بابهت: هاندەر بە شەرتی دەببەهاویشتن!
[size=24]
نووسینی : مامەیارە ئەحمەد
یاریگا نێت
منیش دەزانم تاوانی یانەی هەولێر نییە كە خاوەنی هاندەری “دەببەهاوێژ”ـە، بەڵام خۆ دواجار ئەو یانەیە خاوەنی ئەو هاندەرانەیە، من لە مێژ بوو نەچووبوومە یارییەكانی هەولێر، بەڵام چوونی ئەمجارەیشم، بۆی دەرخستم كە هیچ لە بابەتەكان نەگۆڕاون و هەمان ئەو هاندەرانەمان هەن، كە بەردەوام یاریگە پڕ دەببەی پڕ و بەتاڵ دەكەن.
من دڵنیام ئەگەر یانەی هەولێر بیبردباوە، نیو دەببەی قوپاویش نەدەچووە نێو یاریگە، بەڵام هەر كە شوڕتە تەقەی كرد! مەبەستم هەر كە شوڕتە گۆڵی كرد، ئیتر بووە جەژنی دەببەهاوێژان. ئەوەی جێی پێكەنینە، نزیكەی 1000 دەببە فڕێدرایە نێو یاریگەی فڕەنسۆ هەریرییەوە، كەچی هێزەكانی دابینكردنی ئاساییش، تەنیا كەسێكیان قاچگیر كرد (ئەوە نەگبەتییە!).
یەكەمجارم بوو گوێم لێ بێت، هاندەرانی هەولێر چەپڵە بۆ تیپی بەرانبەر لێ بدەن و ناویان بهێنن، بەڵام دەببەوەشێن و شتتێگرەكان، ئەو چاكەیەیان هەر زوو شۆردەوە. (خوا لە خێری دەرنەكات!)
یانەی هەولێر، بەو هەموو گەورەییەیەوە دەتوانێت لە بەر دەرگا بەربەست بۆ ڕۆژنامەنووسان دروست بكات (جگە لە ڕِاگەیاندنەكەیان) بەڵام ناتوانێت مەنعی دەبببەی هێسكگرانی ئاوە خڵتاوییەكە بكات، كە هەمیشە بووەتە لەكەداركردنی ناوی پایتەختەكە دڵگیرەكەمان.
ئەوەی سەرنجكێش بوو، لەو كاتەی هێشتا چەند خولەكێك یاریی مابوو، من چوومە لای یاریزان (یوونس شكوور) بەو مەبەستەی میوانداری بكەم، كە یەكێكە لە نزیكترین هاوڕێ وەرزشی و ناوەرزشییەكانم، بەڵام خێرەومەندێك (بێ ئەوەی ئاگام لێ بێت) لە ناو هاندەرانەوە دەببەیەكی نیمچەپڕی پێوە نام و سوپاس بۆ خودا بە جوانی ئامانجەكەی پێكا و تەققەی لە پشتم هەڵساند! كە نازانم چاكەی ئەو دەببەهاوێژە چۆن بدەمەوە.
خەیاڵ مەبەن بەوەی ئەو دەببەیەی بەرم كەوت، هۆكار بێت بۆ ئەم نووسینە، بەڵكوو گەرەكمە بڵێم تا یانەی هەولێر مابێت، هاندەری دەببەهاوێژی دەمێنێت، ئەوجا خۆشیان بێت یان ترش، ئەگەر ئەم قسەیەیشان پێ ناخۆشە، با لە یارییەكانی داهاتوودا ئەو دیاردەیە بنبڕ بكەن، بەڵێن بێت ئەزیش پەشیماننامەیەك بنووسم.
تا دەببەهاوێشتنێكی تر، بای.[/size]