
تا ئیدى
قەڵەمەکەم بەردەوام فرمێسک نەنوسێتەوە و
وشک نەکات
حەرفەکان لێڵ ببن و
حونجە نەکرێن
ژین پێم پێبکەنێ و منیش بگریم..
بە ژمارەکانى هەنسک تەمەنم کۆى پێکەنین کرد و
دابەشى گریانم کردەوە مایەوە هیچ
ئاخر خودایە
هێند گریاوم
لە دوورەوە بۆنى گریانم دەکەن
نازانم.. حیکایەتى ئەم گریانە بێ سنورەم لاى کێ باس بکەم
خەونى ئەم فرمێسکانەم
بۆ چ ئاوێکى بگێڕمەوە
نەشئەى ئەم هەمو هەنسکەم
تەزو بە جەستەى چ قەدەرێکدا دێنێ
خودایە
قەرار بوو
(حیکمەتەکانى گریان لاى ئەو ئاشکرا بکەم
داستانى فرمێسکى بۆ بگێڕمەوە و
گینگڵى هەنسکى بۆ بدەم)
کەچى خۆیشم
سەر لەم هەموو نوزە نوزەم دەرناکەم
لە نیشتمانى منداڵیمدا هەر گریانم دەزانى و
هیچى دى نا
لە گەورەبوونیشمدا هەر گریان دەزانم و
هیچى دى نا
لە بۆشایى خۆمدا دەخولێمەوە
زاکیرەم خاڵیە لە هەموو شتێک و
پڕە لە گریان
حەقیقەتم نابەڵەدە بە خۆم و
شارەزایە بە گریان
نازانم00 تاکەى قاوە بۆ پێکەنینە ونبووەکانم بگرمەوە
کە گریان نەهێڵێ جگە لە خۆى
هیچ لە فنجانى قەدەردا بخوێنمەوە
* ئــاوێـزان نــووری
[/size]